خۆکوژی ژنان لە کوردستاندا

خۆکوژی ژنان لە کوردستاندا

نووسین : شنە دروودگەر

دیاردەی خۆکوژی رەفتارێکە کە مرۆڤ بە مەبەستی خۆسڕینەوە لە گەردوون، بەشێوەیەکی ئاگاهانە ئەنجامی دەدات.
تاک لە کاتێدا ئەو بڕیارە(خۆسڕینەوە) دەدات کە لە ژیانی خۆی بێزار بێت و هەموو شتێک رەش ببینێت و لە داهاتوو خۆی بێ هیوا بێ. لێرەدا پرسیارێک دەخولقێ کە گەلۆ هۆکارەکان چین کە تاک هاندەدا بۆ ئەوەی دەست ببات بەرەو خۆکوژی؟

 پاڵنەر و هاندەر زۆرن لە کۆمەڵگای کوردەواریدا. بۆ نموونە، داب و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی و کلتوری پیاوساڵاریی زاڵ لە بنەماڵەی کورد و هاوکات نەبوونی یاسا و رێسایەکی سەردەمییانە لەلایەک، دۆخی ئاڵۆز و داتەپیوی ئابووریی کۆمەڵگا و بنەماڵە لەلایەکی دیکەوە، راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر سەرهەڵدان و پەرەسەندنی توندوتیژیی دژی ژنان هەیە. دوای ئەوە توندوتیژی فیزیکی و گوشاری دەرونی تەنگی بە ژن هەڵچنی، بۆ رزگار بوون لە دۆخی مەوجوود پەنا بۆ کۆتا رێگە، واتە خۆکوژی کە لەراستیدا گەورەترین و دوایین هەڵەی ژیانییانە، دەبەن. بۆیە رێژەی خۆکوژی بەهۆی دۆخی شپرزەی ئێران رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبووندایە.

 بە شێوەیەکی گشتی هۆکار زۆرن بۆ ئەنجامدانی خۆکوژی، بەڵام بۆ باسکردن لە هۆکارەکانی خۆکوژی لە رۆژهەڵات، دەتوانم ئیشارە بەو چەند خاڵانە بکەم:
- لاوازی باری ئابووری خەڵکی کوردستان و سیاسەتی هەڵاواردن و چەوسێنەرانەی رژیم لە پارێزگاکانی کوردستان بەرێوەی دەبات و هاوکات نەرەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان و ژنان (دروست کردنی کارگەی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ).

- پیاوسالاری و داب و نەریتی کۆمەڵگا لە کوردستانی رۆژهەڵات بە تۆخی ماوە و هاوکات ئەگەر چی کەمڕەنگ بووە، بەڵام بافتی عەشایری و ژن بە کۆیلە زانین و بەزۆر بەشودان وگەورە بە بچووک و ...هتد خاوەن ڕۆڵ و کاریگەرین لە پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوژی لە کوردستانی رۆژهەڵات.

- نەبوونی رێکخراو یا خود ناوەندێکی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان خۆی هۆکارێکی سەرەکییە. چونکە ئەگەر ناوەندێکی داکۆکیکار هەبێت و بتوانن لە کاتی کێشە و توندوتیژی بەرامبەرییان، سەردانی بکەن و قسەی دڵی خۆیان بکەن، بێ گومان باندۆڕی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی خوکوژی دەبێت.

- یاسایەک لە راستای پاڵپشتی لە مافەکانی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نییە کە هیچ، بگرە ئەو یاسایانەی کە رژیمی ئێران دایڕشتوون، هەمووی نەتەنیا دژی مافەکانی ژنانە، بەڵکوو زۆربەیان بوونەتە هۆکار بۆ دروست کردنی توندووتیژیی زیاتر بەرامبەر بە ژنان. بۆ نموونە مادەی ٦۳۰ سزای یاسای بنەڕەتیی ئێران باس لەوە دەکات کە هەر کاتێک پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاوێکی تر ببینێت، رێگە پێدراوە کە بەبێ هیچ شاهید و بەڵگەیەک کۆتایی بە ژیانی بێنێت.

هەروها هەندێک داب و نەریتی کۆن کە ئیستاش لە کۆمەڵگای کوردەواریدا زاڵە، وا دەکات کچان لە قۆناغی دەزگیرانداریدان پەنا ببەنە بەر خۆ کوژی.

بۆ نموونە بەزۆر بەشوودانی کچان لەلایەن بنەماڵەکانییانەوە بە کەسێک کە بە دڵی نییە، جا بە هۆکاره دەوڵەمەندیی یا خزمایەتی یا خوێن بایی یا جیاوازی زۆری تمەنی نیوانییان، هۆکارن بۆ هاندانییان بەرەو بڕیاری خۆسڕینەوە و خۆکوژی. هەر بۆیە زۆر گرینگە بۆ چونە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەش، هەردوو رەگەز رەزامەندی خۆیان لەسەر بێ و بنەماڵەکانیان رێز لە بریارەکەیان بگرن. خۆکوژی پەیوەندییەکی راستەوخۆی دەبێتە سەر بنەماڵە و کار دەکاتە سەر چالاکیەکان و   جموجۆلەکانی نێو ئەندامانی خێزان. بۆ نموونە هەندێک جار کێشە و ناکۆکی دەکەوێتە نێوان بنەماڵەیەک، بەجۆرێک کە هەریەک لە ئەندامانی بنەماڵە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە شتێک و پاشان هەست بە پەشیمانی و گوناح دەکەن و دواتر  بەردەوام دەگەرێن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە "بۆچی روویدا"؟.

یا ئەوەی کە دەبێتە هۆی دروست بوونی خەمۆکییەکی زۆر لە نێو باقی ئەندامانی خێزانەکە و ئەمەش بۆخۆی جێگای مەترسییە بۆ دووبارە بوونەوەی ئەو رەفتارانە. خۆکوژی نەک تەنیا زیانی بۆ خێزانی خۆکوژەکە هەیە، بەڵکوو زیانی گەورەی بەر کومەڵگا دەکەوێت. هەتا ڕێژەی خۆکوژی لە نێو کۆمەڵگادا بەرز بێت، ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی خەمۆک و پڕ لە دلەراوکێ دەبێت. بەجۆرێک بێ هیوایی و خەفەت باڵ بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا دەکێشێت و بەرەو لاوازی رۆحی و رەوانیی دەبات. هاوکات ئەو کۆمەڵگایانەی رێژەی خۆکوژیان لەسەروە بێت، لە ڕوانگەی جیهان و تاکی پێشکەوتووە، کۆمەڵگای ناتەندروست و دواکەوتوو ئەژمار دەکرێن.

بۆ کەم کردنەوەی خۆکوژی لە نێو ژناندا، زۆر  پێویستە ژنان خۆیان و گیانی خۆیان خۆش بوێت.چونکە بەو کردارەیان (خۆکوژی) تەنیا زیان بە خۆیان ناگەیێنن، بەڵکوو دوای ئەوان کاریگەریی زۆر نێگەتیو لەسەر خێزان و کۆمەڵگادا دەسەپێنن.

بۆیە دەبێ ژنان هۆشیار بکرێنەوە لەسەر ئەو دیاردەیە و لێکەوتە و زیانەکانی خۆکوژییان بۆ شی بکرێتەوە. کار بکرێت بۆ نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی توندوتیژی نێو خێزان. ئەویش بە دروست کردنی رێکخراوی تایبەت بە داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان.

بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست ژنان پەنای بۆ بەرن و هاوکات ڕێنوێنی کردنی ئەو کەسانەی کە باری دەروونییان  جێگیر نییە و لە سەرووی هەموویان، پشگیری و پاڵپشتی خێزانییە لە ژن لەهەر هەلومەرجێکدا کە پیویستییان پێ بێت.