جدیدترین

رۆل و پێگەی ژنی كورد لەقۆناغی ئەمرۆیی خەباتدا

رۆل و پێگەی ژنی كورد لەقۆناغی ئەمرۆیی خەباتدا

دارا ناتق


هەر وەكوو بۆ گشت لایەك رون و ئاشكرایە كە بە تێپەرینی زەمەن و خەبات و تێكۆشانی بێ وچانی ژنانی مافخوازی كورد لە كۆمەڵگای كوردستاندا، كە لە پێكهاتەیەكی فیودالی و عەشیرەتی و خێلەكیی پێك هاتبوو و كاراكترە سەرەكییەكانی ئاغا و شێخ و مەلا بوون كە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان بریاریان دەدا و تاكی كۆمەڵگای كورد بە ژن و پیاوەوە گرێدراوی ئەو تایبەتمەندییە بوون، رۆل و پێگەی ژنانی ماف ویستی كورد و بزووتنەوەی ژنانی كوردستان بە گشتی لە بوارەكانی زانستی، كولتووری، ئابووری، سیاسی، كومەلایەتی دا گورانكاریی زۆری بە سەر دا هاتووە و گەشەی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە.


ئەمرۆ لە هەمووكات زیاتر هەست بە رۆل و كاریگەری ژنانی كورد لە ڕەوتی خەبات و تێكۆشانی سیاسی و خەبات بۆ دادپەروەری كۆمەلایەتی و ئازادی و نەهێشتنی كولتووری پیاوسالاری دەكرێت. خەباتی ژنانی كورد لە پێناو بەدەست هێنانی مافی چارەنووسی كورد شان بە شانی پیاوان و بە شێوەیەكی پراكتیكی بەردەوامە.

بەرخودانی ژنانی كورد لە زیندانەكانی باكوور و رۆژهەلاتی كوردستان و هەروەها بزووتنەوەی فەعالی ژنان لە ئاست كوردستان بە گشتی و خۆ پالاوتن و بوونیان لە نێو پارلەمان و بەرێوەبردنی ئۆرگانیزاسیۆنی ولات و ئیدارە كردنی حیزب و سەرۆكایەتی كردنی رێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان و دەرو و كارگەرییان لە ئاست میدیا و جیهانی زانست و تیكنۆلۆژیادا، دەرخەری ئەو راستییەن كە ئاستی رۆشەنبیری و زانستی ژنان بەرەوپێشچوونی بەرچاو و خێرای بە خۆیەوە بینیوە و ژنانی كورد بۆنەتە كاراكتەری سەرەكی نێو بزووتنەوەی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابووری كۆمەڵگای كوردستان.


لە هەموویان گرینگتر خەباتی ئەم دوایانەی ژنان و كچانی كورد لە سەنگەرەكانی پێشەوەی خەبات بە دژی تیرۆریستان و بەرگیریكردن لە خاك و نیشتمانی كورد بوو كە جارێكی دیكە برگەیەكی گرینگی مێژووی كوردیان بە خوێنی خۆیان نووسی و تاجی نەبەزییان نایە سەری هەر كوردێكی ئازادیخواز. بێگومان بەشداری قارمانانەی ژنانی كورد لە شەڕی دژی تیرۆریستانیداعش دا، بوو بە جێی سەرەنجی كۆمەڵگای نێودەولەتی و بووە هۆی ئەوە كە جیهان تەماشای ژنی كورد بكات كە تا دوێنێ بەوە ناسێندرابوو كە لە سەر نامووس دەكوژرێت، بەڵام ئێستا لە سەر شەرەفی دونیا خەبات دەكات و شەرەف و كەرامەتی دونیا دپارێزێت. ژنانی كورد ئەمرۆ بوونەتە سەمبۆلی بەرخۆدان و خۆراگری و پاراستنی خاك و نشتیمانی گەلەكەمان. بزووتنەوەی ئەكتیڤ و چالاكی ژنانی كوردستان بە بەردەوام بوون لە سەر ڕەوتی خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازی و مافخوازانەیان، بوون بە گەرووی پڕ لە هاواری ئازادیخوازانەی گەلی ماف پێشلكراوی نەتەوەیی كورد و داینامۆی شۆرشێكی مۆدێرن و یەكسانیخواز لە كۆمەڵگای كوردستاندا. خەبات بو ئازادی كوردستان و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئاساری كولتووری پیاو سالاری و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و جێگیر كردنی دادپەروەری كۆمەلایەتی، قۆرسایی زیاتری خەباتییان خستووتە سەر شانی ئەو بەشە لە نیوەی كۆمەڵگا كە بە حەق بە تەحەمول كردنی هەموو ئەو ئاسەوارە ناخۆشانە و كوسپ و ئاستەنگەكانی سەر رێگایان، خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازانەیان بەردەوام كردووە و بوون بە سەمبۆلی بەرخۆدان و ئازادی لە ئاست جیهان بە گشتی دا.