کۆرۆنا و جێندەر: ئامارەکانی توندوتیژیی خێزانی لەزیادبووندان

کۆرۆنا و جێندەر: ئامارەکانی توندوتیژیی خێزانی لەزیادبووندان

نووسین: نەزەند بەگی خانی

نزیکەی چوار مانگ و نیو بەسەر دەرکەوتنی یەکەمین حالەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) دا تێپەڕیوە و ئەمڕۆ ڤایرۆسەکە لە هەموو وڵاتانی جیهان بڵاوبۆتەوە. هەر لەسەرەتای کەرەنتینە و خۆخزاندنە ناوماڵ وەک باشترین چارەسەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، یوئێن و پسپۆڕ و توێژەران نیگەرانیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە دەرهاویشتە ترسناکەکانی ئەم دۆخە لە زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی، بە تایبەتی بەرامبەر ژنان و منداڵان.

ئەمڕۆ لە رۆژنامەی زە گاردیەنی بەریتانی هەندێ ئامار راگەیەنراون و پیشانی دەدەن کە توندوتیژی لەناو خێزان و بەرامبەر ژنان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زیادی کردووە. راپۆرتەکە هەندێ ئاماری بەرایی تایبەت بە وڵاتانی چین و یۆنان و ئیسپانیا و برازیل و دەخاتە ڕوو؛ بۆ نموونە لە هەرێمی هووبەی کە یەکەمجار ڤایرۆسەکەی لێ بڵاوبۆوە، راددەی توندوتیژی سێ بەرامبەر زیادی کردووە. لە برازیل کەیسەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە راددەی 40% تا 50% زیادیکردووە. لە کەتەلان هێڵی گەرمی تایبەت بە توندوتیژیی خێزانی بە راددەی 20% زیاتر کەیسی تۆمار کردووە و لە قوبرسیش بە راددەی لە 30%. ئەمانە هۆشدارین بۆ ئەو مەترسییانەی ژنان (منداڵانیش) لەناو خێزان بەرەوڕووی دەبنەوە. لە کوردستانیش، ئەوەندەی من ئاگادارم بم، هیچ ئامارێکی فەرمی تا ئێستا رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە توندوتیژیی خێزانی لەم ماوەیەدا رووی نەداوە.

لە رۆژی نەورۆز، 21 ی ئادار، کورتە وتارێکم لە کوردستان 24 بڵاوکردەوە بەناوی کۆرۆنا و جێندەر. ئەو کورتە وتارە وەک پێشەکییەک و هۆشداری وابوو بۆ هۆشیارکردنەوەی رای گشتی لە بارەی ئەو دیاردەیە کە لە کاتی ئیمێرجنسی و پەتا و کارەساتە سروشتییەکان پشتگوێ دەخرێت. لە وتارەکە ئاماژەم بە راپۆرتەکانی یوئێن و ئۆکسفام و لانسێت دابوو و باسی ئەوەم کردووە کە پێویستە لە قۆناغی ئیمێرجنسی و عاتیفەی جەماوەر و پۆپیولیزم دەرچین و پلان و پرۆگرامی پەروەردەیی دەبڕێژین بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناو خێزان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری.

من ئاشنام بەو گوتارە دڵەکیی (عاتیفی) و پۆپیولیستەی کە دەڵێ لە کاتی کارەساتدا هەموومان بەرەنگاری مەترسی دەبینەوە و نابێ باسی ئافرەتان و دۆخی ئەوانە بکەین کە بە هۆی نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتییەوە لە دۆخێکی ناهەمواردان و زیاتر بەرەوڕووی سەرەنجامە خراپەکانی دۆخەکە دەبنەوە. راستە ڤایرۆسەکە جیاوازی نێوان ژن و پیاو نازانێ، تەنانەت هەندێ راپۆرتی بەرایی دەیسەلمێنن کە پیاوان زیاتر تووشی کۆرۆنا دەبن. بەڵام ئەوەی من باسی دەکەم پەیوەندی بە جیاوازیی سێکسییەوە نییە؛ مەبەستی من ئەوەیە کە پەتاکە بە تێکهەڵکێش لەگەڵ هەژاری و نایەکسانیی وداخران و پەراوێزکەوتن دۆخێک دروست دەکات کە ژنان تێیدا دادەبڕێن و لەم دۆخەشدا ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەراسانکردن زیاتر دەبێت. ئەو ئافرەتانە ناتوانن وەک جاران دەردی دڵی خۆیان لە لای هاوڕێ و کەس وکاریان دەربڕن، ناتوانن پەیوەندیی بە پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان و تەنانەت هێڵی گەرمی تایبەت بە تونوتیژیش بکەن، چونکە کات و شوێنی تایبەتییان نەماوە و ناوێرن لە ترسی ئەوەی پیاوەکان گوێیان لێ بێ و زیاتر هەراسان بکرێن. ئەو ژووری خود – ەی کە ڤیرجینیا وۆلف باسی دەکات، ئەمڕۆ بە تەواوی نەماوە و کچان و ژنان لە ناو خێزانەکان لە یەک کاتدا دابڕاون و لە هەمان کاتیش لە ژێر فشاردان.

راپۆرتەکەی زە گاردیەن باسی ئەوە دەکات کە هەندێ لە ژنەکان دەچنە توالیتەکەیان و لەوێوە هەوڵ دەدەن تەلەفۆن بکەن و داوای بەهاناوەهاتن دەکەن. لە فەڕەنسا، حکومەت بە فەرمی رایگەیاند کە ژنان دەتوانن لە رێگای دەرمانخانەکانەوە کاتێ دەردەچن بۆ کڕینی دەرمان داوای هاوکاری بکەن. دەرمانخانەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە کاتی داوای هاوکاری، دەبێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن تا بە هانای ژنە هەراسانکراوەکانەوە بێن.

ئەمڕۆ کە هەموو ئەندامانی خێزان خزاونەتە ناوچوارچێوەی ماڵ و کەرەنتینەین، نەک تەنها ئەرکی ژنان زۆر لە جاران زیاتر بووە، بەڵکو حزوری بەردەوامی پیاو (مەبەستم هەموو پیاوێک نییە، بەڵکو پیاوانی توندوتیژ و ناهاوکارە) فشار و توندوتیژی دروست دەکات. با دۆخەکە وەک مەنجەڵی هەڵمپەست سەیر بکەین کە لەناوەوە فشارێکی زۆر هەیە و بەریەککەوتن و پێکدادان دروست دەکات و کە سەریشی هەڵدەدەیەوە، دەتەقێتەوە.  جگە لەمە، ئەو پیاوانەی بەهۆی داخران و لە ماڵمانەوە تووشی خەمۆکی دەبن، هەروەها ئەوانەی دۆستیان هەیە لە دەرەوە (کە بەداخەوە توێژینەکان دەیسەلمێنن زۆرن) ئەمڕۆ لەبەر مەترسی کۆرۆنا پەیوەندیی سێکسییان کەمتر بووە لە جاران، ئەوە ناتوانن خۆیان کۆنترۆل بکەن و بەسەر ژنەکانیاندا دەتەقنەوە. زۆربەی ئەو توندوتیژییانەی لە ئامارەکانی لەسەرەوە باسم کردن، لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە ناهەموارە دروست بوون.

پێویستە لەم بارودۆخەدا چی بکرێت؟

گومانی تێدا نییە کە سیاسەتمەدار و دام و دەزگا و رێکخراوەکانی تەندروستی هەموویان کاردەکەن بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و پاراستی هاوڵاتیان. پسپۆرانی تەندروستی هەموو سەرقاڵن بۆ ئەوەی لە سروشتی ڤایرۆسەکە تێ بگەن و ماوە و چۆنییەتی گواستنەوە و کاتی پێکانی بزانن بۆ ئەوەی ڤاکسینێکی گونجاو لە دژی دابهێنن. لەبەرئەوەی بەهۆی  نایەکسانی جێندەری و نادادوەریی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان هەموو وەک یەک ئەزموونی ئەو دۆخە ناکەن و ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە، ئەوە پێویستە پرۆگرامی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی ناو خێزان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دابرێژن.

لەو قۆناغەدا، گرنگە داتا و ئامارەکان هەڕەمەکی ئەنجام نەدرێن، بەڵکو جیاوازی بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی (جێندەری) لەبەرچاو بگیرێت. ئەمە نەک هەر هاوکاریمان دەکات بۆ راڤەکارییەکی جێندەری و زیاتر تێگەیشتنی دۆخەکە، بەڵکو یارمەتیمان دەدات بۆ دابینکردنی ستراتیژیی گونجاوتر بۆ خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوە.  رێکخراوی تەندروستی تینک گلۆبەل لە راپۆرتێکدا کە لە ٤ ی فێبرایری بلاوکراوەتەوە باسی ئەوە دەکات کە لە کاتی کۆکردنەوە و تۆمارکردنی داتاکان، پێویستە چەند پرسیارێک لەخۆمان بکەین:

  1. ئایا کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە بە پێی جیاوازیی بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی دەگۆڕێن؟
  2. کێن ئەوانەی کە رۆژانە لە خەستەخانەکان و لە ماڵەوەش نەخۆش و پەککەوتە دەپارێزن و چارەسەریان دەکەن؟ هەروەکو لە وتارەکەی ٢١ ی مارت نووسیبووم، بە پێی راپۆرتێکی یوئێن، ٪٧٠ کارمەند و کرێکارانی بواری تەندروستی ئافرەتن و لە ماڵەوەش هەر ئەوانن کە زۆرترین کاری ناوماڵ ئەنجام دەدەن و ئاگایان لە نەنک و باپیر و دایک و باوکە پیرەکانیش دەبێت.
  3. ئایا ئەو ئافرەتانەی لەبەرەی پێشەوەی ئەو جەنگەدان هۆکارەکانی خۆپاراستن و ئاسایشیان وەکو پێویست بۆ دابین کراوە؟
  4. کێن ئەوانەی کە بڕیار دەدەن؟ ئایا ژنان لەو لیژنانەی بۆ مەبەستی راڤەکاری و ستراتیژیی پێکهاتوون بوونیان هەیە؟ تا چەند دەنگی ژنان ئامادەیی هەیە و گوێی لێ دەگیرێ؟
  5. کاردانەوەی پەتاکە لەسەر پەنابەر و ئاوارە و چینە هەرە لانەواز و هەژارەکان چۆنە و چ رێوشوێنێک بۆ پاراستننیان گیراواەتە بەر؟ ئەو ژنانەی لەم ماوەیە منداڵیان دەبێ، زەیستانن یا سکپڕن چۆن لە خەستەخانەکان و لە ماڵەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ؟ کێ بەهانایانەوە دێ ؟

ئەم پرسیارانە و ئاراستەکردنیان لەم قۆناغەدا وا دەکات باشتر لە ئامادەباشی دابین و ئەو چارەسەرانەی کە لە داهاتووش دەخرێنە روو، کاریگەرترن و گونجاوتر دەبن. بەڵام لە ئێستادا کە بواری راپرسی و توێژینەوەی مەیدانی نییە، وەکو وەڵامی خێرا و یەکسەری، پێویستە لە رێگای پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و رێکخراوەکانەوە، بە هانای ئەو ئافرەتانەوە بێین کە بەرەوڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە. پێویستە ئامارەکانیش بۆ رای گشتی رابگەیەنرێن تا هەمووان بتوانین هاوکار بین لە دابینکردنی چارەسەر. هەروەها بۆ ئەوەی لە داهاتووش توێژینەوەی ئەکادیمی لە لایەن سەنتەرەکانی جێندەرەوە ئەنجام بدرێت بۆ راڤەکارییەکی جێندەرییانە و خستنەڕووی داتای بەڵگەئامێز بە ئامانجی داڕشتنی پۆلەسی گونجاو و یاسای پێویست بەو دۆخە نوێیە. چونکە جیهانی دوای کۆرۆنا هەرگیز وەک جیهانی پێشوو نابێت.


ئەم بابەتە لە ماڵپەری کوردستان ٢٤ وەرگیراوە