پەیامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی رێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ، ۷٥ مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات

پەیامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی رێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ، ۷٥ مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات

 
خەڵکی ماف ویست و خەباتکاری کوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی


کادر و پێشمەرگە شۆڕشگێڕ و ئەندام و لایەنگرە دڵسۆزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران


ژنان و لاوان و خوێندکارانی بەئەمەگی خەباتی نەتەوەیی
 
 
٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٩٩ هەتاوی _١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ی زایینی_ سێ چارەگە سەدە بەسەر خەباتی پڕسەروەری حیزبی دێموکرات تێپەر دەبێت.

مێژووییەک لە پێشەنگایەتیی بزاڤی نەتەوایەتی لە
کوردستانی ئێران کە لە رۆژی ٢٥ی گەڵاوێژی هەموو ساڵێک خەباتە دیموکراتیخوازی و مافویستەکەی بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات دەدروشێتەوە و پەیمانی بەردەوام بوون لەو رێبازەش دووپات دەکرێتەوە

 

٧٥ ساڵ لەمەوبەر، حیزبی دێموکڕات وەک پێویستییەکی مێژوویی و بە کەڵک وەرگرتن لە کەشوهەوای سیاسی ئەوکات بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەممەد بەشێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە  لەسەر بنچینەی کۆمەڵەی ژێکاف سەری هەڵدا.

ئەو سەرهەڵدانەش، نوقتە گۆڕانێکی سیاسی گەورە بوو لە بەڕێکخراوەیی کردنی خەبات و هێنانەئاراو خاوەندارییەتی لە بەرنامەیەکی سیاسی کە هەڵگری داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و مافی چارەی خۆنووسین بوو.  


بەرنامەیەکی روونی سیاسی لەسەر باوەڕمەندبوون بە دێموکراسی، دیاریکردنی ئامانجی دوارۆژ  و درێژەدان بە خەبات و خاوەنداریەتی لێی تا سەرکەوتن؛ بەپشت‌بەستن بە پرنسیپەکانی هاوخەباتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و  نوێبوونەوە و خۆگەنجاندن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و ماف و ئازادییە سیاسی و ئینسانییەکان بۆ خاوەنداریەتی لە گوتارێکی سەردەمیانە لە رەوتی خەبات و رێبازی نەتەوەیی.

لەو رەوتی خەباتەشدا، وێڕای هەوراز و نشێوی زۆر و دەستبەرکردنی دەستکەوتەکانی وەک ئەزموونی کۆماری کوردستان، بەرەنگاری لە کوردستان و هەڵبژاردنی ڕێگای خه‌بات و تێكۆشان دژ به‌ داگیركه‌رانی كوردستان وەک هێز و جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و پێداگری لەسەر مەسەلەی کورد و دانپێدانانی لە هاوکێشە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکاندا، پێداگری دەکات لە درێژەدان بەو خەباتە رەوایە و هەڵگرتنی بەرپرسایەتی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران. لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو خەباتە ٧٥ ساڵەیە بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات، یەکخستن و رێکخستنی چین و توێژ و تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ هەڵگرتنی بەرپرسایەتی نەتەوەیی بووە. هەربۆیە لەدوای دامەزاندنی ئەو حیزبە و سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان بەگرنگی و مەسئولییەتەوە ژنان و لاوانی کۆمەڵگای بۆ بەشداری لە خەبات و بارهێنان بۆ داهاتوو هێنایە ناو ریزەکانی خۆیەوە و لە بەرنامە و ناوەند و  ئۆرگانەکانیدا شوێن و جێگەی بۆ کردنەوە؛ ئەمڕۆش دەرکەوتەکانی ئەو دووربینە لە رێکخراوە دێموکراتیکەکانی ژنان و لاوان و خوێندکارانی دێموکرات و پەیوەستبوونی ژنان و پیاوانی لاو بە ریزەکانی ئەو حیزبە دەبیندرێت.


زیندوومانەوەی دێموکرات لە رێباز و گوتاریدا، سەرەڕای پەیوەستبوونی سەدان لاو  بە ریزەکانی، بۆتە مایەی نەهادینەکردنی هەڵگرتنی بەرپرسایەتی نەتەوەیی و بەشداری لە خەباتی فرەرەهەندی نەتەوەیی لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە هەر شوێنێکەوە.

رێبازێک کە دامەزرانەکەی میراتی پێشەوا قازی محەممەدە، دوکتور قاسملوو ڕێکخەر و بووژێنەرەوەی بوو و دوکتور سادق شەڕەفکەندی  و هەموو رێبوارانی ئەو رێگەش پارێزەر و درێژەپێدەری ئەم ڕێبازە پڕدەسکەوتەن.

رێبازێک کە بە پێداگری لەسەر بەهاکانی وەک دێموکراسی، ڕزگاریی نەتەوەیی، چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی چینایەتی، سێکۆلاریزم و یەکسانیی ڕەگەزی، بەرپرسایەتی شۆڕش لەئەستۆ دەگرێت و تاکەکانی لەپێناو تەیار دەکات و تێکۆشانی خۆی ئامانجدار دەکات.


هەربۆیە، ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو بەشێک لە چوارچێوەی حیزبی دێموکرات و شۆڕشی ڕەوای نەتەوەکەمان، لەم ساڵیادە بەرزو پیرۆزەدا، پێداگری لەسەر رێباز و ئامانجە نەتەوەیی و  پێشکەوتنخوازەکانی دێموکرات دەکەینەوە و بە بەرپرسایەتییەوە هەڵگری ئەرکی خۆمان لەو رێگایە دەبین.


هەروەها لەم رۆژەدا بەرز رادەگرین یاد و خەباتی کاروانی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات هەر لە سیاچالەکانی کۆماری ئیسلامی تا سەنگەرەکانی شار و گوند و شاخەکانی کوردستان کە لەپێناو هەڵگرتن و هێشتنەوەی ئاڵای خەبات و شوناسی نەتەوەییمان بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی نەتەوەکەمان گیان لەسەردەست، سەنگەری خەباتیان  ئاوەدان ڕاگرتووە و خاوەنداریەتی پرسی نەتەوەیی کوردیان لەو بەشەی کوردستان کردووە.

لە کۆتاییدا، جارێکیتر لەگەڵ شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە و بەڵێنیی پابەندبوون بە ڕێگا و ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیدمان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی دەدەین و سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگری نەتەوەکەمان.
 
پڕڕێبوار بێت ڕێگای ئامانجە بەرزەکانی شەهیدان
سڵاو لە ئۆگرانی ڕێبازی پڕسەوەریی دێموکرات
بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرەست و تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

 

٢٥ی گەلاوێژی 1399ی هەتاوی
15ی ئاگوستی 2020 زایینی