بەرنامە و پێرەو

بەرنامە و پێرەو

بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسندکراوی کۆنگرەی سێهەم

١١و١٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی

بەسەرنجدان و لێکۆلینەوە لە مێژووی ئالووگۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بۆمان دەردەکەوێ کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ بوونی جیاوازیی فەرهەنگ و شارستانیەت و داب و نەریتەکان، بە شێوەی جۆراوجۆر ستەم بە ژنان رەوا بینراوە، بەڵام لە رەوتی پێشکەوتنی وڵاتان و کۆمەڵگاکان لە بواری کۆمەڵایەتی ، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی و تەنانەت پیشەسازی و تکنۆلۆژی و زانیاریدا، قوناغ بە قۆناغ بواری هەبوونی مافی زیاتر بۆ ژنان رەخساوە و لە رادە و ئاستی نایەکسانیەکان کەم بۆتەوە.

لەو کاتەوە کە مرۆڤ هاتۆتە سەر ئەم جیهانە، بۆ ئاسایش و مانەوی خۆی و ژیانێکی باشتر و دادپەروەرانەتر لەهەوڵ و خەباتدا بووە. ژنانیش وێرای ئەوە کە بۆ ئامانجە گشتیە مرۆڤایەتیەکان هەوڵیانداوە و تێدەکۆشن، لە پێناوی گەیشتن بە ماف و ئازادییە تایبەتییەکانی خۆشیاندا تێکۆشاون. لە ئاکامی خەباتی بێپسانەوەدا، هەر ئێستا ژنان لە هێندێک وڵاتی جیهاندا بە بەشێک لە مافەکانیان گەیشتوون و توانیویانە لە ناو کۆمەڵگەی خۆیاندا زیاتر لە جاران جێگای خۆیان بکەنەوە  و هاوتای پیاوان لە بەرێوەبردنی وڵاتی خۆیاندا بەشداری بکەن و هەروەها لە وڵات و کۆمەڵگاکانی تریش خەبات بۆ وەدەستهێنانی ویست و داخوازەکانیان هەروا درێژەی هەیە.

گومانی تێدانیە کە ئەو خەباتە رەوا و عادڵانەیە سەرئەنجام سەردەکەوێ و درەنگ یان زوو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەسەر هەڵاواردنی رەگەزی دا زاڵ دەبێ. ئەگەر نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان بە دژی ماف و ئازادییەکانی ژنان بوون، رێژیمە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکانیش رەوتی چەوساندنەوەی ژنانیان توندتر کردووە و بە هەموو ئامراز و رێوشوێنێک بەربەرستیان لەبەردەم رەوتی وشیاربوونەوە و ماف و ئازادی ژناندا دروستکردووە. نموونەیەکی ئەو رێژیمە کۆنەپەرستانە کە لەم سەردەمەدا لە دڕندانەترین شێوەکانی چەوساندنەوەی ژنان کەڵک وەردەگرێ رێژیمی ئیسلامی ئێرانە. ئەم رێژیمە بە کردوە نیشانی داوە کە دەیهەوێ ژنان بگەرێنێتەوە نێو دونیای تاریک و بێدەنگی سەدەکانی نێوەراست. رێژیمی ئاخوندی لەو پێوەندییەدا بەرادەیەک ستەمکارانە جووڵاوەتەوە و دەجوولێتەوە کە تەنانەت ئابڕووی بۆ سەرەڕۆترین حکوومەتە ئیستبدادییەکانیش کڕیوەتەوە.

 

ژنانی ئێران کە لەباری فەرهەنگی و خەباتگێرییەوە خاوەنی کارنامەیەکی پرشنگدار و پڕ لە فیداکاریین، هیچکات سەریان بۆ سیاسەتی کۆنەپەرستانەی رێژیم نەوی نەکردووە و بەهەر شێوەیەک بۆیان کرابێ ناڕەزایەتی خۆیان لە داسەپاندنی ستەم و زۆردارییەکانی رێژیم دەڕبریوە. ژنانی ئێران چ بە بەشداریکردن لە خەباتی گشتیی کۆمەڵایەتیی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسیدا و ج پێکهێنانی رێکخراوەگەلی تایبەتی ژنان و خەبات لە پێناوی وەدەستهێنانی مافە تایبەتییەکانی خۆیاندا نیشانیانداوە کە دەیانهەوێ شەوزەنگی تاریکی شەق بکەن و لە ئاسمانی ساماڵی ژیاندا باڵ لێک دەن. هەر ئێستا بەهۆی خەباتی لێبراوانەی ژنان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ رێژیم تا رادەیەک ناچار بە پاشەکشە کراوە.

لە کوردستانی رۆژهەڵات دا بۆ یەکەم جار لەدەورانی شکۆداری حکوومەتی کۆماری کوردستاندا رێکخراوێکی تایبەتی ژنان دامەزرا و دەستی بە تێکۆشان کرد. ئەو رێکخراوە بە ناوی" یەکیەتی یایان" دەستی بەکار کرد و دوای بە ناوی "یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران" پێی نایە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانەوە و هەوڵدان بۆ دابینکردنی مافی بەرامبەر لەگەڵ پیاوان، وێرای تێکۆشان لە پیناوی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانیدا کردە بەرنامەی کار و تێکۆشانی خۆی.

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا، لە هەلوومەرجێکدا پێک هات کە کۆمەڵگەی کوردستان، لە دەورانی دەرەبەگایەتی بوو، لە دەورانێکدا کە بە پێی تایبەتمەندییەکانی، ژنان لە کەمترین مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بێ بەش دەکرد. بەو حاڵەش لە فەزایەکی دیمۆکراتیکدا کە کۆماری کوردستان پێکی هێنابوو، ژنانی کورد توانیان لە دەوری خۆیان کۆببنەوە و رێگا چارەی گونجاو بۆ گیروگرفتەکانیان بدۆزنەوە.

دوای تێکشانی کۆماری کوردستان و بە تایبەتی دوای کۆدیتای ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی بەدژی دەوڵەتی قانوونی "موسەدق" و زاڵبوونی دیکتاتۆری پاشایەتی بەسەر ئێراندا، بۆ ماوەیەک تێکۆشانی یەکیەتی ژنان تووشی وەستان هات، تا سەرنجام لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا بە هۆی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی پڕشکۆی خەڵک سەرلەنوێ لە کوردستان و ئێراندا دەرەتانی تێکۆشانی ئازادانە بۆ ژنان رەخسا. بەکەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرلەنوێ خەباتی ئاشکرای خۆی دەستپێکردەوە و لە ماوەیەکی کەمدا توانی بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە و هەروەها ئەو ئاڵووگۆرەی کە بەسەر پێکهاتەی کۆمەڵدا هاتبوو ژنان بە شیوەیەکی بەرچاو لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. هەر بۆیەش توانی لە بواری وشیارکردنەوی ژناندا رۆڵی گرنگ بگێڕێ و بە شێوەیەکی بەرچاو بیانکێشێتە مەیدانی خەباتەوە.

لەو پێوەندییەدا نابێ رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لەبیر بەرینەوە، کە وەک حیزبی پیشەنگی بزووتنەوی خەڵکی کوردستانی ئێران هیچکات لە یارمەتیدان بە یەکیەتی ژنان کەمترخەمی نەکردوە.

ئێستا ژنان بەداخەوە لە ژێر گوشاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەرەتانی خۆنواندن لە زۆر بواری کار و تێکۆشانی نێو کۆمەڵگایاندا نیە. بەو حاڵەش لە بەرانبەر رووداوەکاندا بێلایەن نین و بەرانبەر بە چارەنووسی خۆیان و نەتەوەکەیان هەست بە بەرپرسیاریەتیەکی زۆر دەکەن. هەر ئەوە کە لە قۆناغی ئەم دواییەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا ژنان فیداکارییەکی لە  رادەبەدەریان نواندوە، نیشانەی ئەو راستییەیە. هەتا ئێستا نە نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە مافەکانی خۆی گەیشتووە و نە ژنانی ئێرانیش توانیویانە بە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بگەن و مافی هەبوونی مافیان هەبێت ، هەر بۆیە خەباتی ژنان لە کوردستان بۆ گەیشتن بە هەردوو مەبەستی سەرەوە هەروا درێژەی هەیە و بێگومان هەتا سەرکەوتن لەگەڕ ناکەوێ، لەو پێوەندییەدا یەکیەتی ژنان هەوڵدەدا خەباتی ژنانی کوردستانی ئێران بە شێوەکی گونجاو  و لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای جیهان و وڵاتەکەمان رێک بخاو و بەرەوپش بەرێ و بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی دیمۆکراتیک وەربگیرێت.

بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەرکی ئەم قۆناغە تا سەرکەوتن و دەسپێکی خەباتی ئاشکرا"

یەکیەتی ژنان بەمەبەستی ئاشناکردنی ژنانی کوردستان بە هەموو ماف و ئازادییەکانیان و بۆ وەدستهێنانی ئەو ماف و ئازادییانە خەباتێکی ئوسوولی و لێبراوانە بەڕێوە دەبا. لەو پێوەندییەدا هەوڵ دەدا لە یارمەتی و هاوکاریی هەر کەس و دامەزراوەیەکی دێموکرات و پێشکەوتنخواز کەڵک وەرگرێ کە دەستی یارمەتی بۆ درێژبکا. بە تایبەتی یەکیەتی ژنان بە چاوی رێزەوە دەڕوانێتە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەمبەر پرسی ژنان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە چوارجێوەی ئێرانێکی فیدراڵ و دێموکراتیکدا.

ئامانجە سیاسیەکانی یەکیەتی ژنان پشتگیری کردنی شێلگیرانەی جووڵانەوی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە پیناو سەربەستی و مافی چارەنووسی خۆیدا هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوی یەکسانیخوازانەی ژنی کورد، کە لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەڵاڵە کراون.

لەقاودانی سیاسەت و هەڵوێستی زاڵمانە و هەڵاواردن و رەفتاری سەرکوتکەرانەی رژیم بەرانبەر بە ژنان و پەردە هەڵماڵین لەسەر رەفتاری فاشیستی ریژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران. و دەستەبەرکردنی مافی هەبوونی مافی یەکسانی سیاسی بۆ ژنان و بەشداری کارا و شوێندانەر و راستەقینە لەسەر سیاسەتە گشتی و تایبەتیەکانی وڵات.

 

ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی یەکیەتی ژنان وەدستهێنانی مافی بەرامبەر لەگەڵ پیاوان بۆ ژنانی کۆمەڵگەی کوردەواری و لە نێوبردنی ئەو زۆڵم و زۆرەیە کە لە کۆنەوە بەسەر ژنان داسەپاوە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە یەکیەتی ژنان پیشەکی هەوڵ دەدا ئەم ئامانجە سەرەتایی و کورت خایەنانە دەستەبەر بکا:

• هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەستی باوەربەخۆ و هاندانی ژنان بۆ بردنەسەری پلەی خوێندەواری و تێگەیشتنی سیاسی ، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی.

• هاندان و پاڵپشتی ژنان بۆ کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و بەدەستهێنانی سەربەخۆی ئابووری بە مەبەستی دابینکردنی ژیانی باشتر بۆ بنەماڵەکەیان

• وشیارکردنی ژنان لە بواری مافە رەواکانیان و هاندانیان بۆ هەوڵدان لە پێناوی وەدست هێنانیدا و هەروەها هەوڵدان بۆ لەنیوبردنی هەرچەشنە داب و نەریتێکی دزێوی کۆمەڵگەی کوردەواری و هەرچەشنە جیاوازییەک کە پیش بە دابین بوونی مافی ژن و یەکسانی ژن لە گەڵ پیاو دەکرێ.

 

• تێکۆشان بۆ لەنێوبردنی بیر و بۆچوونی دواکەوتووانە و هەوڵدان بۆ سرینەوەی هەرچەشنە فەرهەنگی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردستان.

• هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگە لە پرۆسەی دیمۆکراسی، بە تایبەت بۆ تێگەیشتن لە رۆڵ و کاریگەری ژنان لە پرۆسەی سیاسی و دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا.

•           هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ رێکخراوە دیمۆکراتیەکانی ژنان لە بواری ناوخۆیی ، ناوچەیی و نێونەتەوەیی کە بۆ رزگاری ژنان و مافی یەکسانی تێدەکۆشن.

•           ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی بنەماڵە لە ئاکامە خراپەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی وەکوو لێدان و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی.

•           رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دیالۆگ، تێکۆشان و توێژینەوە لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، مێژوویی، سیاسی و ... لەگەڵ حیزب، زانکۆکان و رێکخراوەکانی نێوخۆی ولات و NGOەکانی تری سێکۆلار کە باوەڕیان بە مافی یەکسانی هەیە و هەروەها هەوڵدان بۆ بە ئەندام بوون لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە ژنان و مافی مرۆڤ.

•           هاندان و پاڵپشتی ژنان بۆ خەبات دژی چەوسانەوە و هەروەها بەشداریی سیاسی ژنان بۆ بەدەست گرتنی بەرپرسایەتی، بەشداری کردن لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵگە و چالاک بوون لە هەڵبژاردنەکاندا چ وەک دەنگدەر و چ وەک کاندید.

•           رێخۆشکردن بۆ دابینبوونی مافی یەکسان و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە شێوەی کۆتا بۆ بەشداری کارا و شوێندارنەر لە نێو سەرجەم دام و دەزگاکانی حکوومەت و رێکخراوەکاندا.

•           یەکیەتی ژنان پشتیوانی دەکات لە ژنانی چالاک و رێکخراوەکانی ژنانی ناوخۆی وڵات کە بۆ وەدستهێنانی مافی هەبوونی ماف بۆ ژنان و یەکسانی، ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری خەبات دەکەن.

•           وەدستهێنانی پشتیوانی پیاوانی دێمۆکرات و پێشکەوتنخواز لە بزوتنەوەی ژنان بۆ ماف و ئازادییەکانیان و مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

•           بە لەبەرچاوگرتنی گرینگیی پرسی یەکسانی ژن و پیاو، ئەو ماف و ئازادییانەی مرۆڤ، کە لە بەییانامەی جیهانی مافی مرۆڤ، پەسندکراوی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتوون و لە پەیماننامە و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی دیکەشدا پێداگری لەسەر کردووە، یەکیەتی ژنان دەیهەوێ هەموو بەندەکانی ئەو بەیاننامە بەڕێوەبچن. هەروەها داوادەکا هەموو بەندەکانی رێکەوتننامەی لابردنی ئاپارتاید لەسەر ژن کە لە ساڵی ١٩٧٩ی رایینی لەلایەن کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسندکراوە، بەتەواوی بەرێوەبچن. تەنیا بەلەبەرچاوگرتن و بەڕێوەبردنی ئەو بەیاننامە و رێکەوتنە جیهانی یانەیە کە ماف و ئازادییەکانی ژنان لە کوردستان رێزیان لێ دەگیرێ و بوار بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەدی دێ.

•           یەکیەتی ژنان هەوڵ دەدات بۆ چەسپاندنی یاسایەک کە لەگەڵ پێوەرەکانی مافی مرۆڤی پەسندکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تەبا بێ و هەروەها هەوڵ دەدات کە هیچیەک لە خاڵەکانی یاسا لەدژی ژنان نەبێ.

•           یەکیەتی ژنان هەوڵ دەدات بۆ چەسپاندنی یاسایەک بۆ بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە ژنان لەناو پارڵمانی داهاتووی ئێران، کوردستان و هەروەها حکومەتدا. یەکیەتی ژنان هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی حکومەت یارمەتی ئابووری و زانیاری بەو ژنانە بدات کە توانای بەرهەم هێنانیان هەیە و هەروەها تەرخانکردنی پێداویستیەکانی ژنانی داهێنەر.

•           یەکیەتی ژنان خەبات دەکات بۆ دژایەتی لەگەڵ هەر چەشنە هەڵاواردنێک لە کۆمەڵگەدا.

•           یەکیەتی ژنان هەوڵ دەدات بۆ بەرێوەبردنی زۆر کار و ئەرکی دیکە کە بە پێی ئالووگۆڕەکانی جیهان و ناوچە بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری دێتە پێش.

•           یەکیەتی ژنان هەوڵ دەدات بۆ پەروەردەی بنەمایی لە نێو بنەماڵەدا لە بواری فیکری و فەرهەنگی.

 

یەکیەتی ژنان بە مەبەستی رێک و پێک کردنی خەباتی ژنانی کوردستان و گەڵاڵەکردنی ئامانجەکانیان رۆژی ١١ و ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە سێهەمین کۆنگرەی گشتی خۆیدا، بەرنامە و پێرەی نێوخۆی لە دووهەمین کۆنگرەی یەکیەتی ژنان کە رۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ی رێبەندانی ١٣٩٠ی هەتاوی پەسند کرابوو بە هێندێک دەسکاری بە پێی هەلوومەرجەکانی سەردەم پەسەند کرد، کە لە سەرەتایەک ، ئەرکی ئەم قۆناغە تا سەرکەوتن و دەسپێکی خەباتی ئاشکرا و پێرەوی نێوخۆی یەکیەتی ژنان کە لە دوازدە فەسڵ و بیست بەند پێک هاتووە.

 

پێرەوی نێوخۆی یەکیەتی ژنان

 

فەسڵی یەکەم

ناو و ناوەرۆکی یەکیەتی

 

بەندی یەکەم: ناو

ناوی یەکیەتی، "یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران"ە لە هەموو جێگایەکی ئەم ئەساسنامەیەدا بە یەکیەتی ژنان ناو دەبردرێ.

 

بەندی دووهەم: پێناسە

یەکیەتی ژنان، رێکخراوێکی دێموکراتیکی ژنانە کە بۆ وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی کوردستانی ئێران تێدەکۆشێ و لە هەمانکاتدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەری جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران دەزانێ.

 

فەسڵی دووهەم

ئامانجەکانی یەکیەتی ژنان

بەندی سێهەم:

سەرەکی ترین و بنەڕەتی ترین ئامانجمان خەبات بۆ بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی مافی هەبوونی مافە لە هەموو بوارەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە رێگەی دابینکردنی یەکسانی بۆ ژنان و پیاوان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەت.

 

فەسڵی سێهەم

ئەندامەتی یەکیەتی ژنان

 

بەندی چوارەم: هەموو هاونیشتمانێکی ژن لە کوردستانی ئێران و هەموو ژنێکی کوردی ئێرانی دەتوانێ ببێتە ئەندامی یەکیەتی ژنان بە مەرجێک:

ئەلف:بەرنامە و پێرەوی یەکیەتی ژنان پەسند بکا.

ب:تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێ.

ج: داوای ئەندامەتی لە یەکیەتی ژنان بکات و دوو ئەندامی ئەو یەکیەتییە بیناسێنن.

‌د: هەقی ئەندامەتی بدا.

 

تێبینی ١: داواکاری ئەندامەتی، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا هەبوون، دوای شەش مانگ پڕکردنەوەی فۆرمی ئەندامەتی، بە ئەندام وەردەگیرێ.

 

تێبینی ٢: کچانی کەمتر لە ١٨ساڵ دەتوانن وەک لایەنگر لەگەڵ یەکیەتی ژنان هاوکاری بکەن.

 

 

فەسڵی چوارەم

تەشویق و سزای ئەندامان

 

بەندی پێنجەم:ئەو ئەندامانەی بڕیارەکانی یەکیەتی ژنان بە باشی بەڕێوەدەبەن، تەشویق دەکرێن. تەشویقی ئەندام لەم ڕێگایانەوە دەبێ:

 

 ئەلف: بە نوسراوە رێزی لێدەگیرێ، وێنەی ریزلێنانەکە لە ئارشیڤی یەکیەتی ژنان رادەگیرێ.

ب: بڵاوکردنەوەی ناوی وەک نموونەی ئەندامێکی ئەرک ناس لە ئۆرگانی یەکیەتی ژناندا.

ج: ناساندنی وەک ئەندامێکی نموونە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا.

د: دانی دیاری و خەڵاتی سەمبۆلیک.

 

بەندی شەشەم: ئەو ئەندامانەی ئەرکەکانی خۆیان بە باشی بەڕێوەنابەن، یان رەفتاری وادەکەن کە زیان بە پرستیژی یەکیەتی ژنان بگەیەنێ، سزا دەدرێن.

سزای ئەندام بەم شێوانە دەبێ:

ئەلف: بانگ کردنی بۆ یەکیەتی ژنان و سەرکۆنە بە دەم.

ب: سەرکۆنە بە نوسراوە و راگەیاندنی ئەم بڕیارە بە خۆی و هاوئۆرگانەکانی.

ج: وەرگرتنەوەی کارتی ئەندامەتی و هەڵپەساردنی ئەندامیەتی بۆ ٦مانگ تا ١ ساڵ.

د: دەرکردنی لە یەکیەتی ژنان.

 

فەسڵی پێنجەم

ئۆرگانەکانی یەکیەتی ژنان

 

بەندی حەوتەم: ئۆرگانەکانی یەکیەتی ژنان بریتین لە:

 

ئەلف: کۆنگرە

ب: کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی

ج:کۆنفرانسی شارستان

د: کۆمیتەی بەرێوەبەری شارستان

ە: کۆنفرانسی ناوچە

و: کۆمیتەی بەرێوەبەری ناوچە.

 

فەسڵی شەشەم

کۆنگرەی یەکیەتی ژنان

 

بەندی هەشتەم: کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی یەکیەتی ژنانە کە هەر سێ ساڵ جارێک بە بەشداری ئەندامانی ئەسڵی و جێگر و راوێژکار و نوێنەرانی هەموو ئەندامانی یەکیەتی ژنان دەبەسترێ.

 

بەندی نۆیەم: ئەرک و دەسەڵاتی کۆنگرە

 

ئەلف:کار و تێکۆشانی نێوان ٢ کۆنگرەی یەکیەتی ژنان هەڵدەسەنگێنێ و بەرنامە بۆ کار و تێکۆشانی داهاتووی دادەنێ.

ب: ئەساسنامەی یەکیەتی ژنان پەسەند دەکا و ئەگەر پێویست بوو دەسکاریی دەکا.

ج: ئەندامانی ئەسڵی و جێگرانی کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی هەڵدەبژێرێ. میکانیزمی هەڵبژاردن و ئایینامەی کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی دیاری دەکا.

 

فەسڵی حەوتەم

کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی

 

بەندی دەیەم: لە ماوەی نێوان دوو کۆنگرەدا، کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتی بەرزترین ئۆرگانی دەسەڵاتداری یەکیەتی ژنانە و کاری یەکیەتی هەڵدەسورێنێ.

 

بەندی یازدەهەم: ئەرک و دەسەڵاتی کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی ئەمانەن:

 

ئەلف:بڕیارەکانی کۆنگرە جێبەجێ دەکا.

ب:بەرنامەی وەرزی بۆ کار و تێکۆشانی ئۆرگانەکانی خوارەوەی خۆی دادەنێ.

ج: ساڵی لانیکەم چوار جار کۆدەبێتەوە.

د: راگەیاندنەکانی ناوەندی یەکیەتی ژنان بەرێوەدەبا.

ه: بۆ پێکهێنانی پێوەندی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکیەتی ژنان لە ئێران و دەورە و بە تایبەتی بەشەکانی دیکەی کوردستان هەوڵ دەدا.

و: هەقی ئەندامەتی ساڵانەی ئەندامان دیاری دەکا و وەری دەگرێ.

ز: سەرپەرستی داهات و دەرکەوتی یەکیەتی ژنانە.

 

تێبینی ١: کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی لە کاتی پێویستدا دەتوانێ لەسەر پێکهێنانی کۆنگرەی نائاسایی بڕیار بدا. (لەسەر داوای ٢ لەسەر ٣ی ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی و زیاتر لە نیوەی ئەندامانی یەکیەتی ژنان کۆنگرەی نائاسایی پێک دێت).

 

تێبینی ٢: کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی لە نێو ئەندامانی خۆیدا کەسێک بۆ بەرپرسایەتی گشتی هەڵدەبژێرێ. بەرپرسی گشتی پێویستە جێگرێکی هەبێ کە لەسەر پێشنیاری خۆی و پەسندی ئەندامانی بەرێوەبەری گشتی هەر لە ئەندامانی بەرێوەبەری دیاری دەکرێ.

 

تێبینی ٣: کۆمیتەی بەرێوەبەری هەقی هەیە تا نیوەی ئەندامانی ئەسڵی خۆی موشاور هەڵبژێرێ.

 

تێبینی ٤: کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی ئەندامانی هەیئەتی ئیجرایی لە نێو ئەندامانی ئەسڵیدا هەڵدەبژێرێ و بەرپرسی گشتی یەکێک لەوانە.(٣/١ی ئەندامانی بەرێوەبەریی ئەسڵی دەتوانن وەک هەیئەتی ئیجرایی هەڵبژێردرێن).

 

فەسڵی هەشتەم

کۆنفرانسی شارستان

 

بەندی دوازدەهەم: کۆنفرانسی شارستان ساڵی جارێک بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری شارستان و نوێنەرانی ئەندامانی بەرێوەبەری لە شارستاندا پێک دێ.

 

بەندی سێزدەهەم: ئەرک و دەسەڵاتی کۆنفرانسی شارستان بریتین لە:

 

ئەلف: ئەندامانی بەڕیوەبەری شارستان هەڵدەبژێرێ.

ب: ئەگەر کۆنگرە لە پێشدا بوو، نوێنەر بۆ بەشداری لەو کۆنگرەدا هەڵدەبژێرێ.

ج: لە کار و تێکۆشانی رابردووی کۆمیتە دەکۆلێتەوە و بەرنامە بۆ کاری داهاتوو دادەنێ.

 

فەسڵی نۆهەم

کۆمیتەی بەرێوەبەری شارستان

 

بەندی چواردەهەم: کۆمیتەی بەرێوەبەری شارستان لە کۆنفرانسی شارستان هەڵدەبژێرێ.

 

بەندی پازدەهەم: ئەرک و دەسەڵاتی کۆمیتەی بەرێوەبەری شارستان بەم جۆرەیە:

 

ئەلف: کار و تێکۆشانی یەکیەتی ژنان لە چوارچێوەی شارستان رێک دەخا.

ب: چاودێری بەسەر تێکۆشانی کۆمیتەکانی بەرێوەبەری ناوچەدا دەکا.

ج: ژنان بۆ تێکۆشان لە ریزەکانی یەکیەتی ژناندا بانگهێشتن دەکا و بۆ ئەندامانی تازە داوای کارتی ئەندامەتی لە کۆمیتەی بەرێوەبەری گشتی دەکا.

د: چالاکییە ئەدەبی و هونەری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان لە شارستان رێک دەخا.

 

فەسڵی دەهەم

کۆنفرانسی ناوچە

 

بەندی شازدەهەم: کۆنفرانسی ناوچە ساڵی جارێک بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوچە و هەموو ئەندامانی یەکیەتی ژنان لە ناوچە پێک دێ.

 

 

 

بەندی حەڤدەهەم: ئەرک و دەسەڵاتی ناوچە

 

ئەلف: ئەندامانی کۆمیتەی ناوچە هەڵدەبژێرێ.

ب: نوێنەر بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی شارستان هەڵدەبژێرێ.

ج: بە کار و تێکۆشانی ڕابردووی کۆمیتەی ناوچەدا دەچێتەوە و بەرنامەی کار بۆ داهاتوو دیاری دەکا.

تێبینی: لە دابەشکردنەکاندا، شاریش وەک ناوچەیەک یان چەند ناوچەیەک ئەژمێردرێ.

 

فەسڵی یازدەهەم

کۆمیتەی بەرێوەبەری ناوچە

 

بەندی هەژدەهەم: کۆمیتەی بەرێوەبەری ناوچە لە کۆنفرانسی ناوچە هەڵدەبژیردرێ.

 

بەندی نۆزدەهەم: ئەرک و دەسەڵاتی کۆمیتەی بەرێوەبەری ناوچە بەم جۆرەیە:

 

ئەلف: کار و تێکۆشانی یەکیەتی ژنان لە چوارچێوەی ناوچەدا بەرێوەدەبا.

ب: ژنان بۆ تێکۆشان لەریزەکانی یەکیەتی ژناندا بانگهێشتن دەکا و رێکیان دەخا.

 

فەسڵی دوازدەهەم

داهاتی یەکیەتی ژنان

 

بەندی بیستەم: سەرچاوەکانی داهاتی یەکیەتی ژنان بریتین لە:

 

ئەلف: هەقی ئەندامەتی ساڵانەی ئەندامان.

ب: داهاتی بەرنامە هونەرییەکان و کاری بە کۆمەڵی ئەندامان.

ج: یارمەتی دۆستان و لایەنگرانی یەکیەتی ژنان.

د: لە ریگەی داهاتی ئەنجامدانی پرۆژەی داهاتدار و هاوبەشی ئەندامان.