راسانی ژنان

راسانی ژنان

نووسین: سیمین تەختی


بە درێژایی مێژوو، ژنان ڕۆڵێکی گرینگیان بووە لە گەشەکردن و ڕەوتی بەرەو پێشڤەچوونی ژیانی مرۆڤایەتی ؛ مێژوویەکی دوورو درێژە کە پڕ لە هەوراز و نشیو کە لە خۆییدا هەڵگری دیرۆک و سەربووردەیی تەژی لە قارەمانەتییە. گەلی کوردیش وەکو بەشێک لە کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی هەردەم برییتییە لە شووناس،ماف و کەرامەتی مرۆڤی خۆیی بووە. ژنانیش وەکو بەشێکی سەرەکی لە کۆمەڵگەیی مرۆڤایەتی و دواجار کۆمەڵگایی کوردی، لەسەرکەوتنەکاندا بێبەش نەبوو و مێژوویەکی دوورو درێژە لە مەڕ دەستەبەرکردنی مافە مرۆیەکانیان خەبات دەکەن. 

 

بەهەڵدانەوەیی لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی ڕزگاری خوازانەیی گەلی کورد بە ڕونی دەردەکەوێت کە ڕەهەندێک لە خەباتی نەتەوەیی کورددا بوونی نیە کە شوێن و پێ شوێن و پەنجەیی ژنانی پێوە دیار نەبێت. و ئەمەش گەشەیی جیهانی بوونە کە ژنان توانییان لە بوارە جیاوازەکاندا خۆیان ببیننەوە. ئەم پێگەیشتنە دەتوانێ لە بوارە جیاوازەکاندا خۆیی بنوێنێ یەکێک لە شانازیەکانی نەتەوەیی کورد گرینگیەکی تایبەت بووە کە هەر لە سەرەتاوە بە ژنان دراوە کە دەتوانین نموونەی کۆماری کوردستان لەم باسەدا ڕچاو بکەین. ژنان بەردەوام لە شۆڕشی کوردستان دەبیندرێن.

 

لە کۆمەڵگای ئێراندا ژنان وەکو چەند ئاست خوارتر لە پیاوان چاویان لێ دەکرێت و لە ئاستی بڕیاردان و مافەکانیان ڕەچاو ناکرێن و هەروەها لە سیستمیی کۆماری ئیسلامیدا ژن مافی ئەم دنیایی نییە ،سیاسەت بۆ خۆیی هەزری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و ژیانە و ئەگەر لەو ڕوانگەوە بۆ مرۆڤەکان بڕوانین دەبێت ژن بەشدار بێت و نەبوونی ژن و غیابی ژن لەو حەوزەدا زەربەیەکی گەورەیە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەرکۆمەڵێک، بۆیە ژنان دەتوانن لە حەوزەیی سیاسەت یانی شوێنی بڕیاردان و حەوزەیی ئابۆری ڕۆڵیان هەبێت.

 

بوونی ژنان بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەکان دەبێت بەکردەوەیی نیشان بدرێت شکاندنی تابۆکان بۆ ژنان مەوزوعێکی تاریک و زۆر سەختە چون ئەو تابۆیانە تابۆهاییەکی تاریخی و فەرهەنگین بۆیە دەبێت کارێکی زۆری بۆ بکردرێت و ژنان ڕێگایەکی دوورو درێژیان لە پێش دایە بۆ ئەوەیی کە وەکوو ئینسانێک لە کۆمەڵگادا ئەژماریان بۆ بکرێت ئێستاش پرسی ژنان پرسی جیهانیە، دەتوانین بڵەین بەشداری ژنان لە سیاسەت یەکێک لەو تابۆیانەیە.

 

خەباتی گەلی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی و ڕزگاری لە بن دەستی و چەوسانەوە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە و ژنانی خەباتکاری کوردیش پێ بە پێی ئەو شۆڕشە ئەو خەباتە هاتوون و بەشێکی دانەبڕاوبوون لەو ڕەوتە. لێرەوە بەم کورتە پێشەکییە دەچمە نێو باسی سەرەکی ئەم بابەتە واتا ڕۆڵ و پێگەیی ژنان لە خەباتێکدا کە بە "ڕاسانی خۆڕهەڵات" ناسراوە. 

 

بە پێی ئەو پێناسەیەی کە بۆ ڕاسانی خۆرهەاڵات دەکرێت ڕاسان خەباتێکی فرەڕەهەندە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە میکانیزمی گرێدانی خەباتی شارو شاخ.

 

کاتێک باس لە خەباتی فرە ڕەهەند دەکەین، یانی خەباتێک لە ناخی هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ بەرجەستە دەبێتەوە و خەباتی (ئابووری ، کلتوری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، .....) خۆیی وێنا دەکات، و لێرەدایە کە لە بزوتنەوەیی نەتەوەیی گەلی کورد و ڕاسانی خۆڕهەڵات ژنێک هۆڤیەتە و هەر هۆڤیەتێک پێویستی بە ئازادی و ڕزگار بوونە ، ئازادی و ڕزگار بوونە لە حاشیەی بوون و پەراوێزخستن و لێرەدایە کە ئێمە باس لە ئیستراتیژی ڕاسان دەکەین ئیستراتیژی ڕاسانیش ئازادی و ڕزگار بوون لە ژێر دەست بوون وحاشیەی بوونە و لەوەیی کە ژن کەسێکی بێگانە وک فارس و تورک نەبێت، ئەوەیی کە ژن خۆیی بێت، هۆڤیەتی خۆیی بێت بەو مانایەی کە پابەند بە هیچ کەسێک نەبێت بێتە ناو دڵی مەتنەوە پێش لە ڕاسانیش ژنان هەر لە نێو بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا ڕۆڵیان هەبووە. حەقیقەتێک کە لێرە دەبێت باس بکرێت ئەمەیەکە، ڕاستە خەباتی کوردایەتی لەسەر ئەساسی ڕزگاری نەتەوەیی و نیشتمانی پێکهاتووە بەڵام ئەم خەباتە لە ماهییەت و ناوەرۆکی خۆی هەڵگری چەندین خاڵی بەهێز  و فکریەتی ئازادە کە ڕەواڵەتی دێموکراتیکی بەبزاڤەکە بەخشیوە و داهاتوو ڕوون و گەشدار دەنەخشێنێت. ڕۆلی ژنان لە خەباتدا بەمانای ماڤی ژنە و ئەمە نەک سلۆگان بەلکۆ یەکێک لە پێناسەکانی شۆڕش؛ واتە شۆڕشی بێ دەسڵاتەکان و ناشەهروەندەکان/پەراوێزخراوەکان کە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکگرتوویان ئەساسێکی مێژوویی وستراتژیک لە ڕاساندا. ئازادی و مافی ژنان ئەرزش و ڕەوشتبەرزی هەر کۆمەڵگاییەکی دێمۆکراتیکە لەهەمان کات ئەم پاراستنی کرامەتی مرۆییە بنچینەو باوەرێکی فەڵسەفی و سیاسییە بۆ دامەزراندن و دووبارە پێناسەکردنی سیاسەتی خۆرهەڵاتی نوێ. بۆیە لە ڕاساندا ڕۆژی ژنان مەترەح نییە ئەوەی باسدەکرێت ڕۆژی مافی ژنانە لە درێژەی ئەم جۆرەنیگاهەیەی خەباتی شار و شاخ کە مافی حوزوور و بوونی ژنان لە ئێستای شار زەوتکراوە و شارێک کە فەزایەکی پیاوساڵارانەی هەیە و فەزایەکی نائەمنی بۆ ژنان معماری کردووە هەڵدەوەشێتەوە و ژنان وەک چینی پەراوێزخراو دەبنە خاوەن بریار لەسیاسەت و کۆمەڵگای خۆرهەڵات. ماڤی ژنان وەک چەمک و مانا و ڕاستی بەشێک لە گوتاری ڕاسان و سەرهەڵدانی شار بە گشتی. سیاسەت لە ڕاسان چەق بەستوو نیە بەڵکو خوێندنەوەیی بۆ سیاسەت لە سەر ئەساسی بەها دیمۆکراتییەکانە کە پرسی ژنان وەک پرسی دەستە جەندوم نابینێت بەڵکو پرسێکە گرێدراو بە بیرۆکەی دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتی ڕزگاریخواز و ڕزگار بوو. مافی بەشداری و بەشی ژنان لە شەقام وکۆمەڵگا ماهیەتی ڕاسانی ژنانە. مەکۆیەکە بۆ ژنانێک کە خولیای سیاسیان هەیە و پڕاکتیزەکردن دەبەخشێت بە ژنانێک کە بیرو باوڕیان هەیە بە وەڵامی پرسە سیاسیەکانی خۆیان بگەن ؛ دروستە ئەڵێن ڕاسان دەڵاقەیەکە بۆ ژنانێک کە ئەیانهەوێت لە بڕیاری دواڕۆژی نەتەوەکەیاندا بەشدار بن و لەگەڵ ئەوەدا کە پەیوەست بوونی ژنان لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا وەکو هەموو جۆمگە و ڕەهەندەکانی دیکە پیویستیەکی حاشا هەڵنەگرە ، بەڵام ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئەو ڕەهەندو لایەنانەش لە خەباتی ژنان دەخاتە ژێر چەتری خۆیەوە کە بە شێوەی ڕاستەو خۆ لە گۆڕەپانی دیکەیی تێکۆشانی سیاسی و ئابووری و کلتوری و لە بەرامبەر ئیدۆلۆژی فەرمی کۆماری ئیسلامی و پێوەر و پێوانە سیاسی کلتوری کۆمەڵایەتی وئەخڵاقیەکاندا دەوەستێتەوە .

 

 ڕاسانی ژنان ڕوانینی بە  شەقام و کۆمەڵگا وەک ناوەندی چەقی شار ئەو کارانەیە کە ژنان دەتوانن بۆ ڕەوایەت کردنی خۆیان کەڵکی لێوەبگرن و باندۆری جەریان ئەسلییەکان کەمبکەنەوە. و دنیای دەرەوە لە گەڵ خۆیان هاوڕابکەن.

 

 ئەوەی کە خەڵکی لە نێوخۆدا لە گەڵ زیندان و کۆشتن و قەناسەچییەکانی ڕێژیم ڕووبەڕوون و کوردانی تاراوگە لە گەڵ مافیای ڕاگەیاندن، کەسانێ کە لە گەڵ ڕێژیم خەریکن بیانوو و سەرپووش بۆ داگیرکرای و کۆشتن و بڕینی خەڵکی کوردن. لە نەبوونی میدیا جیهانییەکان لە ناوخۆی وڵات و بوونی دوژمنان و سانسورچییەکان و لابی ڕێژیم و بیری فاشیستی ئێرانییەکان و کەسانی تر لە ڕاگەیاندنە فارسی زوان و ئینگلیزی  پەیویستە ژنانی کورد بتوانن لە ئەبتکاریی خۆیان و پێشکەوتنی دنیا باشترین کەڵکی لێوەبگرێن. سەرەڕای ناڕەزایەتی و بەردەوام بوون لە گۆشار هێنان و شەڕ لە سەر زانیاری هەڵە و مەبەستدارانەی میدیاکانی نەتەوەی باڵادەست، دەبێت لە ڕێگای زمان و نیشانەکان میدیا دەرەکییەکان بێ نیاز بکەن لە شڕۆڤە و وەرگێرانی ئەو شتەی کە میدیای دژی شۆڕش نەتوانن لە ئینحساری خۆیان ڕایگرن و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە هەر هەموومان دەبێت ناوەرووک و خاستگای سیاسی ناڕەزایەتییەکانمان بە جۆرێک پیشان بدەین کە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەر و لایەنگرانی مسادرە نەکرێت. گەیاندنی پەیامی ڕاسانی ژنان گرینگە و زۆریش ئەستەمە و دەبێت لە ڕێگا جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکان نەک هەر بەشێوەی کۆبوونەو و وێنەگرتن و نائۆمیدی و ئایەی یئس خوێندن بەڵکۆ بە پەیوەندی گرتن لە گەڵ بەردەنگی نێوخۆیی  لەسەر ئاگایی ماڤی ژنان لە کۆمەڵگا پەرەبستێنێ هەروەها بەردەنگی ڕۆژئاوایی لە بێڕحمی و تاوانباری سەربازە جەڵادەکانی ڕێژیم ئاگادار بکرێنەوە لە شار و کۆلانێک کە دان لە شوێنی کار و خویندن لە ڕێ نووسینی نامە لە خەڵکی داوای ئەوە بکەین (لە گەڵ ئێمە بن)داوایان لێ بکەین لە میدیا لە گەڵمان بن و پشتیوانیمان لێ بکەن ئەمانە کۆمەڵێک کارن کە بێگۆمان دەکرێت ئەنجامبدرێن و زۆرکاری تریش هەن. دنیای ئەمرۆ و سرۆشتی شۆڕشە کۆمەڵایەتیە نوێکان و جیهانی بوون دەتوانێ باندۆرێ خۆی لەسەر پرسی ژنان هەبێت پرسی ژنان و شۆڕشی کوردستان وەک پرسی ژینگە دۆستی بابەتهایەکن کە بەستراونەتەوە بە پرسی کوردایەتی و لە گەڵ یەک جیانیین و لازمەی کۆمەڵگای ئازاد و بەرابەرە.لێرەدایەکە ڕاسان بە دەرکی ڕاستییەکانی ئێستا و باروودۆخی ژنانی خۆڕهەڵات و خەباتی لەمێژینەی کورد پەیوەندییەکی لۆژیکی پێکدێنێت بانگەشە لە شۆرشگێران و ئەکتڤیستەکان و جەماوەری کوردستان دەکات بۆ پەیوەست بوون لەخەبات و یەکگرتوویی سەراسەری نەتەوەکان و چینە پەراوێزخروەکان بۆ لەناوبردنی هەرجۆرەچەوسانەوە.

 

 

بوونی ژنان لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتیدا ئامادەبوونێکی کتوپڕ و بێ پێشینە نەبوو ، چوونکە ژنانی خەبات کار و دیموکراسیخواز هەر لە سەرەتایی دەسپێکردنی خەباتی ڕزگاری خوازانەیی گەلی کورد شان بە شانی پیاوان ڕۆڵی خۆیان لە بزوتنەوەیی چەکداری گێڕاوە و لەو ڕێگەیەشدا قوربانیان داوە بەرنامەیی نوەیی حیزبی دیموکرات لەبەر ڕۆشنایی میکانیزمێکی نوێ بە ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە ڕێژەیەکی بەرچاوتر لە جاران پەیوەست بە کاروانی خەباتی نەتەوەیی گەلەکەیان دەبن ، خەباتی ژنان لە ئێستادا لە دو جەمسەری شاخ و شاردا  وەرچەرخانێکی مێژووی بە خۆیەوە بینیوە . 

 

ژنان سەلماندوویانە کە پاشکۆیەتی و کۆیلەتی قبوڵ ناکەن وچیدیکە خۆیان وەکو ئەکتەری سەرەکی گۆڕەپانی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵ دەگێڕن و بەرەنگاری پاشماوەکانی بیرو هزری پیاو سالاری و نەریتە چەقبەستووەکان دەبنەوە و ڕێگە نادەن بیرۆکەی پاشکەوتووخوازانەی ڕەگەزی دوویەم بوون یان بەسەردا بسەپێت .

 

بوونی تەژی بەتواناو هێز و ورەیی ژنان لە سەنگەرەکانی خەباتی شاخدا و هەروەها لە سەنگەرەکان خەباتی شاردا ، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن  دیارە لەو بابەتەشدا ناتوانین حاشا لە بوونی پیاوانێکیش بکەین کە باوڕیان بە پرسی بەرابەری ژنان هەیە و دەورێکی ئەرێنی دەبینن لە بەشداریی ژنان لە خەباتدا هەروەها ناتوانین ڕۆڵ و کاریگەری ژنانی خەباتکاری دەرەوەی وڵاتیش وەکو هێزێکی کاریگەر بۆ پشتیوانی ژنان لە شاخ و شار لە بەر چاو نەگرین . 

 

ژنانی دەروەیی وڵات پێشەنگانی گەیاندنی دەنگی ژنانی ستەم لێکراوی  نەتەوەکەیان بوون بە کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخستن مێتینگ و کەمپەین و چالاکی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  و ناساندنی شۆرشی جێ باوەر بە ڕۆژئاواییەکان،کە هەردەم پشتیوانی ژنانی شار و شاخ بوون و خۆیان وەکو بەشێکی کاریگەر لە خەباتی ژنان پێناسە کردووە.