کورتە باسێک لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان

کورتە باسێک لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان

 

ئەگەر ئاورێکی خێرا بەسەر دەسەڵاتی کورت ماوەی کۆماری کوردستان بدەینەوە، کۆمەلێک کاروکردەوەی جوان و لاپەرەی زێرین دەبینین کە یەکێک لەوانە بایەخدان بە بارودۆخی ژنان و دامەزرانی رێکخراوەی یەکیەتیی ژنان بووە.

 

رێکخراوەی ژنان ۲ مانگ پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان  لە ۲٤ی رەشەممەی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی بە پێشنیاری پێشەوا قازی محەممەد لە ماڵی خۆیان لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداری "نوسرەت عەباسی"، "خەدیجە سەید بابکری"، "کوبرا عەزیمی"، "خەدیجە مەڵا حوسێنی"، "ئامینە خانم" و "میناخانمی قازی" و "خەدیجەی قازی" و چەند ژنێکی دیکە یەکیەتیی ژنان کە بە رێکخراوەی "یایان" ناسرابوو، راگەیاندرا و خاتوو "مینا قازی" هاوسەری پێشەوا قازی محەممەد بە بەرپرسی ئەو رێکخراوەیە دیاری کرا.

 

یەکەم کاری ئەو رێکخراوەیە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری بوو کە ژنانیان هاندەدا بچنە قوتابخانە و فێری نووسین و خوێندن بن.

 

ئەوەش پاش بەدەسەڵات گەیشتنی پێشەوا، بڕیاری دروست کردنی قوتابخانە لە شارو گوندەکان درا و خوێندن بۆ ژن و پیاو ئیجباری کرا.

 

خاتوو "مینا قازی" لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس دەکات و دەڵێت: "پێشەوا قازی محەممەد پاش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان هاتەوە مالێ و گووتی؛ ئیتر تۆ هاوسەری سەرۆک کۆماری کوردستانی و چیتر نابێ لە ماڵێ بمێنیەوە و دونیا لە حاڵی پێشکەوتن دایە و بۆ ئەوەی ژنانی کوردیش ئەو رێچکەیە بگرن دەبێ لە خۆتەوە دەست پێ بکەی و بچیە قوتابخانە فێری نووسین و خوێندنەوە بی.

 

یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەو ڕێکخراوەیە ئەوە بوو کە لە ڕێی بڵاوکراوەکان لە ناو شار و بازار ژنانیان هاندەدا کە لە ماڵ بێنە دەرێ و ڕوو لە قوتابخانەکان بکەن.

 

لەو ماوە کورتەی کە دەرفەت بۆ ژنان هەبوو کە بێنە مەیدان و خۆیان لە کاروچالاکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و....دا ببیننەوە، پێشوازێکی گەرم لە ڕێکخراوەی ژنان کرا و رۆژانە ژنانێکی زۆر سەردانیان دەکردین و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەشداریان دەکرد و نەزەر و پێشنیاری خۆیان باس دەکرد و زۆربەی ئەوان گلەییان لە شێوەی ژیان و هەڵسووکەوتی کۆمەڵگا لەگەڵ ژنان بوو بە هۆی ئەوەی ئەو سەردەمە کۆمەڵگایەکی عەشیرەتی و نەخوێندەوار بوو قەبوولی بەشداری ژنان لە کاروباری دەرەوەی ماڵ نەدەدرا و دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان یەکەم هەنگاو بوو بۆ ژنانی کورد" .

 

ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمێکدا هەستی بە زەروورەتی دامەزرانی ڕێکخراوەی تایبەت بە ژنان کردووە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک نەخوێندەوار بووە و کۆمەڵگای ئەو سەردەم داخراو و عەشیرەتی بووە و هیچ درفەتێک بە ژنان بۆ پێشکەوتن و هاتنە دەرێ نەدراوە.

 

بەڵام بە هۆی ئەوەی پێشەوا کەسێکی خوێندەوار بووە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی مێژووی وڵاتانی دیکە بووە، پێی وابووە کە ژنانی کوردیش دەبێ ئەو هەنگاوە هەڵگرن و لە بوواری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ولاتی خۆیان بەشدار بن.

 

تەنانەت پێشەوا چەند جار کاتی دانووستان و سەردان بۆ شارەکانی تر کچەکانی خۆی بردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش لە داهاتوودا بتوانن کەسانێکی سیاسی بن و خزمەتی خاک و نیشتمانی خۆیان بکەن.