٨ی مارس ڕۆژی نیونەتەوەیی ژنان و چەند سەرنجێک!

٨ی مارس ڕۆژی نیونەتەوەیی ژنان و چەند سەرنجێک!

نووسین: توبا ئەلیاسی

زۆر جار لێرەو لەوێ گوێمان لە ڕخنەو روانگەی جۆراوجۆر دەبێت لە هەمبەر ٨ی مارس.

هەندێک دەبێژن  دیاری کردنی یەک ڕۆژی تایبەت بە ژنان بۆ خۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییە یان زەقکردنەوەی زیاتری ئەو هەڵاواردنەیە.

 کەسانی دیکەش دەڵێن بۆچی تەنیا لەم ڕۆژەدا گرفت و ئازارەکانی ژنان ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە؟

هەندێکی دیکەش ئێژن لەم ڕۆژەدا زۆر کەس تەنیا وەک ڕووکەش، بانگەشە بۆ مافی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان دەکەن. واتە تەنیا  دروشم دەدەن و  بڕوای ڕاستەقینەیان بە مافی مرۆیی ژنان نییەو بۆ خۆیان ڕەچاوی ناکەن" دیارە ئەم ڕخنەیە زیاتر ڕووی لە پیاوانە".

ئایا دیاری کردنی ڕۆژێکی تایبەت بە ژنان هەڵاواردنی ڕەگەزییە؟

ئێمە پێویستە لە باری مێژووییەوە شارەزاییمان هەبێت و بزانین لەم ڕۆژەدا واتە ٨ی مارس چ ڕووداوێکی تایبەت هەبووە وای کردووە کە ڕاست ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی بەرخۆدانی ژنان بناسرێ؟

وەک دەزانین مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نادادپەروەری و تووندوتیژی بەرانبەر بە ژنان. واتە ئەم ڕەگە زە بە درێژایی مێژوو مافەکانی لێزەوت کراوەو لە بێمافیدا ڕاگیراوەو ماف و دەرفەتی یەکسانی بۆ لە بەرچاو نەگیراوە. ئەمەش وای کردووە کە ژنان بە درێژایی مێژوو ناچار بوون قوربانی بدەن و بەرخۆدان بکەن بۆ مسۆگەر کردنی مافە زەوتکراوەکانیان. هەر لەو پێوەندیەدایە کە دەبینین ژنانی کارگەی ڕستن و چنین لە نیوۆرکی ئامریکا لە ڕۆژێکی وەک ٨ی مارسدا لە ساڵی ١٨٥٧ی زایینی دەست دەکەن بە ناڕەزایەتی دەربڕین و داوای موچەی باشتر بە سەعاتکاری  کەمترەوە دەکەن. بەداخەوە دەکەونە بەر ئازار و تووندوتیژی دەستەڵاتدارانی ئەوکاتی نیۆرکەوەو سەرکوت دەکرێن.

ڕاست نزیک بە پەنجا ساڵ دوای ئەم ڕووداوە، واتە ساڵی ١٩٠٨ی زایینی لە هەمان ڕۆژدا ژنانی کارگەیەکی ڕستن و چنین لە نیۆرک کۆدەبنەوەو ناڕەزایەتی لە هەمبەر مووچەی کەمدا دەردەبڕن، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی خاوەن کارگەکە بە یارمەتی پاسەوانەکانی کارگەکەی هەموویان لە کارگەکەدا زیندانی بکات. بەداخەوە لەو کاتەدا  بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکە بەر دەبێت و هەموو ژنەکان بێجگە لە چەند دانەیەکیان دەبن بە خەڵوز و گیان لە دەست دەدەن.  واتە دیاری کردنی ڕۆژێکی وەک ٨ی مارس ڕاست هۆکارەکەی بۆ ئەم ڕووداوانە دەگەڕێتەوە کە نیشان دەدەن ژنان بە درێژایی مێژوو ستەمیان لێکراوەو، ئەوانیش بوێرانە لە بەرانبەر ئەو ستەمانە ڕاوەستان و بەرخۆدانیان کردووە.

مێژووی ئەم ڕووداوانە دەبێت بە هۆکار تا کلارازتکین ژنە خەباتکاری ئەڵمانی لە کۆنگرەی دووەمی ژنانی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست لە ساڵی ١٩١٠ی زایینی پێشنیار بکات بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان بناسرێ. گەرچی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەی لە ساڵی ١٩٧٥ بە ڕەسمی ناودێر کرد، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩١٠ ی زایینییەوە ژنانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا و زۆر شوێنی دیکەی دونیا لەم ڕۆژەدا ڕێزیان لە بەرخۆدانی  ژنان بە گشتی گرتوە.

لە ئاکامدا گەرەکمە بێژم دیاری کردنی ڕۆژێکی تابەت بە ژنان، زەقکردنەوەی هەڵاواردنەکان نییە، بەڵکوو رێزگرتنێکە لە خەبات و بەرخۆدانی سەدان ساڵەی ژنان بۆ دابین کردنی مافە مرۆییەکانیان.

ئایا ژنان پێویستە تەنیا لەم ڕۆژەدا ئاوڕ لە ئازارەکانیان بدرێتەوە؟

بە  بەڵنیاییەوە نەخێر، چوون ئازارەکانی ژنان هێندە زۆرن پێویستە هەر ڕۆژوو بەردەوام خەبات و چالاکی بکردێت بۆ بنەبڕ کردنیان. بوونی ڕۆژێک وەک ڕۆژی ژنان بۆ ئەوە نییە هەموو ژنان یان چالاکوانانی ئەو بوارە دەست لە سەر دەست ڕاوەستین و هیچ چالاکیەک نەکەن تا ئەو ڕۆژە دێت و ئەوکات خۆ دەرخەن بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئێمەی ژنی کورد پیویستە هەموومان ڕخنەیەک لە خۆمان بگرین و لە خۆمان بپرسینەوە کە لە ساڵدا چەندە کاتی خۆمان تەرخان دەکەین بۆ بەگرژداچوونەوەی دیاردەکانی دژی ژنان؟ گەرچی گومان لەوەدا نییە کە مافی مرۆیی ژنان و داکۆکی کردن لەوان تەنیا ئەرکی ژنان نییەو پیاوانی یەکسانیخوازیش لە سەریانە کارو چالاکیان لەو بوارەدا هەبێت. چوون گرفتی بێمافی ژنان کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەو، پیاوانیش لە سەریانە هەوڵ بدەن بۆ بنەبڕ کردنی ئەم گرفت و ئازارە گەورەیە. دیسانیش هەق وایە هەموو ژنێک لە خۆیەوە دەست پێ بکات و هەوڵ بدات لەو پێناوەدا، چوون ئاڵای ئەم خەباتە یەکسانیخوازەییە لە پێشدا ئەرکی خودی ژن خۆیەتی و ئەگەر ڕخنەیەکیش لە بواری کەمکاریدا لەو بوارە هەبێت پێش پیاوان ڕووی لە ژنان خۆیانە.

لێرەدا دەگەین بەو ئاکامە کە ژنان لە سەریانە بەردەوام و ڕۆژانە هەوڵ بدەن بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی خۆیان. دەزانم دروشمدان زۆر ئاسانەو پێویستی بە زەحمەت و ماندوو بوون نییە. هەربۆیە لە سەر ئەو باوەڕەم هەر مرۆڤێک چ ژن یان پیاو، ئەگەر دروشمێک هەڵگرێ و خۆی لە ژیان و هەڵسوکەوتەکانیدا بەرجەستەیان نەکاتەوە، ناتوانێت جێگای متمانە بێت بۆ کەسانی دەوروبەری. لە بەر ئەوەشە پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە بانگەشە بۆ مافی یەکسانی دەکەن، بڕوای تەواویان بە و یەکسانییە هەبێت و هەوڵیش بدەن بە کردەوە ئەو یەکسانییە لە کۆمەڵگادا بچەسپێ. چوون ڕاستیان گووتەوە هەموو هەنگاوێک ئەگەر باشە، ئەبێت لە خۆتەوە دەست پێ بکەی!

 

بە هیوای وەدی هاتنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر بۆ ژنان، بەتایبەتی ژنانی کوردستان.