پەیامی هاوخەمی کومیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی جەلیل گادانی، تێکٶشەری دێرینی دێموکرات

پەیامی هاوخەمی کومیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی جەلیل گادانی، تێکٶشەری دێرینی دێموکرات


هاونیشتمانانی بەڕێز

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی کاک جەلیل گادانی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری ناسراوی دێرینی دێموکرات بە هۆی نەخۆشیی کرۆنا گیانی لە دەست دا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی ڕێبازی ڕزگاریی نیشتمان بوو.

کاک جەلیل گادانی کەسایەتییەکی ناسراوی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات بوو کە کاروانی خەباتی نەسرەوتوانەی خۆی لە هەڕەتی مێرمنداڵی و لە سپێدەی یەکەم هەڵهاتنی خۆری هیوای کوردان واتە کۆماری کوردستانەوە دەست پێکرد و سەرەرای هەموو هەوراز و نشێوەکان، تا دوایین ساتەکانی ژیانی سیاسیی خۆی ئۆگری ئەو ڕێبازە پیرۆزە مایەوە و لە هەوڵ و تێکۆشانی ماندوویی نەناسانە بۆ خزمەتکردن بە ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان نەوەستایەوە.

لە پاش جوانەمەرگ بوونی کۆمار، بە شێوەی نهێنی لە ڕێزەکانی حیزبدا درێژەی بە چالاکییە سیاسییەکانی دا و هەر بەم هۆیەشەوە چەندین ساڵ لە تەمەنی خۆی لە زیندانەکانی ڕێژیمی پەهلەویدا بە سەر برد، بەڵام لەو هەلومەرجەشدا وازی لە پێگەیاندنی خۆی نەهێنا و هەر لەوێشدا فێری زمانی فەرانسەوی بوو.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و قۆناغی نوێی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کاک جەلیل بۆ چەند دەورە وەکوو ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی ئەو خەباتەدا چالاکانە بەشدار بوو.
ئۆگری بۆ نووسین و وەرگێران و بەشداریی بەردەوام لە کۆڕ و چالاکییە فەرهەنگییەکاندا لایەنێکی دیکەی کەسیاتیی کاک جەلیل بوو کە کۆمەڵێک نووسین و وەرگێڕانی بەنرخی لە دوای خۆی بۆ کتێبخانەی کوردی بە یادگار هێشتووە.

هەروەها کاک جەلیل وەکوو کەسایەتییەکی دیار و شوێندانەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەردەوام پاڵپشت و هاندەری لاوان و تازەپێگەیشتوان بۆ فێربوون و داکۆکیکارێکی شێلگیری ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان بوو و هەوڵ و خەباتی بێوچانی ئەو لەم پێناوەدا بۆ هەموو ئەو خەباتکارانەی کە لە ڕیزی ڕێکخراوەکانی نێو حیزبدا پێگەیشتوون، ئاشکرایە.

ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لە کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە دڵسۆزەی نێو ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتیی کورد و قوتابخانەی دێموکرات، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی داخداری کوچکردوو و هاوسەنگەرانی و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین و خۆمان بە هەڵگری خەمی لەدەستدانی دەزانین و خۆمان بە ئەرکدار دەزانین بۆ وەدیهاتنی یەکیەتیی ڕیزەکانی دێموکرات و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرزی ڕزگاریی نەتەوایەتی کە خەونی گەورەی کاک جەلیل لە دوایین ساتەکانی ژیانیدا و ئاواتی هەموو دڵسۆزانی ئەو ڕێبازە پیرۆزەیە، تێبکۆشین.

کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران
١٨/٥/١٣٩٩ی هەتاوی