هەشتی مارس، دەرفەتێکی گونجاو بۆ خۆدەرخستنی هێزی ژنان

هەشتی مارس، دەرفەتێکی گونجاو بۆ خۆدەرخستنی هێزی ژنان


نووسین: سەیران عێزەتی

 

هەشتی مارس رۆژێكی ناسیاو و مێژووییە، ڕۆژێكە كە بەرهەمی ڕەنج و ئازار و خوێنی چەندین میلیۆن ژنە لە سەرانسەری جیهاندا، بەرهەمی تێكۆشانی ژنانێک كە ئازایانە و بوێرانە و بە دەنگی دلێرانەوە هاتنە نێو گۆڕەپانی شەڕ دژی نایەكسانیی ڕەگەزی و نادادپەروەریی کۆمەلگا جیاوازەکان و بۆ دەستەبەركردنی یەكسانی، دادپەوەری، ئازادی و سەرجەم مافە ڕەواكانی خۆیان كە بە ڕەگەزی پلە دوو و بوونەوەرێكی ناتوانا و ناتێگەیشتوو ئەژمار دەکران.
 

هەشتی مارس دەرفەتێكە بۆ هەموومان كە جارێكی تر بە بیرمان بێتەوە لە سەدەیەک كە بە سەدەی بیست و یەكەم نادێر کراوە و مرۆڤ زۆر پێشكەوتن و بەرزبوونەوەی هزری و ئاوەزی بە خۆی بینیوە، بەڵام هێشتا لەم جیهانە مۆدێڕنەدا ڕەگەزێک کە لەسەر ئاستی جیهان و کۆمکەڵگا جیاوازەکاندا بە نیوەی کۆمەڵگا و تەواوکەری کۆمەڵ ئەژمار دەکرێت، هێشتا مافەكانی پێشێل دەكرێت و تاکوو ئێستاش لە زۆر بوارەوە پەراوێز خراوە، هەنووکەش بە ناوی شەرەفەوە دەكوژرێت و بە شێوەی جۆراوجۆر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەچەوسێتەوە.
 

ئەم ڕۆژە مێژووییە (هەشتی مارس) دەرفەتێكە بۆ ئەوەی كە ژنان بەو بیانوویەوە لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت ژنانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان تاکوو هاودەنگ وهاوڕا بن و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویەوە بۆ لابردنی نایەكسانیی ڕەگەزی و دەستەبەركردنی هەموو مافە مرۆڤایەتی و سێنفییەكانیان خەبات و تێکۆشانێکی بەرین بکەن و هەوڵاکانیان لە ڕێگای ئیرادەیەكی بەهێزی پۆڵایین و زانستی سەردەمەوە لە هەموو بوارەكاندا بخەنە گڕ، ژنان و بەتایبەت ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان و ژنانی ئەو نەتەوانەی کە وڵاتەکەیان دابەش و داگیر کراوە و هیچ کیانێکیان نییە کە دەسڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا دانی پێدا نرابێت و وەکوو نوێنەری ڕاستەقینەیان لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکاندا داوا و خوازیاریی مافەکانیان بێت، وەکوو نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، هاراتی، ئۆگۆوینی، سولوو، تاڵش، تیبێت و ... هتد کە پێویستە بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە و بوێرانەتر لە هەموو گۆڕەپانەكاندا هیز و تواناکانی خۆیان نیشان بدەن، ئەمەش هەر وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کراوە بە ئیرادە و زانستەوە دەتوانرێت خۆیان بسەلمێنن و بگرە باشتر و سەركەوتووتر بن.
 

رۆژی هەشتی مارس کە بە ڕۆژی جیهانیی ژن ناودێر کراوە و ناسراوە، خاوەن مێژوویێکی خوێنینە و ڕابردوویێکی پڕ هەوراز و پڕ لە خەبات و تێکۆشان بۆ یەکسانیی ژن و پیاو و دابینکردنی داپەروەریی کۆمەڵگای هەیە، ئەمەش تەنیا کاتێک دەکرێت بڵێین کە پیرۆزمان کردووە کە هەنگاوێکی زیاترمان بە کردەوەمان لەم رێگایەدا هەڵگرتبێت، واتە ڕوانگەمان بۆ دنیا و بۆ پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان بگۆڕین، واتە چی تر وەکوو ڕابردوو نەڕوانینە ژن و پیاو.
 

دەبێت ڕوانگەکانمان بەرەو یەکسانی و بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری بگۆڕین، ئەمەش تەنیا بە وتنی ڕستەیێک و کڕینی چەپکە گوڵێک یان خەڵاتێک بەدی نایەت، ئەمە دەخوازێت کە پیاوان چی تر خۆیان بەرزتر لە ژنان نەبینن و ڕوانین و ڕوانگەیان وا لێ بکەن کە پیاوان ژنان بە مرۆڤێکی بە توانا و بەهێز وەکوو خۆیان سەیر بکەن و وا تێبگەن کە ژنیش لە ژیانیشدا خاوەن هەموو ئەو مافانەیە کە خۆیانب هەیانە، واتە هەرچی بۆ خۆیان ڕەوا دەبینن بۆ ژنانیش بە ڕەوابینن، بڕوا بەوە بێنن کە هیچ کار و کردەیەک خۆی لە خۆیدا نە ژنانەیە و نە پیاوانە.
 

خاڵێکی دیکەی گرینگ ئەوەیە کە ڕێز دابنێن بۆ ئازادی و مافی بڕیاردانی ژنان، هاوکات پێویستە ژنانیش بڕوایان بەوە ببێت کە ئەوان مرۆڤێکی ئازادن و نابێت لە ژێر دەسەڵاتی هیچ مرۆڤێکی تر یان دەسەڵاتێکی تر ، چە ئاینی و چە کولتوریدا خۆیان حەسار بدەن و بژین، لەم بواریشەوە تاکوو ژنان نەگەنە ئەو بڕوا و لەگەڵ خۆیان ساخ نەبنەوە، بەدەستهێنانی ڕزگاری و یەکسانییان ئەستەمە.
 

لە کۆتاییدا بە هیوای ڕۆژێک کە کێشەکان و شێوازی ژیانی کچ و ژنانی کورد، هەر ئەوەندەی بووەتە ئیلهام بۆ شاعیر و نووسەرەکانمان، دەبیت ئەوەندەش ببێتە ئیلهام بۆ کاری ئەندێشەی قووڵ و بە پڕاکتیککردنی کارا بێت.