توندوتیژی و تەناهی کۆمەڵایەتی ژنان

توندوتیژی و تەناهی کۆمەڵایەتی ژنان



نووسین: سیمین تەختی

دیاردە و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکەوە ڕیشەی لە هۆکارە جۆراوجۆرە، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوریەکان دایە و لە لایەکی ترەوە، لە گۆران و گۆرانکاری لە ئاستی تاکەکەسی، بنەماڵەیی و کۆمەڵگا دا سەرچاوە دەگرن.ژنان و پرسە پەیوەندیدارەکان بە ئەوانەوە بۆ حکوومەت، سیاسەت ڤانان،چاڵاکانی ماف و هەروەها لێکۆلینەران بایەخێکی یەکجار زۆری لای ئەواندا هەیە.لەم سەردەمە ، ژنان نە تەنیا نیوەی پێکهێنەری کۆمەڵگان،هەروەها وزەی داهێنەری کۆمەڵگاکانن کە لەسەر نەزمی نوێ جیهانی باندۆریان هەیە بە شێوازێک کە جۆری ڕوانینی دەوڵەتەکان بە ژنان و ڕوانگایان بە ڕەگەزی ئەوان مەشرووعیەتیان دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

مەسەلەی توندوتیژی لە گرینگ ترین و کۆنترین بابەتەکانی پەیوەندیدار بە  پرسی ژنانە، توندوتیژی لە دڕێژایی مێژوودا لە لایەن کەسانێک کراوە کە کەرەستەکانی دەسەڵاتیان (فیزیکی ، ئابووری و کۆمەڵایەتی) بەدەستە بووە.

توندوتیژی بە شێوازگەڵی جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدات و بە شێوەی بەربڵاو پەرە دەستێنیت، بە توندوتیژی جەستەیی، جینسی، دەروونی و هتد...، لە ئاکامدا بە سڕینەوە و دوورخستنەوەی ژنان لە بەستێن و ژینگەی گشتی کۆمەڵایەتیدا بۆ دۆخی تایبەت و پەراوێزخراوی دا کۆتایی پێدێت.
 

توندوتیژی هەر ئەو نییە کە لە خەڵک و کۆمەڵگادا باسکراوە.،لە ڕاستیدا توندوتیژی لە هەموو جێ و شوێنێکدا بوونی هەتاهەتایی و بەرچاوی هەیە. توندوتیژی یەکێک لە چەمکە گشتییەکان لە بواری خوێندنە کۆمەڵایەتی و پرسی ژنانە، بەو هۆیەوە کە بابەتێکی گشتگیرە ، بوونێکی بەردەوامی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا هەیە. توندوتیژی لە هەموو کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبیندرێت و مەسەلە و دڵەرواکەی جیهانی و گردوونیە کە بە هەرێم و ناوچەیەکی تایبەت کۆرت نابێت.

لە ڕوانگا کۆمەڵایەتی و گشتیەکانی جیهانی ئەم سەردەمدا، توندوتیژی تەنیا لە نێو دەوڵەتەکاندا نییە و لە هەموو نیهادەکان هەتا لە هەموو شووناسە نەتەوەیی، و چینە کۆمەڵایەتی یان ئابورییە جیاوازەکاندا  دەبیندرێت.لەم نێوانەدا تۆندووتیژی بە نیسبەت ژنان یەکێک لە بەرکەوتووەکانی تۆندووتیژی دێتە ئاماژە پێدان و هاتەئارای چینی پراوێزخراو/ بن دەست لە نێو کۆمەڵگا تیۆری بۆ پێناسەکراوە. بابەتی  پەیوەست بە ژنان چ لە ئاست  هەڵکەوتەیی ژنان لە هەمەکییەتی ژیانی کۆمەڵایەتی چ لە ئاستی تیۆری لە چوارچێوەی تیۆری گەڵی فمێنیستی لە ساڵانی ڕابردوو  کەوتوەتە بەرچاو. بەڵام سەڕەرای هەموو ئەم پێشکەوتنانە بوونی توندوتیژی بەنیسبەت ژنان گۆڕانگاری بەرچاوی نەدیوە بگرە شێوازەکانی لە جیهانی مۆدێرنەوە لە ناوەرۆک و مانا هەتا کەرەستەکانی زاڵ بوون بەسەر پەراوێز/بن دەستەکان کە لێرە ژنان یەکێک لەو پێکهاتەیە دۆخی تایبەتی تر ئەزموون دەکات  کە ئەمە بەدوور نییە لە یارمەتی مۆدێرنیتە لە هەمبەر پرسە کۆمەڵایەتیەکان دا.
 

بە گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە دوو بازنە و بەستێنی گشتی و تایبەتی ڕوو دەدات. توندوتیژی تایبەتی، هەموو ئەو شێوازە توندوتیژیانە کە لە نێو بنەماڵە یان بەنیسبەت شوێنگەی پیشەیی ژنان ڕوودەدات،  کە پێ دەگوترێ توندوتیژی بنەماڵەیی و کاری لەلایەن پیاوانی بنەماڵە  یان هاوکاران بە نیسبەت ژنانەوە ڕوودەدات کە باشتر وایە بلێین لە ستراکچری نیهادی بنەمالە و کۆمەڵگا ئەم دۆخی دەخۆڵقێت.

شێوازە  توندوتیژی بنەماڵەیی زۆرتر لە پشت درگا بەستراوەکان و لە ژووری ماڵەکان بەڕێوە دەچێت و هێندێک جاریش شێوازی قیزەونی  دەستدرێژی کردنی جینسی ڕوودەدات کە پێی دەوترێت ئازار و تۆندووتیژی جێنسی کە یەکێک لە میناکەکانی دەستدرێژییە بەڵام ئەم ئازار و تۆندووتیژییە دەتوانێ بە قسە و تانەو تەشریش ڕووبدات.

بەڵام بۆ چی ژنان کاتی بەرەوڕوبوونەوە و ئەزمونی وەها دۆخێک کاردانەوەیان لە زۆرترین کاتەکاندا بێدەنگییە؟

 هەستی شەرم یان کلتوری پیاوسالار تەوەر، ڕێگیر دەبێت لە ئاشکرا کردنی توندوتیژی یەکە،  لێدان لە لایەن هاوسەر یان هاورێ، ئەو کچانەی  کە گومان دەکەن، ئابرووی بنەماڵەیان دەڕوات بێدەنگی ناخیان هەڵدەچنێت بەڵآم لە ڕاستیدا ئەمە هەموو ڕاستییەکە نییە دەبێت بە وردییەوە خوێندنەوە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگا ئەنجام بدرێت کە چلۆن وەها حالەت گەڵێک ڕوودەدەن  کە دوو نیهادی بەهێزی بنەماڵە و دەوڵەت دەتوانێ لە زەق و تۆندکردنەوەی دۆخەکە باندۆری بەرچاویان هەبێت ئەگەر کلتور و یاساکان دەست لە دەستی یەکدی بدەن دژ بە چینی پەراوێزخراو/بن دەست دۆخی تایبەت و شوێنگەی ژنان لە کۆمەڵگا بە نیسبەت تناهی کۆمەڵایەتی یان جێنسییان دەخاتە مەترسییەوە، ئەوانەش لەم شێوە توندوتیژیانەن ، گەر له باسەکە وردتر بینەوە زۆرجار توندوتیژی دژی ژن لەباری ئابووری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتیش ڕوودەدات. کەواتە بە شێوەی گشتی و ئەو جۆرەی کۆمەڵگا لێی دەڕوانێ توندوتیژی ژن تەنیا لێدان و ئازاردانی جەستەیی ژن نییە بەڵکوو فەزایەکی هەمەکیتر و گشت گیرترە لە نێو کۆیەک لە تۆرە  لەیەک هاڵاوەکانی کلتور و کۆمەڵگادا.
 

توندوتیژی: لە نەبوونی باوەڕی و نەبوونی متمانەی بنەماڵە و کۆمەڵگا بە ژن کارەساتێ بە ناوی تۆندووتیژی دێتە ئاراوە!

کاتێک کچێک ناچارە بۆ درێژەدان بە خوێندن ،کارکردن، بۆ چوونەدەرەوە لەماڵ و هەروەها ئەنجامدانی هەرکارێک ئیزنی باوک و برا وەربگرێت ، تەنانەت برای چکۆلەتر لە خۆی و ئەگەریش ژیانی هاوبەشی پێک هێنا ئیزنی مێردەکەی ڕوانیینێکی کۆێلانە و ناتەوانی  دەروونی و جەستەیی بە نیسبەت ژن زاڵە و ئەمە وادەکات کەسێک هەبێت کە بە ژن بلێت چی لە بەرژەوەندی تۆدا هەیە یان نییە.کاتێک، خزم وکەس بە هۆی هاوسەرگیری نەکردنی کچێک ، ناوی قەیرە بەسەردا دەبڕن! لە هەمان ڕوانیینەوە سەرچاوەی گرتووە چۆن هەمەکییەتی فەزا و تۆرە کلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی شکاندووە.
 

توندوتیژی ئەو نێونیتکەو و قسەنەشیاوانەیە کە لە شەقام و کۆڵان بە ژنان دەکوترێ!

شەقام یەکێک لەو شوێنگانەیە کە لە بۆ تەنایی کۆمەڵایەتی ژنان باندۆری ڕاستەوخۆی هەیە و لێکەوتە و شرۆڤەی تۆندووتیژانە لەسەر ئەمنییەتی جێنسی ژنانەوە لێئەکەوێتەوە بەم واتایە کاتێک فەزای سازکراوی شەقام و کۆڵان و ڕێگاو بانەکان وەک پردی نێو شەقامەکان دەبنە هۆی ئەوەی کەسانی دەستدرێژکەر ڕاحەتتر بتوانن دەست بە بیرۆکەی قیزەونی خۆیان بدەن بێ گومان تۆندووتیژی بە هاودەستی نەریتەکان و سیاسەتەکان ئەمجار لە گەڵ معماری شار دا تەناهی کۆمەڵایەتی ژنان لاواز دەکاتەوە و جارێکی تر لە دەرەوەی ماڵەوە هەمان دۆخ دووپات دەبێتەوە و درێژ و شۆڕ دەکرێتەوە بۆ حەوزەی گشتی کۆمەڵگادا.

هەروا کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا هەڵکەوتەی مودێرنیتە بە کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە ڕوخسار و ئەندامی ژنانە بۆ پەرەپێدان بە فرۆش و زۆر بوونی کڕیار جارێکی دێکە تەناهی کۆمەڵایەتی ژنان و تۆندووتیژی بە نیسبەت ژنان درێژدەکاتەوە بۆ نێو  دام و دەسگاکان ئەو کاتەی وێرای زۆرتر بوونی ژمارەی ژنانی خوێندەوار لە دام و دەسگا حکومییەکان کەمتر لە پیاوان وەردەگیرێن و حقوقی مانگانەشیان لە پیاوان کەمترە و ئەم شێوازی سیاسەتدانانە پەرێزی پەنا بۆ لاواز کردنی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی و پیشەیی ژنان دەخاتەبەر دەست.

توندوتیژی دژی ژنان کات و شوێن ناناسێ و هەمووکاتێک و لە هەموو شوێنێک و لەلایەن هەمووکەسەوە تەنانەت خودی ژنانیش ڕوو دەدات.بەشێک لە ژنان خۆیان دەکەونە بازنەی تۆندوویژی دژ بە ژنان کەوا دەکەن دنیا بە پێی  هەمان بیرولۆژیک هەڵبسوڕێ .
 

پەیوەندی نێوان شەڕ و توندوتیژی دژ بەژنان

شەڕ خۆی توندوتێژییەکە، کە هەموو فەزا دەچێنێت و بوونێکی گشت گیری دەبێت  کەبۆ گەییشتن بە ئامانجەکان لەوەها دۆخێکدا بێ دەسەڵاتەکان/بن دەستەکان زۆرترین ئاسەوار و برین  شەڕ هەڵدەگرن لەم نێوانەدا ژنان بەردەستترین کەسانی نێو شەرەکانن بۆ کردەوەی تۆندووتیژی بە نیسبەت یان.  بە ئامانج گەڵی جۆراوجۆرەوە، شەڕ یەکێک تر لە  دیاردەکانە کە بە درێژایی مێژوو لە زۆربەی شەڕەکان دا جەستەی ژنان بە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ حەسێب کراوە و لە کاتی شەڕدا دەست درێژی سێکسی بۆ سەر ژنان وەک ستراتێژییەک بۆ بچووک کردنەوەی دوژمن کەڵکی لێ وەرگیراوە و پاشان ئەو تاوانە لە ژێر ناوی"وردە زیانەکانی شەڕ"فەرامۆش کراوە.
 

لەشەڕی دژ بەداعش پتر لە دوو هەزار ژن بوونە کۆیلەی سێکسی و لە لایەن داعەشەوە ڕفێنراون  و بازاری بەردە فرۆشی جارێکی تر سەرهەڵدەدەن وەک بازاری شەڕە دێرینەکان لە ڕۆم و یۆنان و ئیمپراتۆری عوسمانی. بە وردبونەوە لە ڕفاندنی ژنانی کورد لە نێو شەڕەکان بە دەستی دۆژمنان  واقعیەتێک بۆمان ڕوون دەبێتەوە بەنیسبەت پەیوەندی بن دەستی/پەرواێز بوون کە چۆن ژنانی کورد یان ژنانی کوردی ئیزەدی ئایین دەبنە کاڵایێک بۆ فرۆش لە بازاری کڕین و فرۆشی مرۆەکان. لە نێو جۆ‌‌‌غرافیای ژێر دەسەڵاتی داعش ، جاڕێک کچە ڕفێندراوەکان جارێک وەک  ڕەگەزی ژن و جاڕێک وەک شووناسی نەتەوەیی و ئایینیان دەکەونە ژێر تۆندووتیژی فاشیستی و ئایدۆلۆژیکی سپای جیهادییە ئیسڵامییەکان بەم واتایە لێرە تۆندووتیژی لە گەڵ سیاسەت و ئایدۆلۆژی تێکەڵ دەبێت و کاردانەوەکە لە ساحەتێکی تاکەکەسی واوەتر دەجێت و بە بابەتێکی هەمەکی تر دەگوردرێت بەڵام، کچانی کورد بە هۆی مێژووی بەرخۆدان و شۆرشگێری ئەو زێنە هەمەکییە بە نیسبەت ژنانەوە دەشکێنن و ڕێچکە شکێنانە  بە ترس و لەرزە لە پشت چەکی پیاوان خۆیان حەشارنەدا وچەک بەدەست نەتەنیا بەرگرییان لەگیان و ماڵ و خاکی خۆیان و گەلەکەیان کرد و سنگیان کردە قەڵغانی گوللەی تاریک پەرەستان، شان بە شانی پیاوان، بە خوێنی سوور بۆڕزگاری گیانیان دا.
 

ڕاسپاردەیی ژن ئەوە نییە کە پەرە بە روووحیەی پیاوانە بدا بەڵکو ژن دەبێ ژنایەتی وەدەر بخا. ئەرکی ژن ئەوەنییە کە پارێزگاری لە دنیای ساختە بە دەستی پیاوان بکا، بەڵکو دەبێ بە تێکەڵ کردنی جەوهەری ژنانە بە هەموو چالاکییەکانی ژیان دنیایەکی مڕۆڤانە دروست بکات. ژن نابێ کۆڵ بدا، دەبێ دەنگ هەڵبڕێ ، ململانێ بکا.