ژن و ئەو ژینگەیەی لەگەڵی بەرەڕووە

ژن و ئەو ژینگەیەی لەگەڵی بەرەڕووە

نووسین: شەهلا کاوە


ڕێکخراوە داکۆکیکارەکانی دیفاع لە مافی مرۆڤ و بەرچاوترینیان کە بەردەوام پێویستە کاری لەسەر بکرێت ناسین و خستنە ڕووی کێشە و تووندوتیژییەکانی سەر ژنانە، بە بەردەوام وچڕ و پڕی سەرقاڵی کار کردن لەسەر ئەم بابەتەن بە دواداچوون بۆ ئەو ناعیداڵەتییانە کراوە و دەکڕی کە پێ بە
پێی هەڵکشانی تەمەنیان لەگەڵیان باڵای کردووە تا گەورەتر بوون ئازار وکێشەکانیشیان گەورەتر بووە ئەم ئاڵۆزییە نەک هەر ژنان بگرە داوێنگیری تەواوی کۆمەڵگای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تایبەتیتر کوردستان بووە بە دڵنیاییەوە هەتا ژنان بە جیددی لە بازنەی کۆمەڵ و بنەماڵەدا وەک پێویست ڕۆڵی کارا و کلیدییان نەبێ، کۆمەڵگا نەپێش دەکەوێ، نە بەختەوەری بۆ خێزان مسۆگەر دەبێت.

سەیرە کە لەگەڵ ئەو گشتە هەوڵ و دروستکردنی کەمپەین و هاوار کردنی دروشمەکاندا هێشتا زۆرترین تاوان و بێ بەشی  و کچ کوشتن بوونی هەیە؟

زۆر بوونی کوشتن و تاوان و هەمە جۆرە تووندوتیژی، بەداخەوە بووەتە ڕوداوی ئاسایی ڕۆژانە و بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە، بەبیستنی هەواڵی کوژرانی ژنێک لەوانەیە زۆرترین کارێک کە بتوانین بۆ وەڵام دانەوەی ئەم تاوانە بۆی ئەنجام بەین قامک دانان لەسەر هێمای بینین و  نووسینی ڕستەیەکی داخاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کەئەمەش نیشانەی ئەو پەڕی بێدەسەڵاتیە و ناتوانێ هیچ بۆ کەسی کوژراو یان زوڵم لێکراو بکات یان کەمێک لەئازاری بنەماڵەی ساڕێژ بکات.

سۆز و ویجدانی ناو بنەماڵە

باوک یان برایەک کە ناتوانن هەڵبژاردنی کچەکەیان بەدڵی خۆی ببینن سەربەخۆیی بڕیاردانی کچەکەیان بۆ دواڕۆژی ژیانی خۆی بە پیس بوونی شرافەتی بنەماڵەیان دەزانن و دەیانەوێ بەزۆر نەریتی ڕزیوی هەزاران ساڵە هەر پێڕەو بکرێت ولەڕوانگەی ئەوانەوە پێچەوانەی ئەمە تاوانێکی گەورەیە، بە دڕندانەترین شێوە کچەکەیان خەڵتانی خوێن دەکەن کۆتایی بەژیانی دێنن جاری وایە دوای ئەو تاوانە بەقەد سەرە دەرزییەک هەست بە ئازاری ویجدان ناکەن ئەمانەش وادەکات بێبنە سەر ئەو بڕوایەی کە مرۆڤ نەتەنیا ئەشرەفی مەخلوقات نییە بگرە دەتوانێ دڕندەترین گیاندار بێت کە لەزۆر بوارەوە تەنگی بە ئاسودەیی دەور وبەری هەڵچنیوە .
 

یاسا و تاوانی دژبە ژنان

لەهەر کۆمەڵگایەکدا کە تاوانێک ڕوو دەدات لەوانەیە پێش ئەنجامدانی تاوانەکە کەسی تاوانبار بەجوانی لایەنە یاساییەکەی ئەو کارە هەڵسەنگێنێت و بە تووند یان ئاسان گرتنی ئەنجامی تاوانەکەی لەلایەن سیستمی دەسەڵاتدار بەسەر ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی کاریگەری زۆری لەسەری ببێت بۆ ئەنجام دان یان ئەنجام نەدانی ئەو تاوانە، لێرەدایە یاسا دەبێ وەڵامدەری ئەو مەسەلەیە بێت  بەڵام بەداخەوە سیستمێک کە خۆی و یاسا و شەرعەکەی کۆڵەکەی چەوساندنەوە و بواری ڕەخساوە بۆپەراوێز خستنی ژنان، ناتوانین دڵخۆشییەکمان پێی ببێ. سەبارەت بەکەیسی ژنان پەنا بردنە بەر یاسا هیچ لە بەشمەینەتییەکانی ژنان کەم ناکاتەوە.

 لە ئێرانی بەڵا لێدراودا بەپێی ٣٠١ و ٣٠٩ ی یاسای سزادانی ئیسلامی بکوژ ئەگەر باوک یان باپیری کچە بێت لە بەرانبەر کوشتنی کچەدا ناکوژرێتەوە [ قەساس ناکرێتەوە]  بەمەرجێک کەس[ دایک یان خزمی پلە یەکی کچە]  شاکی نەبن تەنیا چەند ساڵێک بەند دەکرێت و هیچی تر، ئەمە خۆی چرا سەوزێکە بۆ سەرکوت و کوشت و بڕی ژنان لە ژێر دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا

 نوێنەرێکی ژنی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی؛ منداڵ هاوسەری لە ئێران پرسێکی گرنگ نیە و لە ڕووانگەی ئێمەوە کێشەی نییە!

 

 "زۆهرە سادات لاجەوەردی" نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری "ڕۆکنا"ی سەر بە کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کرد کە منداڵ هاوسەری پرسێکی گرنگ نییە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەو دیاردەیە بە پرسێکی گرنگ نازانین.

" لاجەوەردی" لە وتووێژ لەگەڵ "ڕۆکنا" لە وڵامی یەکێ لە پرسیارەکاندا سەبارەت بە گرنگی و بەرنامەی مەجلیس بۆ دیاردەی منداڵ هاوسەری دەڵێ: ئەم باسە لە جومڵەی ئەو باسانە بوو کە بە بێ لە نەزەر گرتنی ئەولەویەتەکان هاوردرایە بەر باس و بە هیچ شێوەیەک پرسێکی گرنگ نییە

 

لاجەوەردی دەڵێ: ئێمە ناتوانین بۆ هاوسەرگیری تەمەن دیاری بکەین و کچێک کە بە تەمەنی بلوغ گەیشتبێ دەتوانێ هاوسەرگیری بکات. تەمەنی بلوغ لە ڕووانگەی دینی ئیسلام بۆ ژنان ٩ ساڵە و ئەم قسانەی "لاجەوەردی" بە مانی ئەوەیە کە منداڵانی کچی ٩ ساڵان بۆ هاوسەر گیری ناتوانرێ قەدەغە بکرێ.

 کەوابوولەوکۆمەڵگایەی وەها سیستەمێک حاکمە کەرامەتی مرۆڤ و ژیان بەسەرەتاییترین مافەکانیەوە ئاواتێکی هەرگیز وەدینەهاتووی تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگایە و بەتایبەتی قوربانی یەکەم کە ژنان و بەداخەوە لە وڵاتە نادیموکراتیکەکەندا چەمکێکی کردەیی بەناو ژیان لە ئاسایش و بەرابەری بۆژنان بوونی نییە ئەم سووڕ و کولتورە لارسەنگە هەروا دەگەڕێت تەزریق بە نەسڵەکانی داهاتوویشمان دەبێت، چوونکە ئەو ژنەی کەبەرپرسی یەکەمی پەروەردەی منداڵ و یەکەم کەسێکە کە مرۆڤ لەگەڵ بەدونیا هاتنیا سەرنجی دەدات و لاسایی دەکاتەوە و شتی لێ فێر دەبێ، کاتێک لەنێو خێزان وبنەماڵە و کۆمەڵگادا لەپیش چاوی هەمووان بێ ڕێزی و ئەشکەنجەی جەستەیی دەکرێت و کەسایەتی بەهیچ دەنرخێنرێت چۆن دەتوانێ بەو زامە قووڵ و دەروونە داڕوخاوەوە وەها کەدەشێ و پێویستە مامەڵە و بەخاوەن کردنی مناڵەکەی بکات ؟

ئایا ئەو تاکەی کە ڕۆشنبیرانە و مرۆڤدۆستانە بکوژ و سەرکوتکەرانی ژنانی دەوروبەر وشارەکەی خۆی مەحکووم دەکات و خۆی بەپشتیوان و دادۆکیکارلەژنان دەزانێ، لەبارودۆخیکی هاوشیوەدا کە بۆ ژنی ناوخێزان بنەماڵەی خۆی دێتە پیش هەروا ڕۆشنبیر وداکۆکیکار دەمێنێتەوە؟

ئایا پێویست نییە لاکاتی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ خواستی ڕەوا وهەڵبژاردنی دڵخوازی ئافرەتانی نزیکی خۆی باوەشیان بۆ ئاوەڵا بکەن و ژنیان بەبیروبڕوای خۆیەوە بوێ و بەو ڕوانگە درسوتەوە کە ژیانی مرۆڤ زۆر لەوە بەبایەخترە کە لەبەر نەریتێکی هەڵەی هەزاران ساڵە لەژیر پێی بنێی؟ یاخود نە مرۆڤدۆستی تەنیا لە چوار چێوەی قسەدایە و لەکاتی هەستیاردا دەکەوێتە ژێر کاریگەری کورت خایەنی غەریزەی سۆز و عاتیفە وئەمە لەزات وکرداریا زۆر ناخایەنێت و خێرا لەناو دەچێت.

 

ئەرکی میدیا

بەکارهێنانی لەڕاددە بەدەری ئینتێرنێت لەناو تاکەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی لاواندا وەک فەرهەنگێکی نوێ چەسپاوە کەپێش پێگرتنی ئیمکانی نییە، تادەڕوا تەمەنی بەکار هێنەرانی دادەکشێ ئەمەش لەخۆیا بەبێ هۆشیاری و زانیاری دروست دەتوانێ خەسار هێنەر بێت بەڵام دەکرێ بەرەو لایەکی باش پاڵی پێوە بنرێت لەلایەن دەسەڵات وکەس و لایەنگەلێک کە چاوەڕوانییەکان لەوانە و دەتوانن لەو بارەوە یارمەتیدەری پێشگرتن بە خەساری گەرەتر و بەربڵاوتر بن، بەدانی زانیاری تەندروستی و پلان و پرۆژەی جوان سەرنجی لاوان بەتایبەتئەو کەسانەی کە چینی خەسار هەڵگری کۆمەڵگان و زیاتر لەبەردەم مەترسیدان ڕابکێشێ ولەئاستی تاوانەکان و گرژی و هەڵچونەکان کەم بێتەوە و بڕوا بەخۆ بوون کەئەسڵێکی بنەڕەتی لە گەشە و ئارامی دەروونی هەر مرۆڤێکە لە ناخیدا بەهێز و جێگیربکات.