بۆ گەیشتن بە رزگاری دەبێت ژنانی کۆمەڵگا ئەکتیڤتر بن

بۆ گەیشتن بە رزگاری دەبێت ژنانی کۆمەڵگا ئەکتیڤتر بن

هەر لەسەرەتای پەیدا بوونی مرۆڤەوە، کێشە و ململانێ لەنێوان ماف و بێ مافی و بەهرەمەند بوون لەبەرژەوەندی لە نێو تاکەکان، قەبیلەکان دواتر گروپ و ئەحزاب و دەوڵەتاندا بەردەوام  لەگەڵ ژیانیاندا باڵای کردووە.

شەڕی دەسەڵات و شەرعییەتدان هەر لەنێو بنەماڵەوە بگرە تادەگاتە ئاستی بەڕێوەبردنی دەوڵەتان گرژی و یەکتر سڕینەوە و کێشەگەلی جۆراوجۆری لێکەوتۆتەوە، بەڵام ئەم ڕەوتە هەتا ئێستاش هەر وابەردەوامە و تادەچێ گەرمتر و مژاری جێگای باسە لەهەموو دەسەڵات وکۆمەڵگاکاندا.

لەزۆر وڵات و کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی باش وئەرێنی سەرکەوتن بەدەست هاتووە و مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، ئایینی، نژادی و ..... بەشێوەی ئاشتییانە و بەڕەچاوکردنی یاسایەک کە خۆیان ڕاستەوخۆ لە داڕشتنیدا پشکیان هەبووە لەتەنیشتی یەکتر ژیان دەکەن ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتی لە ژێر سێبەری ڕەشی ڕێژیمی ئێراندا ئەم شەڕ و گرژییە بەخەستی و تووندی بەردەوامە، لەم نێوەشدا ژنان وەک مرۆڤێک کە چەند قات زیاتر لە پیاوان زوڵمیان لێدەچێ زۆر ئازایانە دەنگیان بەدژی ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزیی و نەتەوەییە هەڵبڕیوە و شەپۆلێکی هەمەلایەنە کە لەخۆگری خەباتی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگییە  باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا کێشاوە و ژنانی کوردیش پێشەنگی چاوکراوەیی و خەباتن  بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران و لەم بارەوە ڕۆڵی گرینگیان گێڕاوە.

هەر لەم چوار چێوەیەدا وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێوەستمان زانی لەگەڵ ئەو کچە پێشمەرگانەی کە لە ئێستا، جڵەوی خەباتیان بەدەست گرتووە و ئازایانە، بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کە هەمووان لە سایەی دا بحەسێنەوە خەبات دەکەن، بدوێین.

ژنان: سەرەتا دەکرێ خۆتان بناسێنن و بفەرموون لە کەیەوە پێشمەرگەن؟

من دڵنیا وەیسی خەڵکی شاری مەریوانم و لە ساڵی 96  وە پەیوەست بوومە بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە


ژنان:هەر وەک دەبینین خەباتی ڕزگاریخوازانەی میلەتی کورد زۆر زیاتر لە جاران شاهیدی حزوری ژنان لە سەنگەری پێشەوەی بەر بەرەکانێ دژی زوڵم و زۆرن ئیتر ئەم  بەربەرەکانێ دەتوانێ گشت ڕەهەندەکان لە خۆی بگرێت، بە ڕای ئێوە ئەمە تاچەند دەتوانێ لە ڕۆشن کردنەوەی بەشی زۆری کۆمەڵگادا بە نیسبەت پرسی ژنانەوە کاریگەر بێت؟

وەک دەزانن بەشی هەرەزۆر یان بە واتایەکی دیکە نیوەی هەرە زۆری حەشیمەت و دانیشتوانی کۆمەڵگای جیهان و کوردستان بە تایبەتی، لە ڕەگەزی مێ پێک هاتووە و لە چارەنووس و داهاتوو و بەرەو پێش چوونی ئەو کۆمەڵگایە زیاتر لە هەر تاکێک کاریگاری و جێگە پەنجەیان هەیە و لە کوردستانیش دا ژن چەن قات زیاتر لە پیاوان زوڵمیان لێ چووە و لە بە درێژایی مێژوو ئەم چەوساندنەوە دوو پاتە و سێ پاتە بووەتەوە..بۆیە ڕوون و ئاشکرایە کە هەتا ژنان نەبنە بەشێکی ئەکتیڤ و کارا لە گۆڕەپانی چالاکیە سیاسی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان و... هیچکام لە کۆمەڵگاکان تەنانەت ئەوانەی کە خۆیان بە کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر وێنا دەکەن و هەروەها هیچکام لە ڕێکخراو و درووشمە سیاسی و ئایدۆڵۆژیەکان ناتوانن بە واقعیەت قسەکانی خۆیان بسەلمێنن و سەرکەوتووبن.


ژنان: ئەگەربەراوردێکی بکەین ئەزموونی ژیانی ڕێکخراوەیی و ژیانی پێش هاتنە ناو شۆڕش چۆنە؟ ئایا ڕێکخراوەکان شوین دانەرییان لە سەر بە ئاگا هاتنەوەی ژنان لەسەر مافەکانیان بووە؟
وڵام
بە دڵنیاییەوە کار لە ڕێکخراودا ئێستا چ ڕێکخراوێکی سیاسی بێ یان مەدەنی و.. کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان هەیە لەسەر ئاستی زانیاری و بەرەوپێش چوون و هێنانە ناو مەیدانی ژنان..ژنان لە نێو ڕێکخراوەکاندا فێر دەبن کە چۆن کاری ڕێکخراوەیی و سازمانی بکەن بۆیە فێری ڕێبەری دەبن و دەتوانن ببنە ڕێبەری جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی یان تایبەت بە پرسی ژن و... و خەڵک سازمان بدەن و هەروەها فێر دەبن کە چۆن بۆ ئامانج و هەدەفەکانیان بەرنامەدابڕێژن و بانگەوازی بۆ بکەن.

ژنان: بە داخەوە ڕێژەی خۆکوژی لە نێو ژناندا هەتا دەڕوا پەرە دەسێنێت، چیت هەیە بۆ ئەوکچانەی کە پێیان وایە هۆکارێکیان بۆ درێژەدانی ژیان نەماوە و بیر لە خۆکوژی دەکەنەوە؟


ئەوان لە بەر ئەوەی لە چوار چێوەوەیەکی داخراودا ژیان دەکەن ئیتر بیر لە دەرەوەی ئەو چوار چێوە ناکەن کە ڕێگای دیکە بۆ ڕزگار کردن و شەڕ بۆ مافەکانیان هەیە و لە ڕاستیشدا ترسێکی زۆریان هەیە بۆیە تەنیا ڕێگە خۆ کوشتنە لە پێش چاویان هەرچەن بڕێک زەمینەی چاولێ کەری هەیە کە بە داخەوە بە جیات ئەوەی چاو لە سەرکەوتنی ژنانی قارەمانمان بکەن و هەوڵ بدەن ئەوانیش ببنە ژنێکی وا، ڕوو دەکەنە ئاسانترین و وەحشەتناک ترین ڕێگا و حازرن واز لە ژیانی خۆیان بێنن بەڵام هەوڵێکی عاقڵانەی بۆ نەدەن کە ئەمەش دیسان کاریگەرییە خراپەکانی نێو کۆمەڵە کە هێز و وزە و ئەنگیزەیان لە نێو ژناندا کوشتووە و تەنیا پەنا بۆ خۆ کوشتن دەبەن.


ژنان: وەک کچە پێشمەرگەیەک کە ماوەیەکی زۆرە لە شاخ چەکی بەرگری لە مان و موجودیەتی نەتەوەکەت هەڵگرتووە، چ قسەیەکت بۆ ئەو کچانە هەیە کە نەریتی دژە ژن ئازاریان دەدات؟
من تەنیا دەتوانم بڵێم کە خەباتی ژنان و بە تایبەتی ژنی کورد بۆ سڕینەوەی ئەو نەریتە کۆنانە کە دژ بە ژنانە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێ.ئەمە خەباتێکی ئاسان نیە ئێمە باس لە گۆڕینی نەریت گەلێک دەکەین کە ساڵانێک و مێژوویەکی زۆرە لە نێو نەتەوەکەماندا بوونی هەبووە و هەیە بەڵام دەبێ دەس لە هەوڵەکانمان هەڵ نەگرین و بە بەشداریمان لە هەموو ڕەهەندەکان و جومگەکانی کۆمەڵگا، ڕۆڵ و جێگا پەنجەی خۆمان بەجێ بهێڵین .

ژنان:قسەی کۆتاییت بۆ هاوتەمەنەکانت و ئەوانەی دەیانەوێ گۆشەیەک لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بگرن چییە؟

پێیا دەڵێم ئەم خەباتە دوو جار لەسەر ئێمەی ژنی کورد ئەرکە بۆیە لە هیچ هەوڵ و تەقالایەک چاو پۆشی نەکەن و بەردەوام بن لەسەر خەبات و ڕێبازی خۆیان. ئاسۆ ڕوونە.. .بە هیوای کوردستانێکی پڕ لە ئاشتی و حاکم لە مرۆڤایەتی و عەداڵەتدا.