سەرماوەز، پێشمەرگە و کوردستان

سەرماوەز، پێشمەرگە و کوردستان


٢٦ی سەرماوەز، وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کراوە و هەموو ساڵێک کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمرگە خۆشەویستان بۆ ڕێز گرتن لە خەباتی بوێرانە و خۆنەویستانەی پێشمەرگەکانی کوردستان یادی ئەم ڕۆژی پیرۆز دەکەن، بەشی ڕاگەیاندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵی داوە لە چەند وتوێژێکدا چەندین ژن و کچی پێشمەرگە بدوێنێت و بڵاویان بکاتەوە.


سەرەتا خۆتان بناسێنن و بڵێن لە کەیەوە پێشمەرگەن؟

ئەژین حوسێنی له ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨ی زایینی پەیوەست بە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوومه.

 

1ـ چۆن بوو کە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتت هەڵبژارد؟

ئەوەی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا دەكرێت باسی بكەم ئەوەیە لە ڕاستیدا لە كوردستانی ڕۆژهەڵات هەر وەک هەموومان دەزانین بەهۆی ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و ئەو یاسایانەی بەسەر كوردستاندا زاڵە و سیاسەتی سەرکوت‌کردنی کورد لەم سەردەمە گەیشتووەتە لوتکە، منیش وەکوو ژنانی دیکە لە ناخی دڵمەوە هەستم بە چەوسانەوە دەکرد و ئاسۆی گەیشتن بە مافە ئینسانییەکان لە ناخمدا خۆیان دەنواند، هەر لەم کاتەدا هەلومەرجێکی نوێ واتە ڕاسان، هاتە ئاراوە کە بێگومان ئەویش لە هەڵبژاردنی حیزبی دیموکرات کاریگەریی هەبوو. یەکێک لەو ڕێگایانەی ژنان بۆ ڕوبەرووبونەوەی دوژمنان و داگیرکەران دەیگرنە بەر خەباتی چەکدارییە چوونکه دەتوانن هاوکات هەم خەباتی نەتەوایەتی بکەن و هەمیش خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان.

منیش بە خوێندنەوە و مۆتالاکردن لەسەر بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکرات لەپێناو خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوت کراوەکان، حیزبی دێموکرات واتە ڕێبازەکەی مامۆستای دێموکراسی، دکتورعەبدولڕەحمان قاسملووم وەکوو سەنگەری ئازادیخوازی و ڕاوەستان لە بەرانبەر زڵم و زۆر هەڵبژارد.

2ـ بوونی ژن لە خەباتدا دەتوانێ تا چ ڕاددەیەک گرینگ بێت؟

بە دڵنیایەوە لە بارودۆخی ئێستادا کە ژنان دەبێت یەكگرتووانە و هاوهەڵوێست بەردەوام بن لەسەر داواكارییەكانیان، پرسی ژنان پرسێکی سەرتاسەرییە و دەتوانین بڵێین پرسێكی جیهانییە. هەروەها کاتێک باسی خەبات و ڕۆڵی ژنان دەکەین دەزانین ئەم دوو باسە، لێک گرێدراون ئەمە بەو واتایەیە کە پرسی ئازادی و یەکسانیی ژن یەکێک لە ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی خەباتی نەتەوەیی کوردە و ئەوەش بە بێ بوونی ژن بەدی نایەت.

3ـ  پێت وایە  ژنان لە باری فیکری و هێزی دەروونییە تا چەند توانیویانە، لە بەرانبەر سەختییەکاندا خۆڕاگر بێت و لەهەمان کاتیشدا بەرەوپێش بچێت؟

ڕوون و ئاشکرایە لەئێستادا کۆمەڵگە و بارودۆخی ژنان زۆر گۆڕدراوە ژنان نەک هەر لە ڕێکخراوە سینفییەکان بەڵکوو لە ڕێکخراوە سیاسییەکانیشدا بەشداریی دەکەن و لە خەباتی چەکداریشدا شان بە شانی پیاوان خەبات دەکەن.

بە خوشییەوە ژنانی کورد زیاتر لە جاران بە مافەکانی خۆیان ئاشنا بوونە و لە هەموو ڕێگایەکی مومکین هەوڵ دەدەن خۆیان وەک تاکێکی چالاک بسەلمێنن هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە لە کوردستان چەن حەرەکەتی خەڵک دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕوویدا بە تایبەتی مانگرتنەکانی ئەم دواییانە دەرکەوت کە ڕۆڵی ژنان ئەگەر لە پیاوان زیاتر نەبووبێ کەمتریش نەبووە. ئەمە نیشاندەری گەشەی پێگەی ژنانە بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی خۆیان و نەتەوەکەیان. ئەوەش دەبێ لە بەرچاو بگرین خەباتی سیاسی و کاری ڕێکخراوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەری حیزبە کوردییەکان پێگەی ژنانی بەهێزتر کردووە.

 

4ـ ئەزموونی ژیان لەنێو شۆڕش و بەشداریت لە بەدەستهێنانی مافی نەتەوەکەت تا چ ڕادەیەک لات گرینگە؟

خەباتی کورد بەگشتی لەسەر کۆڵەکەی ڕزگاریی نەتەوەیی دامەزراوە و بە دڵنیایەوە خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی گرینگترین و زەرووریترین ئەرکه لە سەر شانی هەر تاکێکی کورد، ئەگەر بڕوانینە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان دەبینین کە خەڵکەکانیان بەهۆی خەبات و تێکۆشانی خۆیان گەیشتوونەتە خۆشترین و باشترین ژیانیان کەواتە هەبوونی مەیل بۆ خەبات و شۆڕش لەپێناو گەیشتن بە سەروەریی نیشتمانی و نەتەوەیی گرینگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە ڕاستیدا پردێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان.

 

5ـ  چیت هەیە بۆ کچانی کورد بەتایبەت ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتداریی ڕێژیمی دڕندەی ئێراندا دەژین؟

پەیامی من بۆ ژنان لە كوردستان ئەوەیە كە یەكگرتووانە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاری‌كراوەكانیان بدەن؛ چوونکە گەیشتنی ژنان بە خواست و مافەکانیان پێویستیی بە هەوڵێکی زیاتر هەیە کەواتە سەرەڕای گشت ڕێگری و ئەو لەمپەرانە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دایناوە هەوڵ بۆ گەشەی خۆپێگەیاندن و پلەی خوێندەواریی بدەن بە دەوڵەمەندكردنی زانستی و فكریی خۆیان بە تایبەتی هەوڵ بۆ وەدیهێنانی یەكسانیی ڕەگەزی بدەن و بەگشتی خەبات بكەن لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی. ترستان لە هیچ نەبێت تەنانەت لە مردنیش؛ مەترسن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانتان، لە بەر ئەوەیکە ژیانی کۆیلایەتی ژنان بێ نرخ دەکات، هەر بۆیە ئێمە دەبێت بەردەوام بین لە هەموو ڕێگایەکان کەڵک وەرگرین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

لە کۆتاییدا دەڵێم لە تێکۆشانی خۆتاندا بەردەوام بن تا دەگەنە ئامانجەکانتان.