زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

 

لەبەرەبەریی ٢٥ی مانگی نۆڤەمبر داین، لەم ڕێکەوتەوە تا ١٦ رۆژ  بۆ جەختکردنەوە لەسەر نا گوتنێکی سەراسەری بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، دیاریکراوە. لەم ١٦ رۆژەدا کەمپەینی جیهانی (جیهان پرتەقاڵی بکەین) ڕێک دەخرێت.

هەر لەم پەیوەندیەدا بۆ زیاتر ناساندنی هەموو ئەو هەوڵانە کە بۆ بردنەسەرەوەی وشیاری ژنان و کۆمەڵگا و هەروەها کەمترکردنەوەی ڕادەی توندوتیژیەکان بەرانبەر بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ دەکرێ وتووێژێکمان لە گەڵ چوار خاتوونی تێکۆشەر پێک هێناوە.

 

شایانی باسە ئەم سێ هاورێ بریتین لە خاتوون شنە درودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان ئێران ، خاتوو شنۆ چایچی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها خاتوو نەرمین عوسمانی ئەندامی پێشوویی بەڕێوەبەری یەکەیتی ژنان لە دەرەوەی وڵات و خاتوو مەهتاب خزری پێشمەرگەی کوردستان

لەم وتووێژیە هەوڵمان داوە هەرکام لەم چوار هاورێ بە پێی ئەو پێگە و هەڵکەوەتەی کە لێ دەژین پێناسە و ڕێکارەکانی خۆیان سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان بدوێنین.
 

وتووێژی خاتوو مەهتاب خزری،  ئەندامی پێشوویی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەی کوردستان


 

جەنابتان وەکوو ژنێکی خەباتکار پێتوایە ژنانی خەباتگێڕ تاچەند توانیویانە بە وشیاری و پشت  بە خۆبەستن ڕێژەی توندوتیژی لەسەر خۆیان کەم بکەنەوە؟

دیارە هەر کچێک یا ژنێک کە رێگای خەبات هەڵدەبژێرێت کەسێکی جیاوازە،

بوێری ئەوەی تێدایە کە داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات  و پشت بە خۆی ببستێت و لە ڕەوتی خەباتدا زیاتر تواناکانی خۆی بناسێت.

بۆیە کە ژنێک لە سەنگەری خەباتدا بێت  نەک هەر بۆ مافەکانی خۆی بەڵکوو بۆ مافی هەموو ژنانی کۆمەڵگا هەوڵ دەدات و جا لە هەر سەنگەرێکدابێت لە رێکخراوێکی سنفی یا حیزبێکی سیاسی

بۆیە منیش چ وەک پێشمەرگەیەک چ وەک ئەندامێکی یەکیەتیی ژنان هەموو هەوڵی خۆمم داوە  توانیومە بەسەر زۆرێک لە بەربەست  و تەنگژەکاندا زاڵ بم، مافەکانی خۆم چ لە نێو حیزب چ لە بنەماڵەدا دەستەبەر بکەم .

_٢ ژیان  و خەباتی ڕێکخراوەیی چ جیاوازییەکی لەگەڵ ژیانێکی ئاسایی هەیە بۆ ژنان؟

جیاوازی زۆرە بەڵام من  نموونەیەک دەتوانم باس بکەم

کە ژنێک دەچێتە نێو رێکخراوێک دنیایەکی جیاواز لە ژیانی ئاسایی دەبینێ. بەتایبەت کە باس لە پێشمەرگەیەک بکەی ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ پیاوان جیاوازە و بۆ ژنان ئەو جیاوازییە چەند قات دەبێت تۆ یەکەم هەنگاو تابۆیەکت شکاندووە و رێگای خۆت هەڵبژاردووە، دواتر خۆت لەگەڵ براکانت لە سەنگەرێک دا دەبینی و هەست بە بوونی خۆت دەکەیت و شانازی بە خۆت دەکەی چۆنکە تا ئەو کات تۆ کەمتر لە پیاو سەیر دەکرای بەڵام ئیستا بە کردەوە دەیسەلمێنی کە  من هیچم لە پیاو کەمتر نییە بۆیە نابێ مافیشم کەمتر بێت.

 

3_  هەروەک دەزانین توندوتیژی چەندین جۆرە بەڕای ئێوە کاریگەرترین و ڕووخێنەر ترینی توندوتیژی کام جۆرە؟

بەڵێ وایە بەداخەوە جۆرەکانی توندوتیژی زۆرن کاریکەری زۆر نەەرێنی لە ژیانی ژناندا درووست دەکەن ناتوانین پلەبەندی بکەین .

بەڵام بە بڕوای من ترس و تۆقاندنی بەردەوام و دابڕانی ژن لە دەروبەری، جیهانێکی بچوک بەنێوی خانەوادە درووست کردن بۆ ژنان و لێسەندنەوەی هەموو تواناکانیان بەربڵاوتر و کاریگەر ە،  ژنان وا  باردێنن  کە  باوەڕ بەخۆبوونیان کەم بکەنەوە، وا هەست دەکەن کە پیاو نەبێت ناتوانن ژیان بکەن و بەداخەوە ئیستا لە کۆمەڵگای رۆژهەڵات و لە سایەی سیاسەت و قانوونەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا ژنان بوونە قوربانی  و هەر ستەمێکیان لێبکرێت ناتوانن دەنگی ناڕازی خۆیان دەرببڕن.

 

 4_  جەنابت وەک ژنە پێشمەرگەیەک کە لە حیزبێکی دێموکراتدا دەژیت، دەکرێ بڵێی ژیانی ڕێکخراوەیی تاچەند توانیویەتی وشیارت بکاتە لەوەیکە لەبەرانبەر توندوتیژیدا بێدەنگ  نەبیت ؟

بەڵێ بۆ پرسیاری پێشتر ئاماژەم  پێکرد کە لە رەوتی خەباتدا زیاتر بە ماف و ئەرکەکانی خۆت ئاشنا دەبی و دەزانی چۆن داکۆکی لە خۆت بکەی.

 من هەم پێشمەرگە و هەم ژنە پێشمەرگە بۆیە زیاتر  هەوڵم داوە توانیومە داکۆکی لە مافەکانی خۆم و ژنانی تربکەم.

 

5_ هەر ژنێک بەجۆرێک یەک یاچەند شێوە لە توند و تیژی بەرانبەر کراوە،  وەک ژنە پێشمەرگەیەک چی دەڵێی بەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە؟

  بەداخەوە ژنان قوربانی یەکەمن بۆ تووندووتیژی  جۆری شوێنی جیاواز بەڵام یەکەم رێگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی  وشیارکردنەوەی ژنانە کە ژنان وشیاربن و ئەو ستەمە بۆخۆیان بەرەوا نەبینن و بەرەگاری ببنەوە لایەنی بەرانبەر تێبگەیەنن کە تۆ ناتوانی ستەم لە من بکەیت.

 دەڵێن مەزڵوم زاڵم درووست دەکات

 ئەم رستەیە بۆ ئەم بابەتەش ستق دەکات ئەگەر ژنان رێگە نەدەن ستەمیان لێبکرێت پیاوانیش دێنە سەر ئەو قەناعەتە کە نابێ ستەم  لە رەگەزی بەرانبەر بکەن.

بەهەمموو ژنان دەڵێم ئەرک و مافی خۆت بناسە و بە شێوەی مومکین  و دیالۆک و لێک تێگەیشتن  لەگەڵ بەرابەرەکەت مافەکانی خۆت دەستەبەر بکە .

بە هیوای داهاتویەکی گەش و دوور لە توندوو تیژی بۆ هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئازادی و رزگاری کوردستان و بنیات نانی حکومەتێکی دێمووکراتیک .