زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

 

لەبەرەبەریی ٢٥ی مانگی نۆڤەمبر داین، لەم ڕێکەوتەوە تا ١٦ رۆژ  بۆ جەختکردنەوە لەسەر نا گوتنێکی سەراسەری بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، دیاریکراوە. لەم ١٦ رۆژەدا کەمپەینی جیهانی (جیهان پرتەقاڵی بکەین) ڕێک دەخرێت.

هەر لەم پەیوەندیەدا بۆ زیاتر ناساندنی هەموو ئەو هەوڵانە کە بۆ بردنەسەرەوەی وشیاری ژنان و کۆمەڵگا و هەروەها کەمترکردنەوەی ڕادەی توندوتیژیەکان بەرانبەر بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ دەکرێ وتووێژێکمان لە گەڵ سێ خاتوونی تێکۆشەر پێک هێناوە.

 

شایانی باسە ئەم سێ هاورێ بریتین لە خاتوون شنە درودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان ئێران ، خاتوو شنۆ چایچی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها خاتوو نەرمین عوسمانی ئەندامی پێشوویی بەڕێوەبەری یەکەیتی ژنان لە دەرەوەی وڵات.

لەم وتووێژیە هەوڵمان داوە هەرکام لەم سێ هاورێ بە پێی ئەو پێگە و هەڵکەوەتەی کە لێ دەژین پێناسە و ڕێکارەکانی خۆیان سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان بدوێنین.
 

وتووێژی خاتوو نەرمین عوسمانی،  ئەندامی پێشوویی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدەرەوەی وڵات


 

                                              

-جیاوازی و شێوازی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان لە کوردستان و ئوروپا لە چیدایە؟ چ لە چوارچێوەی یاسادا چ لە نێو کۆمەڵگادا؟

 سەرەتا سوپاس بۆئەم دەرفەتە و بۆھەڵبژاردنی ئەو بابەتە گرینگە کە پەیوەندیدارە بە ژنان و ماف و ئازادییەکانیان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.

توندتیژی یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی کۆمەڵگایە کە لە ھیچکام لە کۆمەڵگاکاندا بە تەواوی بنبڕ نەکراوە. بەو واتایە کە ناتوانیت کۆمەڵگایەک یان وڵاتێک ناو ببەن کە توندوتیژی بەرانبەر بە پێکھاتەکان بە تایبەت ژنان تێیدا بوونی نەبێت. بەڵکو دەکرێ جۆری توندوتیژییەکان و ڕێژەی ئەو توند وتیژییانە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکیتر جیاوازیی ھەبێ کە ئەوەش دوو ھۆکاری سەرەکیی لە پشتە، یەکەمیان سیستەمی سیاسی  وڵاتان و لایەنی دووەم ئاستی وشیاری تاکەکانی کۆمەڵگا لە سەر ماف و ئازادییەکانیانە .

لەو وڵاتانەی ئازاد و دێموکراتن، واتا سیستەمی سیاسییان لەسەر ئەساسی بەها دێموکراتیکەکان بنیات نراوە، بێگومان دەرفەتی زیاتر بۆ یەکسانی لە نێوان پێکهاتەکاندا دەبینرێت، چونکە سیستەمی سیاسی بەرپرسیارە لە پاراستنی مافی هاووڵاتیان و یاسای ئیدارەکردنی وڵات پشتیوانیی سەرەکیی پێکهاتەکانی کۆمەڵگایە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان هەوڵەکانیان لە ڕاستای یەکسانیان لە ئەرک و مافدا جێگیر بکرێت. بۆیە لێرەدا ئەو توندوتیزژییانەی لە وەها وڵاتێکدا دەبینرێت لە ڕێژەدا زۆر کەمتر لە وڵاتانی دیکتاتۆر و دواکەوتون. هەروەها  لە جۆری توندوتیژییەکانیشدا دەتوانین بڵێین کە ئەوەیکە لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا و یەک لەوان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا وەک لە سێدارەدان، دەستدرێژی کردنەسەر ژنان لە بەندیخانەکاندا، کوشتن، سوتاندن، ئەسید پێدا پڕژاندن و دەیان تاوانیتر کە سیستەمی سیاسی پەرەپێدەریانە، لە قالبی توندوتیژی چۆتە دەر و دەتوانین وەک تاوان نێویان بەرین!  لەو کۆمەڵگایەدا بەر لە تاکەکان سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە دژی ئازادی و یەکسانیی پێکھاتەکانی کۆمەڵگایە، واتا سیستەم خولقێنەری تاوان و توندوتیژییە و لە ڕاستیدا چەوسێنەرە، بۆیە شایانی بەراورد کردن لەگەڵ هیچ کۆمەڵگا و وڵاتێکیتر نییە.

چونکە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بابەتەکە بە پێچەوانەوە دەبینین، بەر لە ھەموو شتێک لە سیستەمی سیاسیدا پێگەی پێکھاتەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان دیاری کراوە و بە ڕوونی دان بە مافەکانیان دانراوە. ئەوەش ھۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی ژنان ڕۆڵی خۆیان لە ئاست کۆمەڵگادا ھەست پێ بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ سەرخستنی پرۆژەی گەشەسەندنی کۆمەڵگاکەیان.

بۆیە ئەگەر چەوسانەوە یان توندوتیژی لەو کۆمەڵگایەدا ھەست پێبکرێ ڕەنگە لە بواری جێگێرکردن و چەسپاندنی  مافی یەکسانی بە ڕێژەی ٪‏١٠٠ لە بوارە جیاکاندا بێت.

 ئەگەر بازاڕی کار و نرخی کارکردن لە نێوان ژن و پیاودا بە نموونە بێنینەوە، جیاوازییەکە لەوەدا دەردەکەوێ کە ڕەنگە نرخی کاتژمێری کار لە ھەمان کار لە نێوان پێاوێک و ژنێکدا بە ڕێژەیەکی کەم جیاوازی ھەبێ، بۆیە ژنان ئەوە بە توندوتیژی دەبینن و خەبات دەکەن بۆ کۆتایی ھێنانی .

ئەوەش سەلمـینەری ئەوەیە کە مەودای نێوان خەباتی یەکسانی خوازی ژنان لە وڵاتانی ئاسیایی و وڵاتانی ڕۆژئاوایی مەودایەکی زۆرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

 

- ڕای ئێوە لەسەر بابەتی توندوتیژی ژنان دژ بە ژنان چیە، ئایا ئەم مەسئەلە ڕاستە و وجودی هەیە؟!  ئایا ژنان کە خۆیان بە گشتی دەچەوسێندرێنەوە، خۆیشیان دیسان بەرانبەر بە یەک نامهرەبانن؟

 ئەگەر توندوتیژی وەک هەرجۆرە هەڵسوکەتێک، بۆ بەکەم وەسف کردنی تاک یان پێکهاتەیەک ببینین، یان هەرجۆرە کردەوەیەکی نالۆژیکی بۆ بەردەوام بوونی چەوسانەوەی تاک یان پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا ببینین، بەڵی دەکرێ بڵێین وەھا شتێک لە کۆمەڵگادا بە داخەوە بوونی ھەیە، کە ژنان ڕۆڵیان لە بەرز بوونەوەی ئاستی توندوتیژی بەرانبەر ڕەگەزی خۆیان ھەبێ و زۆر جار ئاگاهانە یا نائاگاهانە کۆمەڵێک ھەڵسووکەوت دەنوێنن کە وەک توندوتیژییەک بەرانبەر ژنێکیتر یان ڕەگەزی خۆیان دەردەکەوێت. ئەوەش لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێن زیاتر لەو کۆمەڵگایانەدا رەنگ دەداتەوە کە سیستەمی سیاسیان تا هەنووکەش سیستەمێکی دیکتاتۆرە کە باس کردن لە هەرجۆرە ماف و ئازادییەک تێیدا لەگەڵ سزای قورس رووبەڕوو دەبێتەوە. یان ئەو کۆمەڵگایانەن کە ئاسەواری دیکتاتۆری پێشوو بە سەریانەوە کاریگەریی ماوە و پێکهاتەکانی نەیانتوانیوە گۆڕان و کراوەییەک لە بیرکردنەوەیاندا پێک بێنن.

ئەمە وای کردووە کە زۆر جار لە کۆمەڵگادا کاتێک سەرنج دەدەیتە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بەو ئەنجامە دەگەیت کە ھەم تاوانبار و ھەم تاوان لێکراو خودی ژنانن .وەک نمونە بۆ ڕێگری کردن لە فرەژنی لە کۆمەڵگادا، ئەگەرچی سەرەتا تیشک دەخرێتە سەر یاساکانی تایبەت بەو بابەتە لە کۆمەڵگا کە تا چەند یارمەتیدەرن بۆ چارەسەریی  ئەو کێشەیە، بەڵام پێویستە ڕەخنە لەو ژنانە بگیردرێ کە خۆیان خوازیارن بۆ ئەوەی ھەمان سیستەم لە کۆمەڵگادا بەردەوام بێت واتا ژنان خۆیان خوازیارین لە گەڵ پیاوانێک ژیانی ھاوبەش پێک بێنن کە لە گەڵ کەسێکیتر لە ژیانی ھاوبەشدا بەردەوامن!

لە ئاستی خەباتی یەکسانییخوازی ژنانیشدا، خۆ بە ئەرکدار نەزانین و ھاوکار نەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان بۆ هاوخەباتی و ھاودەنگی  بەدژی ھەموو ئەو سیستەم، یاساو عوروفانەی کۆمەڵگا کە پارێزگاری مانەوەی کولتوری چەوساندنەوەی ژنان دەکەن، بۆتە ھۆکار کە ژنان دیواری ھیوا لە سەر پشتیوانیی ڕەگەزی بەرانبەرھەڵچنن و لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خۆیان دا نەبن! ئەوە بەو مانایە نییە کە نابێ ڕەگەزی نێرینە یان پێکهاتەکانیتری کۆمەڵگا ھاوکار بێ بۆ یەکسانی لە کۆمەڵگادا، نەخێر هاتنە دەنگی ژنان چەندە پێویست و زەروورە  بەو ڕادەیەش پێشوازی کردن و پشتیوانی پێکهاتەکانیتری کۆمەڵگا لەو داخوازییە گرینگە، بەڵام دەبێ ژنان لە قۆناغی یەکەمدا خۆیان بە ئەرکدار بزانن و خۆیان و ئیرادەی خۆیان بە ئامرازی سەرخستنی ئەو خەباتە بزانن .

 

- پێتانوایە ڕۆڵ و چالاکیی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان تا ئێستا توانیویەتی ئاستی وشیاری کۆمەڵگە لە مەڕ بابەتی توندوتیژی بەرێتە سەرەوە؟ پێتان وایە پێویستە چی بکرێت لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بەرانبەر ژنان؟

 ژنان بە گشتی و رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان رۆڵێکی گرینگ و شوێندانەریان لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان گێڕاوە، بەوواتایە کە لە ھیچکام لە بڕگەکانی خەباتدا ژنان لە بەشداریکردن و ئەرک بەجێ گەیاندن سڵیان نەکردووە، جا ئەو خەباتە چ خەباتێکی سیاسی و نەتەوایەتی بێ یان خەبات بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆمەڵێک دیاردەی دزێو لە کۆمەڵگادا کە رۆڵیان لە بە دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگادا هەبووە. ژنان شانبەشانی باقی پێکھاتەکانیتری کۆمەڵگای کوردستان بەشداریی چالاکانەیان لە بەھێزکردنی بزوتنەوەی نەتەوایەتیدا ھەبووە. ئەوە بەو مانایە دێت کە ڕزگاری نەتەوایەتی و دەستەبەر بوونی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد ئەولەویەتی خەباتی ھەمەلایەنە بووە و ھەیە! لە پاڵ ئەو خەباتەدا ژنان ھەوڵیان داوە ئاوڕ لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی تایبەت بە خۆیان لە کۆمەڵگادا و جێگیر کردنی مافەکانیان بدەنەوە. ئەوەش دەرخەری ئەو راستییە کە لە نیشتمانێکی داگیرکراودا و لە دۆخێکدا کە دوژمنانی نەتەوەی کورد لە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتی ئەو نەتەوەیە دەدەن، نەکراوە و ناکرێ ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگای کوردستان هێزی خۆیان بۆ بەرگری و داکۆکیکردن لە نەتەوەکەیان نەخەنە خزمەت خەباتی نەتەوایەتی! واتا خواستی ژنان بەرلەوەی خواستێکی سێنفی و کۆمەڵایەتی بێت، خواستێکی سیاسییە و گرێدراوە بە رزگاری نەتەوایەتی نەتەوەی کوردەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆکار کە تەنانەت ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانیش لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانی ئەو وڵاتەدا و بە شێوەی ناراستەوخۆ لەگەڵ ژنان لە پەیوەندیدا بن و کار لەسەر رێکخستنیان بۆ هاتنە مەیدان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان بکەن.

لێرەدا نامهەوێ ئەوانە وەک پاساو بۆ چاوپۆشیکردن لە رەخنەکانی سەر رێکخراوەکانی ژنان بێنمەوە، چونکە پێموایە زۆر کاری گرینگ کە رێکخراوەکانی ژنان دەبا کردبایان و دەتوانرا بیکەن نەکراوە ! یەکێک لەو کارانە پرسی پەروەردە و پێگەیاندنە کە هەست دەکەم رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان لە کوردستان بە گشتی و لە رۆژهەڵات بەتایبەتی لەو چوارچێوەیەدا نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان لە ئاست چاوەڕوانییەکان بەجێ بگەیەنن. ئەگەر نموونەیەک لەو بارەوە بێنینەوە و رۆڵی ژنانی کورد لە دەرەوەی رێکخراوە سیاسییەکاندا بخەینە روو دەتوانین بڵێین، ژنانێک کە چالاک و داکۆکیکاری مافی ژنان بن رێژەیان لە ئاستێکی هەرە نزم دایە، ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان رێژەی ژنان لە چوارچێوەی خوێندندا بەرزترە لە رەگەزی بەرابەریان. بەتایبەت ئەو ژنە کوردانەی کە لە تاراوگە ساڵانێکە ژیان دەکەن و زۆریان توانیویانە خوێندن لە ئاستی زۆر بەرزدا تەواو بکەن، کەچی بەتەواوی دورەپەرێزن لە ئەرکی خۆیان وەک ژنێک بۆ خزمەت بە کۆمەڵگاکەیان و بەتایبەت پرسی ژنانی کورد. ئەوانە و زۆر بابەتیتر لە ڕاستیدا ئەرکی رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانن کە ئاوڕیان لێبدرێتەوە و ئاوێتەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی کوردیان بکات و وەک سامانێکی پەروەردەکراو ڕۆڵیان لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی ئەو خەباتە گەشە پێبدات. چونکە ئەرکی ریکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان ئەوەیە کە بتوانی لە ئاست خواست و چاوەروانیەکانی ئەو پێکھاتە گرینگەی کۆمەڵگادا بێت و بتوانی هێز و تواناییەکانیان بۆ مەیدانی خەبات بگوازێتەوە و دڵنیایان پێ بدات لە سەرکەوتن و داهاتوویەکی گەش.

 من پێموایە ئازادی و یەکسانی زامنی سەرەکیی پێشکەوتنی کۆمەلگاکانن و تا کۆمەڵگایەک ئازاد نەبێ و تاکەکانی تێیدا مافەکانیان پارێزراو نەبێت، ناتوانێ قۆناخی دواکەوتوویی خۆی کۆتایی پێ بێنێت. هەروەها ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئێستا بە ئازاد و دێموکرات نێو دەبرێن لە سەرەتاوە بەو شێوەیە نەبوونە و بە دڵنیاییەوە نرخی گرانیان بۆ بەرهەمهێنانی ئەوڕۆیان داوە. جا چ لە چوارچێوەی بەرەنگار بوونەوەی  سیستەم و یاسایەکی دواکەوتووانەدا بووبێت یان لە چوارچێوەی هەست کردن بە بەرپرسیارەتی و گرینگیدان بە پەروەردەیەکی ئاگاهانە کە ئەوڕۆ و ژیانی پێشکەوتوانەیانی پێ بنیات بنێن.

 

بۆیە پێشنیارم بۆ رێکخراوەکانی ژنان ئەوەیە کە زیاتر ھاوکار بن بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی ژنانی کورد و زانیاری و تواناکانی ژنانی کورد لە ھەرکوێیەکی دونیا بێ بگوازنەوە بۆ تێکۆشانی خۆیان چونکە لە راستیدا ئەوان ھێزی سەرەکی و سەرمایەی گرینگی ئەو کۆمەڵگایەن بۆ گۆڕانێکی بنچینەیی و بونیاتنانی داهاتوویەک کە شایانیان بێت!