په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان، به‌ بۆنه‌ی‌ ٧٤مین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان، به‌ بۆنه‌ی‌ ٧٤مین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران



 

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ژنانی تێکۆشەری مەیدانی خەبات!

74 ساڵ‌ به‌ر له‌ ئێستا له‌ 24ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ ساڵی‌ 1324ی‌ هه‌تاوی‌دا، یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران وه‌ك یه‌كه‌مین رێكخراوی‌ ژنان له‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مودێرن دامه‌زرا.

دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان بوو به‌ ده‌سپێكی‌ وەرزێکی نوێ‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ژنان له‌ كوردستانی‌ ئێراندا، كه‌ شانازیه‌كه‌ی‌ وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی‌ به‌ نرخ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆماری‌ كوردستان و حیزبه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی‌، واته‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران. ئه‌و هه‌نگاوه‌ گرینگ و مێژووییه‌ كه‌ بوو به‌ هۆی‌ له‌ دایك بوونی‌ رێكخراوه‌كه‌مان، هه‌نگاوێكی‌ پێشكه‌وتوانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیارەکەی ئه‌و كاته‌دا زۆر ئه‌سته‌م بوو، بەڵام چوونکە له‌ هزر و بیری‌ تیژ و ستراتیژیی‌ رێبه‌رانی‌ كۆمار و به‌ تایبه‌ت پێشه‌وا قازی‌ محه‌ممه‌د سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبوو، هەنگاوی پێویستی بۆ هەڵگیرا.

ژنانی مافخوازی کوردستان!

مێژوو سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە دامەزراندنی یەکیەتی ژنان، بوو بە دەروازەیەک کە ژنانی گەلە بەشخوراوەکەمان بۆ یەکەمجار، بە شێوەی رێکخڕاو و سیستماتیک و بە ئۆرگانیزاسیۆنێکی سەردەمیانە، تێکەل بە خەباتی ڕزگاریخوازی و مافخوازانەی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بن و هەر وەک بینیمان، یەکیەتی ژنان و بە گشتی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستن و هاندانی ژنان لە سەرانسەری ئێران بۆ بەشداری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، درێغییان نەکردووە.

هاونیشتیمانییانی خۆشەویست!

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەکاتێکدا ئەو پەیامەتان پێشکەش دەکات کە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئیران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ئیزۆلە بووە و دۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە تەواوی شڵەژاوە و بە بەردەوامی گوشارە نێوخۆیی و  نێونەتەوییەکان، ئەگەری ئاڵوگۆر لە ئێراندا دێتە ئاراوە  و سیاسەتە نێودەوڵەتی و میدیا جیهانییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە، هەموو لایەنێکی دەرەکی و نێوخۆیی ئێرانی، خۆیان بۆ هاتنە ئارای ئاڵۆگۆڕ لە وڵاتدا ئامادە کردووە و ئامادە دەکەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە ژنانی تێکۆشەری ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، چالاکتر لە جاران لە هەموو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵاتی و کلتووریەکاندا ڕۆڵ بگێڕن و هاوتەریب لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکە کۆمەڵگا، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادییە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی خۆیان تێبکۆشن.

هەروەک کە بینیمان لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر و دواتری ژنان لە ریزی پیشەوەی هەموو نارەزایەتیەکاندا بوون و رۆڵی کاریگەر و بنەرەتیان بینیوە. هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەموو جیهان روونە کە خەسارەکانی ئەو ڤایرۆسە لە ئیران گەلێک زیاترە لە ناوەندی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە کە وڵاتی چینە، بێگومان ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ  بەڕەواڵەت گوێ پێنەدان و خەم ساری تەواویەتی رژیم و لەڕاستیدا سیاسەت و پیڵانە شاراوەکانی پشتی ئەو بڵاوبوونەوەیە.

دوای تەشەنە کردنی ڤایرۆسی کڕۆنا لە شاری قومەوە بۆ سەرانسەری ئێران، کوردستان و ژنی کورد جارێکی دیکە بە هەست بە بەرپرسیاری کردن بەرامبەر بە کۆمەڵگا و نەتەوەکەیان، شان بەشانی پیاوان لە ریکخراوە مەدەنیەکان خەریکی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی تایبەت بە بەرنگاریی ئەم پەتایەن.

لەو ڕاستایەدا پێویستە کە ژنانی تێکۆشەری گەلەکەمان، بە هەموو شێوەیەک رێنماییە جیهانی و پزیشکییەکان بۆ رووبەڕوو بوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی کرۆنا لە بەرچاو بگرن و هەتا بۆیان دەکرێ لە ماڵەکانیان بمێننەوە. چونکە کۆماری ئێسلامی نە توانای بارنگاربوونەوەی پەتای کرۆنای هەیە و نە نییەتی هەنگاونان لەو راستایادا. لە راستیدا رژیم حەز بە بڵاو بوونەوەی ئەو پەتایە دەکا لە هەموو شار و گوندێکیـ نێو جوغرافیای ئێران بە سێ هۆکار؛

یەکەم: دەنگی ناڕازی و بەرهەڵستکاری گەلانی ئێران کە شەقامەکانی سەرانسەری ئێرانی تەنیبوو، بە ڤایرۆسی کوشندەی کرۆنا کپ بکرێت.

دووهەم: رژیم دەستەوەستاوی و بێ توانایی خۆی وتێداچوونی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە، وەک مەزلووم نەمایی بخاتە ئەستۆی وڵاتانی جیهان و گەمارۆ نێونەتەوییەکان. لە حاڵێکدا گەمارۆکان خۆراک و کەرتی دەرمان و پزیشکیان لە خۆ نەگرتووە.

سێهەم: بە هۆی کڕۆنا و ئەو کارەساتە مرۆڤییه کە پێشبینی دەکرێت بە سەدان هەزار کەس لە ئێران بکوژێت، پرسگەلێکی وەک خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە و مژاری ئەتۆمی و قەیرانی بوودجە و مووچە و ...هتد  لە نێوخۆی ئێران و جیهان بشارێتەوە.
 

ژنانی مافویستی کوردستان!

جێگەی خۆیەتی کە لەو ڕۆژە پیرۆز و بە شکۆیەدا، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ٢٤ی رەشەمە، ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و ژنانی خەباتکار و مافویستی گەلەکەمان بەتایبەتی بکەین.
 

یەکیەتیی ژنانی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران

٢٤ی رەشەمەی 198ی هەتاوی

۱٤ی مارسی 2020 ی زائینی٢٤