وەرگێرانی کتێبی تایبەت بە کۆڕۆنا لەلایەن ژنە نوسەرێکی کوردەوە

وەرگێرانی کتێبی تایبەت بە کۆڕۆنا لەلایەن ژنە نوسەرێکی کوردەوە

كتێبی "پاڵە‌وانی من تۆی" کە بە پێشنیاری کۆمیتەی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپی تەندروستی و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی – دەروونناسی ((IASC MHPSS RG) ئامادە کراوە، لەلایەن ژنە نووسەر و وەرگێڕێکی کوردەوە کرایە کوردی و بڵاو کرایەوە.

کتێبی "پاڵەوانی من تۆی" بە هاوبەشی لەلایەن پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، ناوچەی و دامەزراوەکانی ئەندام و دایکان و باوکان و ڕاهێنەرانی منداڵانی ١٠٤ وڵاتی جیاوازەوە ئامادە کراوە.

لەو کتێبەدا پتر لە ١٧٠٠ منداڵ، دایک و باوک و ڕاهێنەری پەروەردەیی، ئەزموونەکانی خۆیان لەبارەی پەتای هەمەگیر و جەهانداگری کۆرۆنا خستووەتە ڕوو و ئەو چیرۆکە لەلایەن منداڵانەوە بۆ خودی منداڵان نووسراوەتەوە.

ئەم کتێبە کە لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا چاپ کراوە، تاوتوێیەکی نێودەوڵەتییە کە بە زمانەکانی "ئیسپانی، ئینگلیزی، ئیتاڵی، فەڕەنسی و عەرەبی، بۆ لێکدانەوەی تەندروستیی دەروونی و هەڵسەنگاندنی نیازە دەروونییەکانی منداڵان لە کاتی سەرهەڵدانی  پەتای کۆرۆنا (کووید ١٩) چاپ کراوە.

ئەو کتێبە لەلایەن سەبا میرحوسێنی، کراوەتە فارسی و لەلایەن خاتوو لەیلا ساڵحی نووسەر و وەرگێڕی بۆکانییەوە کراوەتە کوردی و لەلایەن وەشانگەی "میچکا"وە چاپ کراوە. ئەم کتێبە هاوکات بە شێوەی "PDF" و بە خۆڕایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە.

لەیلا ساڵحی شاعیر و وەرگێڕ و مامۆستای بۆکانی لە پاییزی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن تۆڕی "هاندەرانی کتێبخوێنیی ئێران"ەوە پلەی یەکەمی ئێرانی لە بواری هاندان بۆ کتێبخوێنەوەی لە ئاستی ئێران بەدەست هێنا.

بەرهەمەکانی "لەیلا ساڵحی" کە تا ئێستا بڵاو بوونەتەوە بریتین لە: "ماسی كۆلكە‌ زێڕینە‌، چیرۆكی منداڵان؛ كایە‌ بە‌ قامكە‌كان، شێعری منداڵان؛ ڕاوی ئە‌ستێرە‌، شێعری منداڵان؛ تۆپی مانگ، شێعری منداڵان؛ بە‌سە‌رھاتی فیلێكی خە‌مبار، چیرۆكی منداڵان".

هەروەها ناوبراو توێژینەوەیەکی تێر و تەسەلی لەسەر شێعری ژنان بە ناوی "شێعری ژنانی جیھان" لە‌ ٥٠٠ لاپە‌ڕە‌دا هەیە کە تا ئێستا دوو جار چاپ بووە‌.