زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

 

لەبەرەبەریی ٢٥ی مانگی نۆڤەمبر داین، لەم ڕێکەوتەوە تا ١٦ رۆژ  بۆ جەختکردنەوە لەسەر نا گوتنێکی سەراسەری بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، دیاریکراوە. لەم ١٦ رۆژەدا کەمپەینی جیهانی (جیهان پرتەقاڵی بکەین) ڕێک دەخرێت.

هەر لەم پەیوەندیەدا بۆ زیاتر ناساندنی هەموو ئەو هەوڵانە کە بۆ بردنەسەرەوەی وشیاری ژنان و کۆمەڵگا و هەروەها کەمترکردنەوەی ڕادەی توندوتیژیەکان بەرانبەر بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ دەکرێ وتووێژێکمان لە گەڵ یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز سۆران چوپانی پێک هێناوە

 

  کاکڵەی باسەکەمان لەسەر توندوتیژیی دژبە ژنانە دەکرێ پێناسەیەکمان لەم چەمکە بۆبکەیت؟

وەکوو پێشەکی پێمخۆشە باسێکی کورت لە چۆنییەتی پەیدا بوون و ناونران و مەبەست لە ئەم ڕۆژە بکەم ئەویش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ  ٢٥ی نوامبری ساڵی ١۹٦٠ی زایینی کە لەو ساڵەدا خوشکانی "میرابل" لە وڵاتی "دۆمینیکن" لە دوای چەندین مانگ ئازار و ئەشکەنجە لە زیندان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری دۆمینیکەنەوە دەکوژرێن، ٣ خوشک کە تەنیا تاوانیان بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکانی ئازادیخوازان لەدژی دیکتاتۆریەتی زاڵ بەسەر "دۆمینیکەن" بوو.

ئازار و ئەشکەنجە و کوژرانی ئەم ٣ خوشکە و ڕۆڵێک کە لە خەبات دژی دیکتاتۆری حکومەتی "دۆمینیکەن" لە وڵاتی ئامریکا گێڕایان بوو بە هۆکارێک کە لەدوای ٢١ساڵ و لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ژنانی ئامریکای لاتین و دوورگەکانی دەریای "کارائیبدا" لە "بۆگاتا"ی "کۆلۆمبییا" لە ساڵی ١٩٨١ پێشنیار کرا ڕۆژی ٢٥ی نوامبر وەک ڕۆژی بەرەنگاری دژی توندوتیژی بەرانبەر ژنان ڕابگەینن.

مەبەستی ژنان لەم پێشنیارە هەم ڕێزگرتن لە خەبات و گیانبازی ئەو ٣خوشکە و هه‌م مەحکوومکردنی تووندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز هەر جۆرە توندوتیژییەک لەدژی ژنان، هه‌ر له‌ کوشتن و دەستدرێژیكردنه‌ سه‌ر لە لایەن هەر دەسەڵاتێکەوە(حکومەت، دەسەڵاتی پیاوسالار؛باوک-برا-هاوسەر-کوڕ)، لە زیندانەوە تا کۆمەڵگە و لە کۆمەڵگەو بۆ بنەماڵە بوو کە لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەهۆی گرینگی بابەتەکە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیهانی بە مەبەستی نەهێشتنی هەر جۆرە توندوتیژییەک دژ بە ژنان دیاریکرا و لەو ساڵە بەدواوە ٢٥ی نوامبری هەموو ساڵێک لەلایەن چالاکانی بواری ژنان و یەکسانیخوزانی گشت جیهان بە شێوەهای جۆراوجۆر چالاکی و بابەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆڵد دەکرێتەوە و دەبێتە ڕۆژەڤ بەمەبەستی سەرەنجڕاکێشانی لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتدارانی وڵاتان بۆ تەدبیر لە نەهێشتنی ئەم دیاردە نائینسانییە.

 

ئەو كاتەی باس لە چەمكی توندوتیژی دەكرێ‌، كێشەیەكی گەورە دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە تا ئێستا پێناسەیەكی كۆنكرێت و دیاریكراو لە توندووتیژی نەدراوە بە دەستەوە، بەشێک لە كۆمەڵناسان و دەروونناسان لەوانە گێڵز و ستراوس توندوتیژی بە هەڵسووكەوتێكی مەبەستدار دەزانن كە خەساری جەستەیی و دەروونی هەیە بۆ سەر تاک. بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین توندووتیژی چەند جۆری هەیە كە بە 2 جۆر ناس دەكرێن.

 1- توندووتیژی جەستەیی 2- توندووتیژی دەروونی

توندووتیژی جەستەیی بە هەر جووڵە و حەرەكەت دەوترێ كە بەشێوەی فیزیكی كاریگەریی هەیە لە سەر بەرامبەر. وەک شكاندنی شوێنێک. سوورەوە بوون، بریندار بوون یان هەر جۆرە نیشانەیەكیتر. لەم جۆرە توندووتیژییەدا ئاسەوارەكانی توندووتیژی بە تەواوی دیارە و ئەو كەسەی رووبەڕووی توندوتیژی بۆتەوە دەتوانێ‌ بە چوونە بەردەم یاسا، سكاڵا دژ بە كەس یان گرووپی توندوتیژ بەرز بكاتەوە.

جۆرێكیتری توندووتیژی، كە بە رواڵەت هیچ نیشانەیەكی نییە، توندوتیژی دەروونییە. سووكایەتی پێكردن. جنێودان. توانج خستن لەو جۆرە توندوتیژییە دەروونیانەن كە كاریگەریی دەروونی قوڵیان هەیە لە سەر بەرامبەر و لە هەمانكاتیشدا سەلماندنیان لە بەردەم ناوەندە بڕیاردەرەكاندا ئەستەمە.

 

   وەک دەزانین لەهەموو کۆمەڵگاکان کەم تازۆر توندوتیژی بوونی هەیە، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکیتر چۆن دەتوانێ جیاواز بێت؟

بێگۆمان لە کۆمەڵگاێکەوە بۆ کۆمەڵگاێکیتر فەرق ئەکا چ لە لایەن ڕەگەزی خۆیانەوە بێ چ ڕەگەزی بەرانبەر. پێموایە ژن ئەو جۆرە کە ئەبێت ببێ، هیچکات ناتوانێ لە خۆشی و سەعادەتی ئەسڵی ڕەگەزی خۆی لە دنیا بەهرە بەرێ، ئەگەریش کەسانێک بن، زۆر کەمن. ئەوە بۆ هەموو ژنێ لە هەموو جێیێکی دنیایە.

 بەپێی یاسا و دین و مەزهەبێ کە لەو کۆمەڵگا هەیە و ئەندازەی پیاو سالاری یا حەتتا ژن سالاری.... ئەو توندوتیژییە فەرق ئەکا بەڵێ بێگۆمان فەرقی هەیە ئێمە بین چاو  لە کۆمەڵگاێکی وەکوو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ وێنە لە وڵاتێكی وەک ئێران، هەر خودی یاسا دوا كەوتووانەی كۆماری ئیسلامی، هۆكارێكە بۆ توندووتیژی دژ بە ژنان. لە رێگای یاساوە ئیزن دراوە بە هەر چەشنە توندوتیژی نواندنێک دژ بە ژنان. ئەو كاتەی هەر بە 2 ژن پێاوێكن لە بەرامبەر یاسادا، ئەو كاتەی شاهیدی ژن قبووڵ ناكرێ‌، ئەو كاتەی ژن بۆی نییە لە بەشێكی زۆر لە پۆستە كۆمەڵایەتییە و سیاسی و ئیداریییەكاندا بەشداری بكات، ئەو كاتەی لە لایەن یاساوە ئیزن بە پیاو دەدرێ‌ بە هەر بیانوویەک بێت ژنی دووهەم بێنێ‌ و یاسا ئیزن بە فرە ژنی دەدات، ئەو كاتەیە ڕەنگ و بۆی یاسا وەک لایەنێكی توندوتیژی نوێن دژ بە ژنان دەردەكەوێ‌ بەڵام ڕەنگە لە وڵاتە ئورووپاییەکان یاسا وەها دژ بە ژن نەبێت بڵێین وەکوو مافێک کە دایدەنن بۆ ژن و لە بەرچاوی دەگرن، ئەو یاسا و بڕیارانە پشتیوانی لە ژنان دەکات  بەڵام توندوتیژی لە لایان کۆمەڵگاوە زیاتر دەکرێت.

  دیارە بەشێوەی موتڵەقەن لە ناوبردنی تەواوەتی توندوتیژی وەهمێکە و دوورە لە ڕاستی بۆ هێنانەخوارەوەی ئاستی نابەرابەری و توندوتیژی لەسەر ژنان، وەک بنەمای سەرەکی چ کارگەلێک پێویستە بکرێ؟

پێم وابێ سەرەڕای بەحسی جنسیەتی من خۆم پێموایە زیاتر مروڤ ئەبێ لە سەر مافی مرۆڤ فووکووس بکات و ئەتوانین بە یەکخستنی داخوازییە یەکسانیخوازاەکان وەک خواست لەسەر دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات، هەموارکردنی یاسا و بەرابەریی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بونیادنانی نیزامێکی پەروەردەیی لەسەر بنەمای زانست و بە دوور لە هەر مۆدێلێکی ئایینی بۆ دوا ڕۆژی خۆمان، چارەسەرکردنی هەژاری و قەیران، هوشیارکردنەوەی ژنان و ناسینی خود کە بەڕای من گرینگترینە، ئەویە ژن بەر لە هەموو شتێک مافی خۆی بناسێت، سەر بەخۆ بوونی ئابووری و نەهێشتنی زۆڵم و زۆرداری چارەسەری سەرەکین بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئەوەی ئێستا مێژوو ئەگۆڕێت هوشیاری و زانستە نە توندوتیژیی و زۆرگۆیی! ئەوەیش جوان بزانین ئەوەی زانستی پێی بێت دەسەڵاتە!!!

  لە کوردستان بەهۆی بافتی فەرهەنگی کە لەسەر بنەمای ئایین و سوننەتە ئایا بەهاتنە سەرکاری سیستمێکی دێموکراتیک و جێگیربوونی یاسایەکی دادپەروەرانە وڵامێک بە بێبەشی و چەوساندنەوەی ژنان دەبێت؟ یان یاسا ناتوانێ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر ژیانی ژنان ببێت؟

 4.لە ناو کۆمەڵگای خۆماندا بەتایبەت  کە زۆر زۆری پێ ئەچێ ئەو شتە جێگر بێ... بافتی فەرهەنگی زەعیف و مەزهەبی قەوی لە سەدا 95 ی کۆمەڵگای گرتووە ناتوانین بەم زوانە ئەوە جێگیر بکەین بەداخەوە.

بەڵێ بە بوونی سیستمێکی دێموکرات و یاساێکی دادپەروەرانە ئەتوانێ بەڵام زۆر زۆر کاتی پێویستە.

سەرگەردانی وحەیرانی  و خەمۆکی ژنان لە هەموو کات و یاسا و دین و ئایینێکا هەیە...

 

  حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات تاچەند توانیویانە سەرنجی ژنان بەلای خەباتی خۆیاندا ڕابکێشن و لە وشیارکردنەوەی ژناندا بە مافەکانیان و ڕاوەستان لە بەرانبەر توندوتیژییدا کاریگەر بن؟

. ئەزانم کە ژنیش لە خەبات لەهەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەشدارە بەڵام نازانم من لەو حیزبانا مافیان و ئاگاکردنەوەیان و پەروەردەیان چۆنە ڕەنگە ئەوانیش هەوڵی خۆیان بدەن، بەڵام وەکوو ئەوەیکە خۆم ماوەی دووساڵە بەشانازیەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم بە ڕاگەیاندنی خەباتی نوێ ڕاسان لە ساڵی ۹٥ تا ئەلان ئاگادارم کە بە ڕێژەێکی زۆر لاوان بە تایبەت کچان و ژنانی شۆڕشگێڕ هاتونەتە ناو ڕیزەکانی شۆڕش و خەباتەوە ئەمەش نیشانەو سەلمێنەری ئەوەیە کە قوتابخانەی حیزبی دێموکرات توانیویەتی ژنان ئاگادار کاتەوە چ لەناو خۆ بە خەباتی نەهێنی لە ناو ژناندا و چ لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدا هەر وەها کە دوکتوری شەهید فرموویانە:( خەبات و شۆڕش بە بێ بوونی ژن ناکرێت) بەڕاستی وایە ناکرێت، بەڵام بە بڕوای من هێشتا بۆ ناو خۆ کەمە و ئەبێت هەوڵی زیاتر بدرێت بە ئاگاکردنەوەیان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان و NGOکان و هەموو ئەو شوێنە ناحوکمیانە کە خۆبەخشانە لە لایان خەلکەوە دانراون، بە بڕوای من ئەگەر بمانەوێت وڵات و نیشتمانمان ئازاد کەین ئەبێت بەرلە هەموو شتێک دیدمان بە مەسەلەی ژن لە ڕۆژهەڵاتا بگۆڕین.

  شەهید دوکتور عەبدوڵڕحمان قاسملوو دەڵێ: «لە تێکۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگایەکی تایبەتی بدرێ بە ژنان. وەک دەزانن حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەواو لە گەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ. بەڵام دانانی ماف لەگەڵ پیادەکردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە بەیندا هەیە. دەبێ ئەو مەودایە بەرەبەرە لەبەین بچێ. بە بیروڕای حیزبی ئێمە هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوترە و بزووتنەوەکە پێشکەوترە و شانسی سەرکەوتن نزیکترە».