خەڵاتی مینا خانم پێشکەش بە یای کوبرا عەزیمی کرا

خەڵاتی مینا خانم پێشکەش بە یای کوبرا عەزیمی کرا


ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، خەڵاتی مینا خانم کە خەڵاتی ساڵانەی رێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، پێشکەش بە خاتوو کوبرا عەزیمی، ئەندامی دێرینی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.
 

خەڵاتی مینا خانم، ساڵانە پێشکەش بە ئەندامان و چالاکانی بواری ژنان دەکرێت، ئەمساڵ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرن بە هۆی هەوڵ و تێکۆشانە بەردەوامەکانی یای کوبرا عەزیمی لە بواری ژنان و مێژووی دوور و درێژی خەباتی یەکسانیخوازی بەڕێزیان، بڕیاری داوە ئەو خەڵاتە پێشکەش بە جەنابیان بکات.
 

شایانی باسە، بە هۆی بارودۆخی تایبەتی پێش هاتوو  لەئاکامی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهان، سەرەراییی هەوڵی ئەندامانی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی سوید، ئیزن بە دیدار و سەردانی یای کوبرا لە نزیکەوە نەدراوە و پێشکەش کردنی خەڵاتەکە بۆ ماوەیەکی نادیار دوا خراوە.


لە خوارەوە بەشێک لە ژیاننامەی یای کوبرا هاتووە:


یای کوبرا ساڵی ۱۳۰٤ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. لە تەمەنی ۷ ساڵیدا چووەتە قوتابخانە و تا ساڵی ۱۳۱٤ درێژەی بە خوێندن دا و تا پۆلی ٤ی سەرەتایی خوێندووە.

دوای بڕیاری ڕەزا شا، یای کوبرا وەک زۆربەی کچان و ژنانی ئەو کات، ڕێگەی چوونە دەرەوە و هەروەها قوتابخانەیان لێ دەگیرێت. بەڵام یای کوبرا وازی لە خوێندن نەهێنا و بە هاوکاری برای گەورەی کە ئەوکات قوتابی بوو، لە ماڵەوە درێژەی بە خوێندن دا.
 

پاش ماوەیێک، کاتێک دایک و بابی دەبینن کە یای کوبرا خوێندنی چەند پێخۆشە و چەندە تامەزرۆی فێربوونە، سەرەڕای دژایەتی دەور و بەر، بریاری گەڕانەوەی بۆ قۆتابخانە دەدەن و پاش تاقیکردنەوە، لە پۆلی شەشی سەرەتایی دادەنرێ.

 

لە تەمەنی ۱٦ ساڵاندا، داوای لێ دەکەن، ببێتە مامۆستا و تا تەمەنی ۱۸ ساڵی وەک خۆبەخش ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ و تا تەمەنی ٤۹ ساڵی و تا ساڵی ۱۳٥۳ی هەتاوی وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد خزمەتی کردووە.
 

لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، کە خوێندن و نووسین بە زمانی زمانی کوردی دەست پێ دەکا، یای کوبرا کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێری خوێندن و نووسینی کوردی ببوو، درێژە بە ئەرکی خۆی وەک مامۆستای کوردی دەدا.
 

یای کوبرا لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆماردا نەخشی بەرچاوی هەبووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ هاندانی ژنان و پێگەیاندنیان کەڵکی وەرگرتووە.

لە زۆربەی کۆڕ و کۆمەڵەکاندا کە بۆ ژنان و کچان گیراوە وتاربێژ بووە و باوەڕێکی قووڵی بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە و هەوڵیشی بۆ داوە.

لە دامەزراندنی قوتابخانەی گەورەساڵان بۆ ژنان لە بەهاری ۱۳۲٥دا کە خۆی ئەرکی مامۆستایەتیەکەی لە ئەستۆ بووە، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەوڵی داوە بە نووسینی داواکاری و بڵاو کردنەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا ئەو هەواڵە بە گوێی ژنان بگەیێنێ و بۆ خوێندن هانیان بدات.
 

یای کوبرا خاوەن قەڵەمێکی جوان و زمانێکی پاراو بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی نووسینەکانی و بڵاو کردنەوەیان لە ڕۆژنامەی کوردستان دا، پەرە بە بیری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگای ئەوکات و لە نێو ژنان و کچان دا بدات.