‍ راگەیەنراوی ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە ئێران

‍ راگەیەنراوی ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە ئێران

 

رۆژی ٣٠ جۆزەردان، رێكەوت لەگەڵ ٢٠ی مانگی ژوئەن، رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە كرێكارانی بەندكراو و زیندانیانی سیاسی لە ئێرانە كە لە سایەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی هەر ئێستا بە سەدان چالاكی سیاسی‌و كرێكاریی‌و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی ژنان لە سیاچاڵەكانی رژیم بەندکراون.

كۆماری ئیسلامی كە هەر لە رۆژانی یەكەمی بەدەسەڵات گەیشتنی كەوتە سەركوتی جیابیران، لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە حوکمڕانی لە ئێران بە هەزاران هەڵسوڕاوی سیاسی‌و كرێكاریی‌و داكۆكیكاری مافەكانی ژنانی بە تۆمەتی جیاجیا رەوانەی زیندانەكان كردووە‌و بە سەدان كەسیش لەژێر ئەشکەنجە و حوکمی سێدراەی ئەو رژیمە گیانیان بەخت کردووە.

كوردستان كە هەمیشە‌ و لەهەموو قۆناغە مێژووییەكان دژی داگیركاری‌و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بووە، چالاكوانانی سیاسی، كرێكاریی، مەدەنی‌و هەڵسوڕاوانی بواری ژنان‌و  ژینگەپارێزان بە روانگەیەکی "ئەمنیەتی"تر و بەحوکمی پاکتاوکردنی هەر جۆرە شۆناسێکی کوردبوون رووبەڕووی گرتن‌و ئەشكەنجە‌و ئێعدام بوونەتەوە. بێ هۆ نیە كە تا ئێستاش لە ئێراندا بۆ نەتەوەکانی ژێردەست، لەوانە كورد بەزۆرینە ئێعدامی سیاسی بوونی هەیە و هەڵسوڕاوانی سیاسی لەدار دەدرێن.

حوکمی لەناوبردنی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی كە لەهەموو سەردەمێكدا مەتەرێزی خۆڕاگری‌و خەبات دژی دیكتاتۆری بووە، تەنیا بۆ کپکردنی دەنگی رەوای چالاكوانانی سیاسیە نەبووە و نیە، بەڵكو کوژرانی كۆڵبەران،  لەناوبردنی ژینگە و سامان و بەدواکەوتوویی هێشتنەوەی کوردستان، لەباربردنی شۆناس و زمان و تەنانەت تێرۆری چالاکانی سیاسی لەناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش، بەشێک بۆ لە سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد و ماف و ئازادییەکانی کە چالاکوانانی ئەو رێگایە قوربانی سەرەکی ئەو سیاسەتن.

هەربۆیە ٢٠ ژوئەن، رۆژێکە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی زیندانیانی سیاسی و هاورێیی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەنگی داخوازی دایکانی دادخواز و هەموو گیانبەختکردووانی دەستی کۆماری ئیسلامی هەر لە کوشتاری دەیەی٦٠ تا سەرکوتی خەزەلوەری ٩٨. هەروەها مەحکوم کردنی سەرجەم تاوان و کوشتار و کپکردنی دەنگی ئازدایخوازی لە لایەن کۆماری ئیسلامی و لە بنەرەتیشدا لەناوچوونی ئەو ئیدیۆلۆژێ دیکتاتۆرە.

ئێمە وەك ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات بە بۆنەی رۆژی جیهانی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە ئێران، سیاسەتی سەركوت‌و گرتن‌و راوەدونانی زیندانیان سیاسی‌و چالاكوانانی مەدەنی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەتوندی مەحكوم دەكەین. هەروەها دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئازادیخوازانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەتی کوردستان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی‌و داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی بێ مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە ئێران‌و كوردستان لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی بخەنەگەڕ.

ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات
١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٩ – ١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٠


ناوەندی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات پێکهاتووە لە؛
- ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
-  یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
- رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
- یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران