ئێمە تەنها بۆ سەر رووبەری رۆژنامەکان باشین ئەو کاتەی دەبین بە قوربانی....

ئێمە تەنها بۆ سەر رووبەری رۆژنامەکان باشین ئەو کاتەی دەبین بە قوربانی....

 

نووسین: سوێسنە ئیسماعیل نژاد
 

ژنێکی رەش پێست دووجار ئازار دەچێژێت، جارێک بە هۆی ژن بوون و جارێک بە هۆی رەش پێست بوونەوە.
= رۆزا هۆرستون=

 

ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە، نامەیەکی سەرئاوەڵا یان جۆرێک سکاڵا کردنە، لای ئەوانەی کە خۆیان بە لایەنگر و پارێزەری مافی مرۆڤ، مافی ژن، مافی تاک و ... دەزانن. قسەکردنە لەگەڵ ئەوانەی خۆیان بە لایەنگری یاسا و پاراستنی ئەمنییەتی تاک ئەزانن، بەڵام قسەکانیان تەنها لە ڕووبەری کاغەز دەمێنێتەوە، تەنها بۆ شاشەی تەلەفیزیۆنەکانە و جگە لە قسەی بریق و باق هیچیتر نییە.

٦ ساڵ لەوە پێش و رۆژی ٢٣ی پووشپەڕ، بۆ یەک چرکە هەستم بە گەرما و برژانێک کرد لە جەستەمدا، برژانێک کە ئێستاش قرچەی دێت و شەوانە بە دەم ئازارییەوە بەئاگا دێمەوە، ئێستاش زۆر شەوان ئەو چرکەساتە لە خەوەکانیشمدا دەستبەردارم نابێت. ئێوە ئەزانن یانی چی کەسێک ٦ ساڵ و هەموو شەوێک ٢-٣ جار بە مۆتەکی ئەوەوە خەبەری بێتەوە کە تێزاب دەپژێندرێت بە جەستەیدا یانی چی...

لەو ٦ ساڵەدا بۆ وەرگرتنی مافی خۆم، بۆ وەرگرتنی سکاڵایەک کە کردوومە لە تاوانبارێک کە دواتر لە زیندان بە سێناریۆیەک وا نیشاندرا خۆکوژی کردەو یان کوشتیان، زۆرم هاتوچۆ کردووە، بەرۆکی هەموو ناوەندە بەناو یاساییەکانم گرتووە، سەرەڕای ئەوەی کە جارێک دۆسییەکەم لە لایەن دادگای بۆکان و ئازەربایجانی رۆژئاواوە بەداخراو ناوبراو و لە باری یاساییەوە تاوانبارەکە بێ تاوان ئەژمار کرا، من سکاڵام بردە تاران،بەڵام لەوێش تا ئێستا هیچ وەڵامێکم وەرنەگرتووە.
ئەوەی من لەو دۆسییەیەدا بەدوای کەوتووم و مەبەستمە بەرگری کردنە لە مافی خۆم وەک تاکێک، وەک کچێک کە بووم بە قوربانی کەلتوورێک کە تێزاب پژاندن بە مافێکی پیاوان دەزانێت. وەستانەوەیە دژ بەو کەلتوورە. بەڵام دیارە دەنگی تێزاب پژێنەکان و پشتیوانەکانی دلێرتر و پشتیان قایمترە. ئەوەی من مەبەستمە بەرگری کردنە لەو مافەی خۆم وەک شارۆمەندێک و ملکەچنەکردنە بۆ قەدەرێک کە دیاریکراوە. وتنی ئەمەیە کە من وەک ئینسان مافم هەیە و یاساش دەبێت و ناچارە گوێم لێ بگرێت، هەرچەند هەردوو گوێی توند گرتبێت بۆ ئەوەی دەنگم نەبیستێت.

لەئێوە ئەپرسم بە کامە بیانوو دوای ٦ ساڵ دۆسییەی من دەبێت بێ وەڵام بمێنێتەوە؟ رەنگە لەبەر ئەوەی کچێکی کوردم. یانی دوو هۆکاری سەرەکی هەن بەوەی خواست و مافی من لەبەرچاو نەگیردرێت. من ژنم. لەم وڵاتە هیچ مافێکم نییە، پیاو و نێرینە بۆیان هەیە تەنانەت بۆ خاڵی کردنەوەی گرێیەکی دەروونی خۆشیان بێت لە سەر شەقام تێزاب بپژێنن بە روومدا. من کوردم ، بە پێی یاسایەکی نەنووسراو و هەموو دەم هەبوو ، بمهەوێ و نەمهەوێ لەم وڵاتە تاوانبارم. تاوانبارم بەوەی کە ژنێکی کوردم،بەڵام من نامهەوێت و ناتوانن رازی بم بەم قەدەرە، نامهەوێ وەک تاوانبارێک سەیر بکرێم، ئەوەی تاوانبارە ئەوەیە کە پشتیوانی لەو کەسە کردووە کە بە رۆژی رووناک ئیزن بە خۆی ئەدات تێزاب بپژێنێ بە رووی من و کچانی وەک من دا. ٦ ساڵە بەرگری لە مافی خۆم دەکەم، لەو ٦ ساڵەدا زۆرم چەرمەسەرە چێشتووە، زۆرم هاتووچۆ پێکراوە، تەنها بووم، بەڵام بڕیارە و داومە، بەردەوام دەبم و تەنانەت ئەگەر هیچ وەڵامێکیش وەرنەگرم سوورم لەسەر ئەوەی دۆسییەکەم زیاتر بجووڵێنم.

ڕووی دەمم لەوانەیە کە خۆیان بە لایەنگری یاسا و بە لایەنگری مافی مرۆڤ و مافی ژن دەزانن، لەکوێ بوون کە من و دەیان کچیتری وەک من بوون بە قوربانی؟! ئێمە تەنها بۆ سەر رووبەری رۆژنامەکان باشین ئەو کاتەی دەبین بە قوربانی هەواڵێکمان لێ دروست بکەن؟ تەنها گۆشەی وێب سایتەکانی خۆتان بە هەواڵی بەقوربانی بوونی ئێمە پڕ بکەنەوە؟! تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە تویتەر و فەیسبووک و... رەسممان دانێن و بەزەیتان پێماندا بێتەوە؟! ئێمە تەنها بۆ ئەوە نین کە بمانکەن بە نێوەرۆکی هەواڵێکی ١-٢ رۆژە، بۆ بەزەییش نین. خۆم لە هەموو کات بەهێزتر دەبینم ئەو کاتەی یاسا بێڕەحمە بەرامبەرم و ئێوەش کەمتەرخەم. خۆم لەهەموو کات بوێرتر دەبینم و بوێرانەتر سوورم لەسەر گەیشتن بە مافەکانم ئەو کاتەی هەموو ئەو بێ مبالاتی و کەمتەرخەمیانە دەبینم، ئەو کاتەی هەموو غەدرەکان دەبینم.


غەدر و بێ مبالاتی و کەمتەرخەمی ، ئازارم ئەدات، بەڵام چۆکم پێ دانادات، من زادەی رەنجم و ئەو غەدرانەش وام لێ دەکەن سوورتر بم بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆم وەک کچێکی کورد کە بووە بە قوربانی تێزاب پژاندن. نەکەن ئێوە باسی ئێمە و ئازارەکانی ئێمە بکەن! ئازارەکانی ژنێکی کورد تەنها بۆ ئەوەیە ١-٢ رۆژ لاپەڕەی رۆژنامەکان پڕ بکاتەوە، نەکەن زۆر لەسەری بڕۆن!!

لەم ٦ ساڵەدا هەموو رێگاکانم گرتووە بەوەی بە مافەکانی خۆم بگەم. بەڵام تەنها بووم و بێ وەڵام. تەنها و تەنها، کچێکی کورد ، لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار، تەنها و تەنها دەخوازێت بەرگری لە خۆی و مافەکانی خۆی و هاوڕەگەزەکانی بکات.
حکوومەت و ناوەندە حکوومەتییەکان گوێیان کەڕە بەرامبەر بە خواستەکانم. ئەوان پشتیوانی ئەو تاوانبارانەن کە دەبەی تێزابەکان هەڵدەگرن و ژنان دەکەن بە قوربانی. ئەوانەش کە دەم لە مافی مرۆڤ و ئازادی و مافی تاک و ... دەدەن ئازارەکانی کچێکی کورد بۆ ئەوان مانایەکی نییە.