ژن و ژینگە

ژن و ژینگە



 نووسین: شنە دروودگەر



لە دنیای ئیمڕۆدا دو بابەتی ژن و ژینگە لە ڕۆژەڤترین و پێویستترین باسەکانی ڕۆژن هەر بۆیە هەر کەس و لایەن
وحیزب و دەوڵەتێک بە شێوەی جیدی و زانستی ئاوڕ لەو دو بابەتە بداتەوە ئەوا بەردەوام تێکەڵ بە نەوەی نوێ ئەبێ و هەروەها سەرکەوتن و دەسکەوت بۆ گەلەکەی ، مرۆڤایەتی و داهاتوو مسۆگەر دەکات .

دیارە دنیای پیاو سالار لە ژێر ناوی قوتابخانە و ئیزمەکانی سەردەم و لە ژێر چەرخی شەمەندەفەری تیکنۆلۆژی و پیشەسازیدا
  پرسگەلی "ژن" و "ژینگە"ی چەواشە و فەرامۆش کردوە . تیکنۆلۆژی هەوسارپچڕاو و کێبەرکێ خواز بێجگە لەوەی دژی ئەو دو پرسە بە تایبەت ژنە، لە ژنان وەک ئەرتەشێکی نادیار لە هەڵسوڕانی چەرخی پێشەسازیدا کەڵکی ناتەندرووست وەردەگرێ. یەکێ لە زانایان پێی وایە کەپێشکەوتن و تیکنۆلۆژی هیچ دەسکەوتێکی بێجگە لە هەڵوشینی یەکێ لە کێشوەرەکان( قارە) بۆ مرۆڤایەتی بە دواوە نەبووە. بڕیارێکی لەو چەشنە کە دژی تیکنۆلۆژی ڕاوەستی حوکمێکی نابەجێیە و هیچ بەربەستێک ناتوانێ بەرایی ئەو ڕەوت و چەرخە بگرێ. ئەوەی لێرەدا جێگای باسە ئەوەیە کە ژنان دەتوانن بە ورووژاندنی پرسی ژینگە و پرسی ژنان هەم یارمەتیدەرێک بن بۆ پاراستنی ژینگە و هەم نەبنە هۆکار و داردەستی بیرۆکەی فراوانخوازی پیاوسالاری. بە خوێندنەوەی زانستیانە و شۆڕبوونەوە بەناو ڕەهەندەکانی مێژوودا بۆمان دەرئەکەوێ کە ژنان زیاتر لە پیاوان ژینگەدۆست و زیندەوەرپارێز بوون.


ویل دۆرانت و ئۆلین ڕید لە کتێبەکانی" مێژووی شارستانیەت" و
  " دایک سالاریدا " بە وردی باسی پێوەندی ژن و سروشت کردوە. بۆ نموونە کۆی باسەکان ئەوەیە کە؛ ژنان لە پیاوانەوە فێری گۆشت خواردن بوون،ئەگینا لە  کۆمۆنە سەرەتایەکاندا ژنان گۆشت خۆر نەبوون، پیاوان لە کاتی ڕاوکردندا بەچکەی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیان نەئەکوشت ،بەڵکوو لە گەل خۆیان دەیان بردەوە بۆ ماڵەوە،هەربۆیە بەخێوکردنی ئەکەوتە ئەستۆی ژنان. لەو قۆناخە بەدواوە  لە سەر دەستی ژنان بەرەبەرە دەسەمۆ و لێنی کردن ئاژەڵان و پەلەوەران دەستی پێکرد. ژنان بە هۆی تێکەڵی سروشت ، مێوە و گژوگیا خۆراکی و دەرمانییەکانی دۆزییەوە و کەڵکیان لێ وەرگرت. گۆزەگەری،ڕستن و چنین(نساجی )،چێشت لێنان و ،،، بەرهەمی بیروهزری سروشت خوازانەی ژنان بووە. ژنان بە هۆی سروشتی ئاشتیخوازانە و رەفتاری نەرم ونیانەوە  کەمترین خەساریان بە ژینگە گەیاندوە. بە گەشەسەندنی شارستانیەت بەرەبەرە ژنان دەسەڵاتیان بە سەر سروشت و کۆمەڵگادا نەما و تەنانەت لە ناو بنەماڵەشدا کەوتە پەراوێزەوە.


دوورکەوتنەوەی ژنان لە سروشت خەساری قەرەبوونەکراو ئاراستەی ژینگە بوویەوە.پیاوان بە هۆی سەرکێشی و بیری تاکخوازانەوە لە ڕێگای پیشەسازی و تیکنۆلۆژیاوە هێز و دەسەڵاتیان
  بە دەست هێنا و پاشان بۆ مانەوە لە سەر تەختی دەسەڵات بە چەکی کۆکوژ و ناوکی کەوتنە گیانی یەکتر و سروشت.ژنان لەو پرۆسە نالەبار و ناتەندرووستەدا نەپرسیان پێکراوە و نە ڕۆڵیان هەبووە تەنانەت ژنان و منداڵان زیاترین قوربانییەکانی  دیاردەی شەڕ بوون ، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە بەشێک لە ژنانی خوێندەوار بە شێوەیەک لە شێوەکان پاڵنەر،یارمەتیدەر و سپای پێکهێنەری ئەو دۆخە بوون. ئەگەر باسەکە وردتر کەینەوە دەبینین کە بەشێک لە  عیلم و زانستی مرۆڤایەتی بەرژەوەندی ژنانی تێدایە ئیتر بەشەکەی دیکە هەرچەن پێشکەوتنی بەرچاوی بە دەست هێنابێ بەڵام لە دژی ژنانە. زانستەکانی  سیاسەت، فەلسەفە، ئابووری،سەربازی، مێژوو، یاسا، ئەدەبیات،تەلارسازی،شارسازی و ،،، بە زۆری پیاو ڕەهەندانەیە و  هەر ژنێک لەو بوارگەلەدا بڕوانامەی زانستی و ئاکادیمی بە دەست هێنابێ بە ڕاستی لە خزمەت بیری چەواشەکراوی پیاوسالاریدا بووە و بە بێ ئەوەی بە خۆی زانیبێتی بەردەوام بیری پیاوسالاری بۆ نەوەی نوێ دوپات و کاوێژ کردۆتەوە. ژنان ئەگەر لە بوارگەلی پزیشکی،ژینگەناسی،بیرکاری ، هونەر،فیزیا،کیمیا و ،،، پلەی بەرزی خوێندەواری بە دەست بێنن ئەوا دەتوانن هەم خزمەتێکی باش بە ژنان بکەن و هەم بە داتا و بەڵگەی زانستی بە گژ چەواشیەکارییەکانی پیاوان لە سیاسەت،ئابووری،مێژوو و ،،، هتدا بچنەوە.

لە زۆرێک لە وڵاتاندا ژنان بە هۆی خوێندەواری تەندرووست توانیویانە مافی ڕەوا و ئینسانی بەدەست بێنن و تا ڕادەیەک ڕەفا و ئاسایشی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی و ،،، مسۆگەر بکەن. لە دنیادا دیاردەگەلی وەک پرسی ناوکی و ئۆتۆمی، کێبەرکێی ئابووری،دوجەمسەری،شەڕی دەروونی و بایۆلۆژی(کۆرۆنا وایرۆس ) هێشتا بابەت گەلێکن کە مەترسی دوقاتن بۆ سەر ژنان و ژینگە.ژنان ئەگەر لە باسە لاوەکییەکان دوور کەونەوە و چڕ ببنەوە سەر پرسە ئورژانسییەکان ئەوا دەتوانن بابەتگەلی وەک چەکی ناوکی،شەڕە بایۆلۆژی و دەروونییەکان و هتد،،، کە دەستی شاراوەی ئەهریمەنیە بەرتەسک بکەنەوە.


 

 لە کوردستان دۆخی ژنان بە هۆکارگەلی زۆرەوە شپرزەیە. فمینیزم لە کوردستان کۆپی کراوی دەرەوەیە و خۆێندنەوەی قوڵی زانستی لە پشت نیە. ژنان لەم سەردەمەدا زیاتر ئامرازی ...
 


 ستەمی دوقاتی دەسەڵاتەکان بوونەتەوە. ژنانی کورد بە گشتی و بە تایبەتیتر لە خۆرهەڵاتی کوردستان پێویستیان بە ڕێخستنی تۆکمە و بەربڵاو هەیە.  بزاوی ژنانی ئەحزاب دەبێ لە بزاوی ژنانی ناوخۆ نزیک ببنەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن. ڕێخراوە ژینگە پارێزییەکانی خۆرهەڵات دەتوانن پاڵپشتێکی پیاوانەی ژن پەسەند بن. پرسی ژینگە لە لایەن ڕێخراوە ژینگەپارێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بە  چڕی ورووژاوە و ئەوەش کۆدێکە بۆ بزاوی ژنانی خۆرهەڵات.  ڕاسانی ڕۆژهەڵات گیانێکی نوێی بە بزوتنەوەی کورد لەو بەشەدا کرد و بە حوکمی ئەوەیکە جۆرێک یەکرێزی لە ناو ئەحزابدا پێکهێنا ئیتر ناتوانین ئە ڕاسانەوە بە موڵکی لایەنێک دابنێن.

لە پرۆسەی یەکدنگی ئەحزابدا هەموو لایەک بە پێی توانا ڕۆڵی هەبووە هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە ڕاسان بە تەنیا لایەنێک جێبەجێ نابێ و ئەرکی هەموو لایەکە بە بیرۆکەی نوێ دەوڵەمەندی بکەن. ناوەندی ژنانی خۆرهەڵات وەک دەنگی هەموو ژنانی ئەحزابی ڕۆژهەڵات ناوەندێکە کە بە پێی فەلسەفەی وجودی بنەمایەکی دیمۆکراتیکی هەیە و ئەگەر بێجگە لە هێنانە ئارای مافەکانی ژنان پرسی ژینگەش تێکەڵ بە ڕەوت و کار و چالاکییەکانی بکا ئەوا بە شێوەی خۆڕسک دەچێتەوە سەر ریتمی ڕاستەقینەی ژیان.

 

  ژنان بە چەکی ژینگەپارێزی دەتوانن  باسکی بەهێزی پیاوسالاری کە ژینگەی بەرەو وێرانی بردوە بشکێنێ.