بەرهەمێکی ژنە چیرۆکنووسێکی کورد بۆ جاری دووهەم لە چاپ درایەوە

بەرهەمێکی ژنە چیرۆکنووسێکی کورد بۆ جاری دووهەم لە چاپ درایەوە

ژنان: بەرهەمێکی بەپێزی ژنە هونەرمەند و چیرۆکنووسێکی شاری سەقز بۆ جاری دووهەم لە چاپ درایەوە.

 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، کتێبی کۆمەڵە چیرۆکی "ئەم چیرۆکانە زۆر ژنانەن" لە نووسینی "سارا سادقزادە"، ژنە هونەرمەند و چیرۆکنووسی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن چاپخانەی "خانیـ"ـیەوە بۆ جاری دووهەم لە چاپ درایەوە و کتابخانەی کوردی جارێکی ڕەنگین کردەوە.

 

ئەو کتێبە کە لە ۳٤ چیرۆکی کورت و لە ۱۸۰ لاپەڕەدا لە سەر بوارە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ژنانی کۆمەڵگای کوردستان بەزمانی شیرینی کوردی نووسرابوو، بۆ جاری دووهەم لە چاپ درایەوە و سەرەنجی خوێنەرانی کتیبی کوردیی بۆ لای خۆی ڕاکێشایەوە.

 

خاتوو "سارا سادقزادە"، لە ساڵی ۱۳۸۵ی هەتاوییەوە دەستی بەنووسینی کۆمەڵە چیرۆکی "ئەم چیرۆکانە زۆر ژنانەن"، کرد و لە ماوەی پێنج ساڵدا واتە لە ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی ئامادەی چاپی کرد، بەڵام بەرهەمەکی چاپ نەکرد تاکوو ئامادە کردنی بەرهەمێکی تر خۆی بە نێوی "ئاسمانێکی بێ مەدا" و لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی هەردوو بەرهەمەکی پێکەوە چاپ و بڵاو کردەوە.

 

چاپ کردنی ئەو بەرهەمەی خاتوو سارا، لە لایەن خوێنەرانی کتێب و چیرۆکی کوردیی کومەڵگای کوردستان بە تایبەت ژنان ڕۆژهەڵاتی کورستان، پێشوازێکی زۆرباشی لێی کرا و خوێنەرێکی بەرچاویان هەبوو.

 

چاپی دووهەمی کۆمەڵە چیرۆکی "ئەم چیرۆکانە زۆر ژنانەن"، لە کتێبخانەکانی شاری سەقز بەتایبەت لە ناوەندی هونەر "ئەندیشە"ـی شاری سەقز بەردەست دەکەوێت.