"کاریگەری خراپی نەریتەکان لە سەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوە ڕاست"

"کاریگەری خراپی نەریتەکان لە سەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوە ڕاست"

نووسین: دڵنیا وەیسی


٢٥ی نوامبر وەک ڕۆژێک بۆ -نا-وتن بە هەموو جۆرە زوڵم و جینایەتیک کە بەرامبەر بە ژنان کراوە،دیاری کراوە.دیارە گەر هەموو ڕۆژێک وەک ناوزەدی ئەو زوڵمانەی کە دەرحەق بە ژنان کراوە دیاری بکەین،ساڵ،ڕۆژ کەم دێنێ.بابەتێک کە لێرەدا دەیخەینە بەر باس زیاتر وەک ڕەخنەیەکە لە نەریتە چەقبەستوو و کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کۆمەڵگای کوردەواری.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بووەتە گەورەترین زیندان و دارە مەیتی مەرگی ژنان.ئەو ژینۆسایدەی کە بە ناوی نامووسپەرەستیەوە دەرحەق بە ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان کراوە،جێگای تێڕامانە،چیرۆکی سەدها کارەساتی خوێناوی دەگێڕنەوە کە زۆربەشیان گومان و هزری نێریینەکانن کە هەموویشی بە ناوی نەریت و بەها پیرۆزەکان و ناموس و شەرەفەوە،ژیان دەکوژێننەوە و کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی خراپ و مەیتخانەیەکی خوێناوی دەبەن و دنیایەکی خاپوورمان بۆ بە جێ دەهێڵن.

بە درێژایی ئەم مێژووە نامرۆڤانە و دژە مێیە،شەرەفی کۆمەڵگا و بە تایبەتی پیاوان لە کچێتی کچەکان دایە،کە لە پای نەمانی ئەو کچێتییە لای کۆمەڵە خەڵکێکی دواکەوتوو و بیر تەسک کە زامنی شەرەفی بنەماڵەکەیانە،نیشانەی  شەرم و عەیبەیە و نەپاراستنی،کارەساتێکی خوێناوی دەخوولقێنێت،کە بە پێچەوانەوە لای کەسانی مرۆڤ دۆست و ژین دۆست کە هەموو شتێک لە ڕووی ئاگاییەوە پێناسە دەکەن،ناوی ئازادی و خاوەندارێتی لەش و ڕۆحی خۆیەتی،سەیرەکە لەوەدایە کە لەم کۆمەڵگا دواکەوتووانەدا هەرچی تاوان و دزی و خیانەت و خاکفرۆشی و خەڵکفرۆشی لە لایەن پیاوان ڕوو بدات کێشە نییە و وەک هەنجارگەلی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن بە مەرجێک کچەکان و خوشکەکان و ژنەکانیان داوێنپاک بن،کە داوێنپاکیش واتا کچێتی ئەوان کارەسات نەنێتەوە و لافاوی خوێن هەڵنەگیرسێنێ.نە ریتێکی لەوە خراپ تریش هەیە لای زۆربەی بڕوادارانی ئایینی یان کەسانێک کە هیچ خوێندنەوەیەکیان لەسەر مرۆڤ و ژیان و ئام دنیایە نییە،ئەویش ئەوەیە کە کچی شوو نەکردە جێگای بەهەشتە.یانی دەستی بۆ نەبراوە و وەک پاکیزە مرۆڤێک سەر دەنێتەوە.هەر لەم پێوەندییەدا ڕێژیمی ئاخووندی ئێران نەریتێکی شەیتان ئەسا و  وەحشیانەی هەیە کە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی دواکەوتووی هاوچەشنی ئێرانیش پەیڕەو دەکرێت کە ئەویش ئەوەیە کە کچانێک،کە سزای مەرگیان بە سەردا سەپاوە،لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا لە لایەن کۆمەڵێک پیاوەوە،دێو ئاسا،دەسدرێژی دەکرێتە سەریان و دەکرێن بە ژن،یان بە واتایەکی دیکە ئەتک و بێ بن دەکرێن.ئەمە لە ڕوانگەی ئەو بە ناو ئاییندارانەوە بۆ ئەوە دەکرێ کە نەکا ئەو کچە بەختی ئەوەی هەبێ بچێتە بەهەشت.

نازانم لە ناو کام ئایین و دین و مەزەبێکدا کە هەمیشە خواکانیان وێنەیەکە لە جوانی و پاکی و پێکەوە ژیان،وەها کارێکی قیزێون قەبووڵ دەکا یان هەر دەوێرێ جێ بە جێی بکا.
بە داخەوە بۆ کچان و ژنانی ئێمە،ئەم دنیایە بێجگە دۆزەخ هیچ مانایەکی دیکەی نییە و بە پێی ئەو نەریتانیش نابێ پاش نەمانیش بچنە بەهەشت و دەبێ ڕێیان لێ بگیردرێ،کە ئەمە گەڕانێکە لە دۆزەخەوە بۆ دۆزەخێکی دیکە یان لە چاڵە مەرگێکەوە بۆ چاڵە مەرگێکی گەورەتر.هەر نەریتێک کە ئارەزوو و ئازادییە مرۆییەکان بخنکێنێت و فکریەتەکەی مەڕەرگپەرەستی بێت،دەبێ لە ڕیشەوە بن بڕ بێت و هەڵبووەشێتەوە،کە زۆربەی ئەم نەریتە دژە مرۆڤانانە لە کۆمەڵگا سوونەتی و کۆنەخوازەکان سەر هەڵدەدەن.لەو کۆمەڵگایانەدا نەریتی نێریینەسالاری سەردەستەیی دەکات و مێیینە دەبێ هەر لە ژێر چەپۆکە بێت و هەر تابعی ئەو بڕیارانە بێت کە لە لایەن نێریینەکانەوە سادر دەکرێن و ڕەگەزی بەرامبەر بە هەموو شێوازێک دەچەوسێننەوە.هەر بۆیەشە کۆمەڵگا و وڵات هێشتا لە عەسری جاهلیەت بەسەر دەبەن،چونکە گەر دایکەکان و ژنەکان و کچاکان و خوشکەکانیان کۆیلە و ترسنۆک و شەرمن بن،بەو پێوەرەش باوکەکان و مێردەکان و براکان و کوڕەکانیان ئازاد و ئازا و مرۆڤپەروەر نابن.وەها کۆمەڵگایەک هیچ جوانی و یاسا و ڕێسایەک بە خۆیەوە نابینێ و دەبێتە گۆڕستانی زیندوەکان!

ئەمانە دەمووی نموونەگەلێکن لەو هەموو جینایەتانە کە دەرحەق بە ڕەگەزی مێی مرۆڤ کراوە.
لە ئێستادا ئەرکی ئەسڵی بۆ گۆڕانی ئەم نەریتانە دەکەوێتە سەر شانی کچان و کوڕانێک کە بە درووشمی وەک پێشەنگی کۆمەڵگا بوون و پۆلی ڕۆشنبیر،هەوڵ بۆ چارەسەر و فەرهەنگ سازییەکی درووست بکەین.با جیاوازیەکان لێرەوە دەس پێ بکەین و کۆمەڵگا لە بەرەو ڕۆیشتن بۆ پەرتگای نەمان بگەڕێنینەوە.زۆربەی گەوجەکان گەوج نین بەڵکوو فێر کراون لەسەر ئەوەی عەقڵ تەڵاق بدەن و پەیڕەوی نەریتی گەوجێتی بکەن و گەمژەییەک کە بە بێ بیرکردنەوە و ڵێکدانەوەیەک بە میرات پێیان بگات،بە دەسکەوت بزانن.لە کوردستانی ئێمەدا هیچ شتێک بە قەدەر عەقڵێکی ئازاد و ئازا،زارێکی پڕ لە پرسیار و سەرێکی پڕ لە گومان و لە هەوڵ دان بۆ بیر و بڕواکان ترسناک ترنییە،بەڵام دەکرێ فەرهەنگسازی بۆ بکەین و ئەو هەوڵانە بەرەو ئاقارێکی باش هدایەت بکەین وەک کەسانێکی ڕۆشنبیر!

بۆیە با ئێمە ئەو کەسە گەوجانە نەبین کە بە چاولێکردن و لاساییکردنەوەی ئەو نەریتە ناشیرینانە،داهاتووی خۆمان و داهاتووی کۆمەڵگاکەمان لە عەسری وەحشێتیدا بهێڵینەوە.