ئەندامێکی دێرینی یەکیەتیی ژنان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

ئەندامێکی دێرینی یەکیەتیی ژنان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

ئەمڕۆ سێشەممە دووی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو کوبڕا عەزیمی یەکێک لە ژنە نووسەرەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان و ئەندامی دێرینی یەکیەتیی ژنان بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو کوبرا عەزیمی یەکێک لە ژنە چالاکەکانی سەردەمی کۆمار کوردستان بوو کە جیا لە توانایی نووسین، ئەرکی پەروەردە کردنی ژنان و کچانی لە ئەستۆ گرتبوو و ئەندامی چالاکی یەکیەتیی ژنان بوو.

خاتوو کوبرا بە هۆی نەخۆشین و بەساڵاچوویی ئەمڕۆ سێشەممە لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بە بۆنەی مەرگی ئەم ژنە تێکۆشەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزیان دەکات و خۆی لەم کۆسپەدا بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

 

پێشتر لە ساڵرۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا، خەڵاتی مینا خانم پێشکەش بە خاتوو کوبرا عەزیمی کرا و هەروەها وتار و نووسراوەکانی لە رۆژنامەی کوردستاندا لەلایەن یەکیەتیی ژنانەوە بڵاوکرایەوە.


لە خوارەوە بەشێک لە ژیاننامەی یای کوبرا هاتووە:


یای کوبرا ساڵی ۱۳۰٤ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. لە تەمەنی ۷ ساڵیدا چووەتە قوتابخانە و تا ساڵی ۱۳۱٤ درێژەی بە خوێندن دا و تا پۆلی ٤ی سەرەتایی خوێندووە.

دوای بڕیاری ڕەزا شا، یای کوبرا وەک زۆربەی کچان و ژنانی ئەو کات، ڕێگەی چوونە دەرەوە و هەروەها قوتابخانەیان لێ دەگیرێت. بەڵام یای کوبرا وازی لە خوێندن نەهێنا و بە هاوکاری برای گەورەی کە ئەوکات قوتابی بوو، لە ماڵەوە درێژەی بە خوێندن دا.

 

پاش ماوەیێک، کاتێک دایک و بابی دەبینن کە یای کوبرا خوێندنی چەند پێخۆشە و چەندە تامەزرۆی فێربوونە، سەرەڕای دژایەتی دەور و بەر، بریاری گەڕانەوەی بۆ قۆتابخانە دەدەن و پاش تاقیکردنەوە، لە پۆلی شەشی سەرەتایی دادەنرێ.

 

لە تەمەنی ۱٦ ساڵاندا، داوای لێ دەکەن، ببێتە مامۆستا و تا تەمەنی ۱۸ ساڵی وەک خۆبەخش ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ و تا تەمەنی ٤۹ ساڵی و تا ساڵی ۱۳٥۳ی هەتاوی وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد خزمەتی کردووە.
 

لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، کە خوێندن و نووسین بە زمانی زمانی کوردی دەست پێ دەکا، یای کوبرا کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێری خوێندن و نووسینی کوردی ببوو، درێژە بە ئەرکی خۆی وەک مامۆستای کوردی دەدا.
 

یای کوبرا لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆماردا نەخشی بەرچاوی هەبووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ هاندانی ژنان و پێگەیاندنیان کەڵکی وەرگرتووە.

لە زۆربەی کۆڕ و کۆمەڵەکاندا کە بۆ ژنان و کچان گیراوە وتاربێژ بووە و باوەڕێکی قووڵی بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە و هەوڵیشی بۆ داوە.

لە دامەزراندنی قوتابخانەی گەورەساڵان بۆ ژنان لە بەهاری ۱۳۲٥دا کە خۆی ئەرکی مامۆستایەتیەکەی لە ئەستۆ بووە، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەوڵی داوە بە نووسینی داواکاری و بڵاو کردنەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا ئەو هەواڵە بە گوێی ژنان بگەیێنێ و بۆ خوێندن هانیان بدات.

 

یای کوبرا خاوەن قەڵەمێکی جوان و زمانێکی پاراو بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی نووسینەکانی و بڵاو کردنەوەیان لە ڕۆژنامەی کوردستان دا، پەرە بە بیری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگای ئەوکات و لە نێو ژنان و کچان دا بدات.