پەیامی کومیتەی هاوئاهەنگی رێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٣١ــەمین ساڵڕۆژی تیرۆر کردنی شەهید دوکتور قاسملوو

پەیامی کومیتەی هاوئاهەنگی رێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٣١ــەمین ساڵڕۆژی تیرۆر کردنی شەهید دوکتور قاسملوو


خەڵکی خۆشەویستی کوردستان
درێژەدەرانی رێگای رزگاری

لە کاتەوە لە ۲۲ ی پووشپەر دا پێغەمبەری ئاشتی نەتەوەیەکی ئاشتیخوازیان لەسەر مێزی دانووساندن شەهید کرد، دونیا بۆی دەرکەوت کە رێژیمی تاران نە لە زمانی ئاشتی تێدەگا و نە لە پەیامی ئاشتیخوازان. لەەو رۆژەوە ۲۲ی پووشپەر بوو بەزامێکی گەورە و لەبیرنەکراو  بەسەر جەستەی نیشتمان و ماتەمێکی گەورەی لە دڵی رێبوارانی ئازادی لە جیهان دا بە گشتی و رێبواران و قوتابیانی مامۆستای دێمۆکراسی (قاسملوی زانا) بەتایبەتی جێهێشت.

دەسەڵاتدارانی خاوەن بیر وباوەری کۆن و نەگونجاو لە گەڵ هیچ سەردەمێک لە تاران پێیان وابوو خەباتی ئازادیخوازی کورد بە شەهید بوونی رێبەری مەزن مان کۆتایی پێدێت و شۆڕش کۆستی دەکەوێ،غافل لەوەیکە قاسملوو خۆی پەروەردەی رێبازی دێموکرات بوو و قوتابخانەکەی رێبازی قاسملوو بەردەوام قوتابی وەفادار و شۆڕشگێر بەرهەم دەهێنێتەوەو تێکۆشانی رێبازی دێموکرات بە ئامانجەکانی گرێدراوە نەک بە تاکەکانییەوە. هەر وەک شەهیدی نەمر خۆی دەفەرمێت کە : " باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی رێگایانە" رێبەرمان تا دوا هەناسە درێژەدەری رێبازی پێشەوا و هاوسەنگەرانی بوو وەکوو چۆن لە ئێستاشدا شۆڕشگێرانی وەفاداری ئەم رێبازە درێژەدەری رێبازی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوسەنگەرانین،ئەم بیر و رێبازەیە کە تیرۆریستانی بە چۆکداهێنا و ئارەزووی کۆتایی هاتنی خەبات لە کوردستانی ئێرانی پێ بردنە ناوگۆڕ.

لە قاسملوو را قوتابخانەیەکی هزری بەهێز و هێڵێکی خەباتیرزگاریخوازی بۆ گەلەکەی بەجێما کە ئێستاش پاش ۳۱ ساڵ لە شەهید بوونی، بناغە و بنەمای درێژەدانی خەباتە رەواکەمانە. بیر و ئەندیشەی قاسملوی هەمیشە رێبەر ئێستاش رێنوێن و رێنیشاندەری ژنان، لاوان و بەتایبەت خوێندکارانی کوردستانە. ئەوان بە بەرچاو روونی لە وانەکانی قاسملوو بە رێگایەکی پڕ سەروەریدا هەنگاو هەڵدەگرن و تێدەکۆشن بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی گەش و فێرمان دەکان( ئەگەر ئێمە ئەرکی خۆمان بەباشی بەرێوە ببەین رەنگە نەسلی داهاتوو شەهیدی نەبێ).
 
بیری قاسملوو لە نێو لاوان و ژنان و بەتایبەتی خوێندکاران و نەوەی نوێی کورددا خاوەنی جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵکەو وانەکانی دوکتور قاسملوو و بنەما فکرییەکانی هاندەرن بۆ ئەوەی خەباتی نەتەوەکەمان  بە رێگایەکی پڕ سەروەریدا بە داهاتوویەکی گەش بگات.

قاسملوو ئەویندارانی رزگاری و ئازادی فێری باش ژیان کردوو ئەو پەیامەی بە ئێمە گەیاند کە پێویستە نەتەوەی کورد لە پێناو ژیانێکی باش و ئازاددا  خەبات بکات و نرخی ئازادیش بدات.قاسملوو کلتووری خەباتی بەردەوام تا گەیشتن بە ئازادی و ئامانجەکانی بڵاو کردەوە، کلتوورێک کە ئێستاش بە هەزاران رێبواری هەیە و هەر یەک بە جۆرێک خزمەت بە خەباتی نەتەوەیی دەکات.

ئێمەش وەکوو رێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران لەم رۆژە ماتەمینەیەدا لە گەڵ رێبەری مەزن دوکتور قاسملوو وسەرجەن شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێدەکەینەوە کە لە رێبازی شەهیدان تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەردەوام بین و هزری قاسملوو بکەینە هەوێنی خەبات و رزگاری خەڵکی کوردستان.

٢٢ی پووشپەڕی١٣٩٩
کومیتەی هاوئاهەنگی رێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران