زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

زنجیرە وتووێژی سایتی ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

لەبەرەبەریی ٢٥ی مانگی نۆڤەمبر داین، لەم ڕێکەوتەوە تا ١٦ رۆژ  بۆ جەختکردنەوە لەسەر نا گوتنێکی سەراسەری بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، دیاریکراوە. لەم ١٦ رۆژەدا کەمپەینی جیهانی (جیهان پرتەقاڵی بکەین) ڕێک دەخرێت.

 

لەساڵی ١٩٩٩ی زاینیدا ئەم ڕۆژە تایبەت کراوە بۆ بەگژدا چوونەوەی هەرچەشنە تووندوتیژی دەرحەق بە ژنان کە بە هۆی ڕەگەزیانەوە تووشی دەبن.

 

دیارە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرەڕایی ئەوە کە چالاکی کەمپەینەکانی تایبەت بە ناساندنی توندوتیژی ورێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و نابەرابەری بەدژی ژنان و هەروەها زانیاری گەیاندن بە کۆمەڵانی خەڵک بە تایبەت ژنان، هێشتا هەر شاهیدی روودانی توندوتیژیی و کوشتن و ئازاردانین  و بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو کۆمەڵگا لە ئارادایە.

 

هەر لەم پەیوەندیەدا بۆ زیاتر ناساندنی هەموو ئەو هەوڵانە کە بۆ بردنەسەرەوەی وشیاری ژنان و کۆمەڵگا و هەروەها کەمترکردنەوەی ڕادەی توندوتیژیەکان بەرانبەر بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ دەکرێ وتووێژێکمان لە گەڵ سێ خاتوونی تێکۆشەر پێک هێناوە.

شایانی باسە ئەم سێ هاورێ بریتین لە خاتوون شنە درودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران ، خاتوو شنۆ چایچی پێشمەرگەی حیزبی دموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها خاتوو نەرمین عوسمانی ئەندامی حیزب لە دەرەوەی وڵات.

 

لەم وتووێژیە هەوڵمان داوە هەرکام لەم سێ هاورێ بە پێی ئەو پێگە و هەڵکەوەتەی کە لێ دەژین پێناسە و ڕێکارەکانی خۆیان سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان بدوێنین.

 

خاتوو شنە درودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ئێران
 

 بەپێی داتا و ئامارەکان ڕێژەی کوشتن و ئەشکەنجەی ژنان بە دەستی پیاوان لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرزە، پێتان وایە ئەم حاڵەتە توندوتیژیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-ئەگەر سەیری کۆمەڵگای کوردی بکەین دەبینین کە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار و سونەتییە، ئیستاش کۆمەڵێک پرس و باس هەن کە جێگای خۆیان نەکردۆتەوە و بەردەوام دەبنە کۆسپ بۆ کۆمەڵگا، هەر ئەمەش وایکردووە کۆمەڵگاکەمان بە چەق بەستوویی بمێنێتەوە. بەڵام بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان و هەروەها بوون و بەربڵاویی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە کە تاکی ژن، هەست بەو دواکەوتوویی و چەق بەستووییەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە ڕەگەزی ژنان بکات، هەر بۆیە بە خۆشییەوە ژنانیش بەرامبەر بە ئەم گۆرانکاریانە بێدەنگ نەبوون و هەوڵیانداوە کاری بۆ بکەن و ببنە سەرچاوەی گۆرانکارییەکان. بەڵام لە ڕاستیدا و لە ئێرانی ئێستادا، ئەو یاسا دواکەوتوانەی ڕێژێمن کە سەرچاوەی توندووتیژین و توندوتیژی خوڵقێنن. بۆیە زۆر جار بە بیانووی یاساوە پیاوان زۆر بە ئاسانی دەتوانن ژن بکوژن و ڕووبەڕووی هیچ سزایەکیش نەبنەوە. ئەمانە و زۆری دیکە هۆکاریی زۆربوونی ڕێژەی کوشتن و ئەشکەنجەدانی ژنانن لە ئیراندا.

 

  وەکوو سکرتێری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان قسەتان بۆ ژنانێک کە بە شێوەی بەردەوام توندوتیژی ئەزموون دەکەن چییە؟ دەبێ چیبکەن تاکوو نەبنە قوربانی و هەروەها قوربانیانێک بۆ داهاتوو پەروەردە نەکەن؟ ئه‌ركی حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌م پێناوه‌دا چییه‌؟

-سەرەتا دەبێ ئیمەی ژنان ئاشنا بین بە جۆرەکانی توندوتیژی و بیانناسینەوە. چونکە هەندێکجار بەهۆێ نەزانین لەسەر جۆرەکانی توندوتیژی زۆڕ بە سادەیی لێی تێپەڕ دەبین و باسی ناکەین. دواتر دەبێ بە نیسبەت ژنان لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەک بێدەنگ نەبین و باسی بکەین، بۆ ئەوەی کەسانی نزیک لێ ئاگادار ببنەوە و پاشان کەسی ئەنجامدەریش بناسرێ. ئەوە وەک ئەرک دەکەوێتە سەرشانی رێکخراوە مەدەنییەکان و حکوومەت کە یاساکانی دژی توندوتیژی ژنان زیندوو و هەموار بکرێنەوە  و بۆ هەر جۆرە توندوتیژییەک سزای تایبەت دەستنیشان بکرێت. هەروەها پێویستە ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا سەبارەت بە توندوتیژی و کاریگەرییەکانی بۆسەر نەوەی داهاتوو بەرز بکرێتەوە و لەو رێگایانەوە دەتوانین رێژەی توندوتیژی کەم بکەینەوە.

توندوتیژی  دژ بە ژنان  فرەڕەهەند و بەربڵاوە. جگە لە توندتیژییە باوەکانی وەکوو جەستەیی، ڕەوانی، بنەماڵەیی، سوننەتی و مەزهەبی، توندوتیژی یاساییش دەور و گاریگەریی لەسەر دۆخەکە هەیە. بۆیە کاتێک توندوتیژی بە یاسایی کرا، هۆکار و بەرنجامەکان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبن.

 لە حکومەتی ئێران و کۆمەڵگەی ژێردەستەیدا کام جۆر توندوتیژی زیاترین کاریگەری لە سەر ئەندامانی کۆمەڵگا دادەنێت و قوربانییەکان کام چین و توێژن؟

-جۆرەکانی توندوتیژی زۆرن، هەر یەک لەو جۆرانەش کاریگەریی و ئاسەواری خۆی بەجۆرێک دادەنێت. بەڵام ئەوەیکە کاریگەرییەکانی زیاترن و بە تەواوی لە کۆنترۆڵ دەچێتە دەرێ و لە بەرامبەریدا پاساوی یاسایی بۆ دەهێنرێتەوە، توندوتیژیێکە کە سەرچاوەکەی یاسایە. بۆ نموونە لە یاسای سزای ریژمی ئێراندا لە ماددەی 630 دا هاتووە کە، پیاوێک خێزانەکەی لەگەڵ پیاوێکیتر ببینێت بە بێی هیچ دوودڵی و هیچ بەڵگەیەک دەتوانێ بیکوژێ و لە بەرامبەردا هیچ سزایەک وەرنەگرێ.

بەداخەوە زۆر جار بەو بیانووە ژنان بونەتە قوربانی دەستی پیاوان و هیچ کاتیش سزای خۆیان وەرنەگرتووە. دەتوانین بڵێین ژنان لە هەموو چینەکاندا ڕووبەڕووی ئەو جۆرە توندوتیژیانە دەبنەوە، بەڵام لە ئێستای ئێراندا ڕێژەی زۆری ئەو توندووتیژیانە لە چینی هەژاردا روو دەدات، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی نالەباری ئابووری خەڵک. بەجۆرێک کە شیرازەی بنەماڵەکان تێک دەچێ و تەحەمول کردن کەم دەبێتەوە و هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە رووی دەروونیەوە فشاری زۆر لەسەر بنەماڵە دروست دەبێت و بۆ خاڵی کردنەوەی خۆیان، پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن. لێرەدا دوبارە ژنان چینی بێ دەسەڵاتە، بۆیە ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییە دەبێتەوە.