جدیدترین

لێبوردنی نێونەتەوەیی: بەرگریکردن له دەستپێڕاگەیشتنی زەینەب جەلالیان به خزمەتگوزاریی دەرمانی، نموونەیەک لە ئەشکەنجەیە

لێبوردنی نێونەتەوەیی: بەرگریکردن له دەستپێڕاگەیشتنی زەینەب جەلالیان به خزمەتگوزاریی دەرمانی، نموونەیەک لە ئەشکەنجەیە

ژنان:  بە پێی هەواڵێکە لە ماڵپەری کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد، کە چارەسەرییە پزیشکییەکان لە دەرەوەی زیندان بۆ زەینەب جەلالیان دابین بکەن.

 

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆیییه ڕایگەیاندووه: بەرپرسانی ئێران به پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی زەینەب جەلالیان به خزمەتگوزاریی پزیشکی، ئەو زیندانییە ژنەیان ئەشکەنجە داوە. بارودۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان لە زیندانی "خۆی" لە پارێزگای "ورمێ" بەرەو خراپتربوون دەڕوات و دەوترێ کە ناوبراو تووشی نەخۆشیی دڵ و چڵکی دەم و ددان بووە.

 

لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها دەڵێ: ئەم زیندانییە کوردە لە حاڵێکدا حوکمی ناڕەوای زیندانی خۆی تێپەڕ دەکات کە نەخۆشە و لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو بێبەرییە. لە سێ مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی پزیشکیی زیندانی "خۆی" داوایان کردووە، کە ناوبراو به هۆی چڵکی لەڕادەبەدەری دەم و ددان و وەرگرتنی چارەسەر لە زیندان بڕواتە دەرەوە، بەڵام داواکارییەکەیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕەت کراوەتەوە و ئەمنییەتی بوونی دۆسییەکەیان به هۆکاری ئەم ڕێگریکردنە ناو بردووە.

 

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆیییه، داوای لە بەرپرسانی رێژیم کردووە، کە به زووترین کات چاوەدێرییە پزیشکییە پێویستەکان وەک نەشتەرگەری چاو و دەرمانی ددان لە دەرەوەی زیندان بۆ زەینەب جەلالیان دابین بکات و ناوبراو لە ئەشکەنجە و ئەنجامدانی کردەوەی ناشیرین سەبارەت به پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی به چاوەدێریی پزیشکی بپارێزێت.

 

لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی لە سەر ئازادیی بەپەلەی ئەم زیندانییە سیاسییه کوردە و دابینکردنی مافی قەرەبووی خەسارەکان کردووەتەوە و وتوویە: ئەبێ لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە، سەربەخۆ و بێلایەنانە سەبارەت به سکاڵا پێوەندیدارەکان به جۆرەکانی ئەشکەنجە و ئەو کردەوە ناشیرینانەی کە بەرانبەر بە زەینەب جەلالیان ڕووی داوە بکرێت و هەموو ئەو بەرپرسانە بە شێوەی ڕەوا دادگایی بکرێن.

 

زەینەب جەلالیان خەڵکی شاری "ماکۆ"یە و لە ڕەشەمەی ساڵی ٨٦دا، لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا. دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران ناوبراوی به تاوانی "محاربه" و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا سەرەتا به لەسێدارەدان و دواتر به زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد.