ئاورێک لە دۆخی ژنان بە بیانووی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە

ئاورێک لە دۆخی ژنان بە بیانووی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە

نووسین: شەهلا کاوە


ڕۆژ بۆ ڕۆژ زیاتر باس لە ناعیداڵەتی و بێبەشی و چەوساندنەوەی ژنان لە خێزان  و کۆمەڵگا و یاسای بەڕێوەبەریدا دەکرێ و ئەم مەسەلەیە هەموو سووچ و قوژبنێکی دنیای گرتۆتەوە کەچی نەک هەر زوڵم  و چەوساندنەوە نەوەستاون، بگرە گیان لێ ئەستاندنی ژنان بە دەستی شوو، برا، باوک و.... هەروا بەردەوامە، بەشێوەیەک کە ئیتر ئەم مەسەلەیە تادەڕوا  گەورەتر دەبێ  و کۆمەڵگا کۆڵەوارتر دەکات و کێشەی دەروونی هەڵچوونەکۆمەڵایەتییەکان تابێ زیاتر دەبێت و ڕێژەی منداڵانی تەڵاق هەڵدەکشێت.

لەوانەیە مەسەلەی  پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و پێکەوەنانی چوارچێوەیەکی پڕ لە کەرەستە وپێداویستی پێکەوە ژیانی دوو کەس لە نەزەری هەموواندا شتێکی ئاسایی ڕۆژانە بیت، بەڵام دەسپێکی ژیانی هاوبەشی کچ و کوڕیک و بنیاتنانی بنەماڵە زۆر لەوە گرینگترە .

جا ئەگەر ئەم کچ و کوڕە کاڵ و نەبەکامە بڕیار بدەن ببن بە دایک و باوک، ئیتر لێرەدا قووڵایی کارەساتەکە بە هاتنە دنیای نەفەری سێهەم [منداڵ]  خۆی دەردەخات و بەرپرسیارەتی زیاتر و چۆنییەتی هەڵسووکەت کردنی دایک و باوک چ لەگەڵ یەکتر چ لەگەڵ منداڵ  شوێندانەری هەتاهەتایی دەبێت و ئەمەیە پێشەکی چۆن شکڵگرتنی کۆمەڵگای پاش خۆیان .

ئەو کچەی دەچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە.

دیارە لە بەخێوکردنی منداڵدا دایک و باوک هەردووکیان هاوبەشن بەڵام لەم نێوەشدا ژن [دایک] دەتوانێ شوێندانەرتر بێت و کاریگەریی قسە و هەڵسووکەوتی دەتوانێ کەسایەتی منداڵەکەی شکڵ بدات، ئەو کچەکەم تەمەنەی کە لەماوەیەکی کورتی ژیانیدا چەندین شێوە توندووتیژی ئەزموون کردووە و نە بە دڵی خۆی ژیاوە و نە ترسی لە دەربڕینی حەزەکانی شکاوە و بە زۆربەیان نەگەیشتووە وەک ڕق لە دەروونیدا پەنگی خواردووە، ئەگەر پێش بە دایک بوونی بە دڵی خۆی ژیان نەکات و قۆناغەکانی هەرزەکاری تەواو نەکات و وشیار نەکرێتەوە و زانیاریی پێویست وەرنەگرێ بۆ ئەوەی نەهێڵێ منداڵەکەی سەختییەکانی خۆی ئەزموون بکات، دەتوانێ ببێتە بووکی ماڵان  وهاوسەر و دایکی سەرکەوتوو؟ باشە ئەو کچەی کەهەر لەگەڵ باڵاکردنیدا بەرپرسیارەتییەکی وەها مەزنی دەدنێ لە کۆمەڵگایەکی تاخوا حەزکات پڕ کێشە دەبێ چ دەرەنجامێکی تاڵ و مەترسیگەلێکی گەورە لەسەر ڕێگای دابێت بە بێ هیچ پشتیوانێک کە دواتریش هەر کچە تاوانباری دەناسرێت هەموو ناخۆشییەکان بەسەریدا دەشکێتەوە.

ئەو کچە مێرمنداڵەی پێشوەختە دەنێردرێتە ماڵی مێرد خۆی پەروەردە بووە؟ بەجۆرێک کە بەرز  و نزمییەکانی ژیان  ببڕێت و ئەژنۆی پێ شل نەبێت؟ .چۆن دەکرێ کچێک  کە هێشتا دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە خۆی ببینێتەوە و بڕوا بەخۆبوون لە وجودیدا دروست وپەرەی نەگرتووە، دەکرێت بەڕێوەبردنی بنەماڵەی لە ئەستۆ بخەیت؟

 

عەداڵەتی ژیان بۆ دوو ڕەگەز

 

زۆرجار کە باسی مافی ژنان دەکرێت، زۆربەی هەرەزۆری پیاوان  و کاتی واش هەیە خودی ژنان هەڵوێستی توند دەگرن وەک بڵێی لە شتێک دەترسن کە نەکا پێگەیان پێ لێژ بێت و ئەوان و ئەو بیرە چەندین ساڵەیەی پێی ژیاون کەوێتە مەترسییەوە، زۆرێک لە پیاوان دەستڕاگەیشتنی  ژنان بە عەداڵەتی یەکسان بە لە پەراوێزخستنی خۆیان دەبینن و پێیانوایە کە ژن ڕۆشن و وشیار بوویەوە ئیتر ئەوان جێگە و پێگەیەکیان لە ژیان، خێزان ، کۆمەڵگا و تا دەگاتە سیستمی بەڕێوەبەریدا نامێنێ، ئەم تێڕوانینەی پیاوان دەکرێ جێگای تێفکرین و کار لەسەر کردن بێت، چۆن؟

دەکرێ بڵێین بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عادەتە هەزاران ساڵەیەی کە پیاوی وەک بڕیاردەری ئەوەڵ و ئاخر و ژنی وەک جێبەجێکارێک کە بێ ئەملاوئەولا دەبێ گوێڕایەڵ بێت، یان ناشارەزایی لە داوا کردنی مافی ژیان لە لایەن کەس یان چالاکانی ژنەوە وایکردووە کە پیاو وابیر بکاتۆ ئەگەر ژن بە خواستی خۆی بگات ئیتر پیاو لە پەراوێز دەخرێت وئەوجار ئەو دەچەوسێتەوە، گرینگە زیاتر کار لەسەر چۆنییەتی بەیانی داواکان و متمانە بەخشین بەپیاو بکرێت کە پاراستنی کەسایەتی و دەستەبەر بوونی مافەکانی ژنان نەک هەر پیاو لە پەراوێز ناخات بگرە ژیان لەسەر ئەساسی ڕێکەوتنی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستی و بەشداری دوولایەنەی ژن و پیاو لە پرسە جیاجیاکانی ژیان و کۆمەڵگادا فەزایەک  دەخولقێنێ کە پیاویش بە ڕاددەی ژن لەو بەختەوەرییە سوود دەبینێ، چوونکە ئەو ژنەی ویست وحەزەکانی ژێر پێی نراوە، ئەو ژنەی لە بڕیارداندا هیچ ڕۆڵێکی نییە، ئەو ژنەی ڕێگەی خوێندن و گەشەی لێدەگیرێت، ئەو ژنەی بەردەوام دەشکێتەوە، ناتوانێ فەزایەکی پڕ لە میهرەبانی و نەرمی کە بە دیهێنەری ئاواتەکانی هەموو خێزانە لەنێو ماڵدا دابین بکات کەوایشی لێبێ پیاو بەو ڕاددەیەی کە ژن  نارازییە زەرەرمەند دەبێت.

 

ڕۆڵی دایک لە گەشە یاخود چەوساندنەوەی کچ لەنێو بنەماڵەدا

 

هێزی دەروونی ژن  و شوێندانەریی بیر وهەڵسووکەوتی دایک لە نێوماڵدا گرینگییەکی زۆری هەیە و وەک وتراوە ژن کۆڵەکەی ماڵ و ڕاگری هاوسەنگی وهێمنایەتی نێو بنەماڵەیە کەوابوو ژیان بەواتایەکی دیکە دایک دەتوانێ بەجێگیرکردنی عەداڵەتی نێوبنەماڵە و دیاریکردنی جێگە و پێگەی کچ شان بە شانی کوڕەکانی  و دیاریکردنی هێڵگەلێک بۆ هەرکام لە منداڵەکانی کە دەست بۆ ماف و چوارچێوەی تاکەکەسی یەکتر نەبەن، بەجۆرێک کە کەس ئەوی دیکە لە پەڕاوێز نەخات، دەتوانێ بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندرووست دابنێت.

دایک دەتوانێ پشتیوانی بەهێزی منداڵەکەی بێت و ئەم پشتیوانی کردنە یارمەتییەکی گەورە و شوێندانەر بۆ وشیاربوونەوەی منداڵ وبەتایبەت منداڵی کچە و لە سایەی ئەو زانیاری و وشیاربوونەوەدا  پلە بە پلە دەستی بە هەموو مافەکانی ڕادەگات و ئەو پەروەردەیە دەبێتە ڕەوتێک دەستاودەست نەسڵەکانی دواتریش هاوشان لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر بە ئاسوودەیی بە بێ وەلانانی هیچکامیان پێکەوە ئاشتییانە دەژین  و ئەوکاتە کە هەموو ئەندامانی بنەماڵە چێژ لە ژیانێک دەبینن کە براوە و دۆڕاوی تێدا نییە.