بڵاوکردنەوەی وتار و نوسینەکانی یای کوبرا عەزیمی لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوکردنەوەی وتار و نوسینەکانی یای کوبرا عەزیمی لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران



لە ٧٤مین ساڵرۆژی دامەرزاندنی یەکیەتیی ژنانی،  سەرجەم  وتار و نووسینەکانی یای کوبرا عەزیمی کە لە رۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆماردا بڵاو کراوەتەوە، لە نامیلکەیەکدا لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.

 

ئەم وتار و نووسینانە پێشتر لەلایەن بەرێز فاروق فەرهاد، کۆکرابوویەوە و لە بەرەبەرەی ٧٤مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، ئامادە، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
 

ئەم نامیلکەیە کە سەرجەم وتار و نووسینەکانی یای کوبرا عەزیمی لە خۆگرتووە، بریتیە لە حەفت وتار کە زستانی ساڵی ١٣٢٤، بەهار و پاییزی ساڵی ١٣٢٥ لە چەندین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە.

 

یای کوبرا ساڵی ۱۳۰٤ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. لە تەمەنی ۷ ساڵیدا چووەتە قوتابخانە و تا ساڵی ۱۳۱٤ درێژەی بە خوێندن دا و تا پۆلی ٤ی سەرەتایی خوێندووە.

دوای بڕیاری ڕەزا شا، یای کوبرا وەک زۆربەی کچان و ژنانی ئەو کات، ڕێگەی چوونە دەرەوە و هەروەها قوتابخانەیان لێ دەگیرێت. بەڵام یای کوبرا وازی لە خوێندن نەهێنا و بە هاوکاری برای گەورەی کە ئەوکات قوتابی بوو، لە ماڵەوە درێژەی بە خوێندن دا.

 

پاش ماوەیێک، کاتێک دایک و بابی دەبینن کە یای کوبرا خوێندنی چەند پێخۆشە و چەندە تامەزرۆی فێربوونە، سەرەڕای دژایەتی دەور و بەر، بریاری گەڕانەوەی بۆ قۆتابخانە دەدەن و پاش تاقیکردنەوە، لە پۆلی شەشی سەرەتایی دادەنرێ.

 

لە تەمەنی ۱٦ ساڵاندا، داوای لێ دەکەن، ببێتە مامۆستا و تا تەمەنی ۱۸ ساڵی وەک خۆبەخش ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ و تا تەمەنی ٤۹ ساڵی و تا ساڵی ۱۳٥۳ی هەتاوی وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد خزمەتی کردووە.
 

لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، کە خوێندن و نووسین بە زمانی زمانی کوردی دەست پێ دەکا، یای کوبرا کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێری خوێندن و نووسینی کوردی ببوو، درێژە بە ئەرکی خۆی وەک مامۆستای کوردی دەدا.
 

یای کوبرا لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆماردا نەخشی بەرچاوی هەبووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ هاندانی ژنان و پێگەیاندنیان کەڵکی وەرگرتووە.

لە زۆربەی کۆڕ و کۆمەڵەکاندا کە بۆ ژنان و کچان گیراوە وتاربێژ بووە و باوەڕێکی قووڵی بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە و هەوڵیشی بۆ داوە.


لە دامەزراندنی قوتابخانەی گەورەساڵان بۆ ژنان لە بەهاری ۱۳۲٥دا کە خۆی ئەرکی مامۆستایەتیەکەی لە ئەستۆ بووە، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەوڵی داوە بە نووسینی داواکاری و بڵاو کردنەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا ئەو هەواڵە بە گوێی ژنان بگەیێنێ و بۆ خوێندن هانیان بدات.

 

یای کوبرا خاوەن قەڵەمێکی جوان و زمانێکی پاراو بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی نووسینەکانی و بڵاو کردنەوەیان لە ڕۆژنامەی کوردستان دا، پەرە بە بیری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگای ئەوکات و لە نێو ژنان و کچان دا بدات.

بۆ داگرتنی فایلی PDFی وتارەکان کرتە لێرە بکەن