لەیلا خزری: هەر رۆژ راستی و دروستی رێگا و رێبازەکەمم زیاتر بۆ دەسەلمێت

لەیلا خزری: هەر رۆژ راستی و دروستی رێگا و رێبازەکەمم زیاتر بۆ دەسەلمێت


ژن ئەو بوونەوەرەیە کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ نابەرابەری  و هەڵاواردندا ململانێ  ئەکات  و هەموو جۆرە  ئێش و ئازارێکی ئەزموون  کردووە، لەکۆمەڵگا سونەتییەکاندا هەر لەگەڵ چاو هەڵێنانی دەستەواژەی تۆ کچی دەیان بەربەست و ڕێگری لە بەردەم ژیانیدا دروست کردووە  و گەیشتن بەکەنارێکی ئارام چەند قات دژوارتر کردووە بۆی.

بەڵام بەهێز و خۆڕاگری لە مەیدانی ژیان لایان نەداوە و هەموو هەوڵ و توانای خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ سڕینەوەی پلانی لەپەڕاوێز خستینیان، چ لە ناو خێزان شوێندانەری ئەرێنییان بووە و چ لە کۆمەڵگا جێگە پەنجەیان بەدایم دیار و بەرچاو بووە .

 

لە چوار چێوەی ئەم باسەدا لاپەڕەی ژیان و خەبات وخۆڕاگری ژنە پێشمەرگەیەکی وڵاتەکەمان کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە سەنگەری شۆڕش بۆ گەیشتن بەمافی نەتەوەکەی کە زامنی دابینکردنی مافەکانی ژنانیشە، ڕاوەستاوە، هەڵدەدەینەوە و چەند ساتێک لەگەڵی دادەنیشین.


 سەرەتا دەکرێ خۆتان بناسێنن و بڵێن لە کەیەوە پێشمەرگەن؟

من ناوم "لەیلا خزری" یە و لە دایکبووی شەوی نەورۆزی ١٣٦١ی هەتاویم لە شاری پیرانشار. لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندیی چاوم بە دنیا ھەڵھێناوەو زۆربەی تەمەنم بە ھۆی کاری سیاسی بنەمالەکەم لە دەرەوەی رۆژھەڵات بووم و خۆشم ماوەی ٢١ساڵە چەکی دیفاع لە ماف و ئازادی نەتەوەکەم لە شان کردوەو پێم وابووە وەک ژنێک دەتوانم خزمەت بە خاک و ئاو و نیشتمانی خۆم ئەرکی منیشە وەک ھەر تاکێکی تری کۆمەڵگاکەم.

 خەبات چی بە ئێوە بەخشیوە و چی لێ ئەستاندوون؟

بە بروای من ھەر تاکێک کە سەرەتا بۆ ژیانی بە تایبەت ژیانی سیاسی کە بریارێک دەدەی ڕەنگە سەرەتا زۆر ئاسان نەبێ، کە بزانی چیت لە دەستداوە، یان باشتر بلێم چیت وەدەست ھێناوە، گەورەترین ھەنگاوەکان لە یەک ھەنگاو ڕا دەست پێدەکا، بۆ ڕووداوی ژیانی پێشمەرگەیەک بە تایبەت ژن، باشترە فاسیلەیەک بگرین و بەو ٢١ساڵەدا بڕوانین، جەوانێکی شازدە حەڤدە ساڵ، بڕیارێکی قورس و لە ھەمان کاتدا پڕمەترسی بدا دەبێ بەر لە ھەموو شت ئیرادەی ئەو بڕیارەی تیدابێ، تەحەمولی تاڵی و سوێری بکات  و واقیع بین بێ، ئەڵبەت ئەو شتانەو زۆر مەسایلیتر بەرە بەرە پێیان عادەت دەگری و لە ھەمان کاتدا لە قوتابخانەی دێموکرات پیدەگەی، بۆ من و زۆر کەسیتریش حیزب دەتوانێ دەرگایەکمان بەڕوودا بکاتەوە، رێگا دروستەکەمان بۆ دەست نیشان بکا، بەلام ئەوە خۆمانین لە برینی مەسیری خەباتدا چۆن ھەنگاوی دروست دەنێین، من ناتوانم بە یەک جوملە بلێم شۆڕش چی بەخشیوم، بەڵام دەتوانم بلێم ناوی پر شکۆی پێشمەرگە بۆ من شەرەفە، ئەرزشم زیاد بووە، لە حیزبدا رێزم چۆتە سەرو زۆر شت فێر بووم، خزمەت بە خەڵکەکەم لە سەرەوەی ھەموو شتە، ھەرچی لە دەستیشم داوە نابێتە خەمی دایکێکی جگەر سووتاو رۆڵە شەھید کراو، خۆشی ھیچ نییە و گرینگ ئەوەیە لە سەختیدا ھەڵبکەی شۆڕش فێری خۆڕاگریت دەکات، تەنیا خەمی من ئەوەیە تا نەمرین قەدرمان نازانن و وەک دەلێن کە مردین لاقمان درێژ دەبن.
 

 بوونی ژن لە پرسە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا  دەتوانێ چ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر گەشەی کۆمەڵگا؟

ژن ژیانە، ژیان بە بێ ژن ھیچ مانایەکی نییە، ئەوە بەو مانایە ناڵێم کە جنسی بەرامبەر نەبینم ، بەڵام لە سەرجەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بێ بوونی ژن ناقیس دەبێ.
 ژن دایکە، خوشکە، خەباتگێڕی ڕێگای ئازادییە و میھرەبانترین بوونەوەری سەر زەوییە. غەدری  لێکراوە بەڵام  غەدر لە کەس ناکا، تاڵی و سوێری ژیان دەچێژێ، بەڵام بەخشندەیە و تۆڵە ناکاتەوە.
بە نموونە لە وڵاتانی ئوروپایی پێگەی ژن لە زۆر وڵاتانی خۆشبەخت جێی خۆی گرتووە، دەبینین گەشەی کۆمەڵگاکەیان چەندە لە پێشە و ژن چۆن دەتوانێ تائیسر لە سەر پێشکەوتنی کۆمەڵگا دابنێ.

لە وڵاتی بەڵا لێدراوی ئێران یاساکانی ڕێژیم، دین ، داب و نەریت و زۆر کێشە بەرۆکی ژنانی گرتووە و خەباتەکەیانی زۆر ئەستەمتر کردووە،  بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێ تا زوڵم زیاتر بێ خۆڕاگری زیاتر دەبێ و ژنانێش لەم بارەوە دەرس و ئەزموون  و تاقیکاری زۆریان  وەسەر یەک ناوە. کە ئومێدی زۆرم بە دیتنی بەری ئەو زەحمەت و ماندوو بوونەمانە

  وەک دەزانین دوو جگەر گۆشەکەت و مێردەکەت گەڕانەوە ڕۆژهەڵات  بەڵام تۆ حازر نەبووی ڕیزی ئەو شۆڕشەی بەگیان و دڵ هەڵتبژاردووە جێ بهێڵی، لەو بارەوە چیت هەیە ...

...  دروستی ئەو ڕێگا و ڕێبازەم کە ھەڵمبژاردووە زیاتر و زیاتر بۆ دەردەکەوت.
زاتی خۆم وایە درەنگ بڕیار دەدەم بەڵام دەکرێ بلێم دروست بڕیار دەدەم. ڕاست ناکەم کە بلێم ماڵ و ژیان و مناڵی خۆمم بۆ گرینگ نەبوە یان نییە، بەڵام ھەموو شت ژیانی شەخسی خۆم نییە، من چۆن چاوم لە دایکی ئەو شەھیدانە و ھاوسەرو مناڵەکانیان کردبا کە دەمناسین، وتبام بەزیم؟!
 چۆن چوبامە بەردەم سیخوڕو بەکرێگێراوانی ڕێژیم  و پاکانەم کردبا، حاشا ھەزار حاشا لە ژیانێکی سەر شۆڕی، من ھەزار ھێندە سەختی زیاترو دووری زیاتر تەحەمول دەکەم بەڵام نامەوێ دەستور لە دوژمن وەربگرم.
بۆ منداڵەکانیشم تەمەنی درێژ و سڵامەتیان ئاواتمە و پێم خۆشە دوای نەمانم بە سەربلێندی بێنە سەرگۆرم و شانازیم پێوە بکەن، نەک بە زەلیلی لە دەستی دوژمنم بمبینن.


  پەشیمان نیت لەوەی  21 ساڵ لە خۆشترین دەورانی ژیانت لە خزمەت حیزب و خەباتە ڕەواکەیدا بووی؟

جا من چۆن باس لە پەشیمانی بکەم، ھەرلە شوێنی ژیان و کاری سیاسیم بە دەیان و سەدان خەباتگێری حیزب بە ژن و پیاوەوە ھەن، سەری رەشیان سپی کردوە، تەمەنیان داناوە بە ھەزاران کۆسپ و خەم و خەفەتیان تێپەڕاندووە  بەڵام وەک چیا سەرکەشەکانی کوردستان ماون  و نەچەمیون، من ئەگەر جارێکیتریش لە دایک ببمەوە، بێ دوو دڵی ڕێبازی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران ھەڵدەبژێرمەوە...