خۆکوژی

خۆکوژی

نووسین :شەهلا کاوە
 

خۆکوژی ئەمڕۆ لەدونیا و بەتایبەتی لە وڵاتە نادیموکراتیک و داخراوەکاندا، لە دیاردەوە دەڕوا بەرەو مەترسی قەیران . ڕاستە ژیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و ڕەوتی بەرەوپێش چوون لەگەڵ ئەوەی گەشەی بەژیان داوە کۆمەڵێ کێشەیشی وەک شوێن پێ جێهێشتووە، بەڵام هەوڵدان بۆبژار کردنی ژیان لە پاک کردنەوەی یان خاڵی جەوهەری باسەکەمانە . کە لابردنی ئەم کێشانە لە سەر ڕێگەی ژیان وبازدان بەسەر ئەو چاڵانەی دەیانەوێ ژیانمان پێ بوەستێنن، لەڕوانگەی هەندێ کەس ئاسایی، هەندێ، دشوار وهەندێکیش مەحاڵ دێتە بەرچاو ئەمەش لە ناخیدا شکڵ دەگرێ!

هەر ئەم ڕوانگانەیە کە دەری دەخات کێ دەتوانێ بەهێز و وزەوە بمێنێتەوە، وکێ بەورەوە تابلۆی ژیان دەنەخشێنێ، زۆرجار چاوەڕوانی لەڕاددە بەدەری ئێمە لە ژیان و وێناکردنی وێنەیەک لە ژیان لە زەیندا کە دەستەبەربوونی لە دونیای واقیعدا، قەت نەبووە وناشبێ وادەکات تووشی داڕمان بین و ناڕازی لە ژینگە. ئەگەر دەرکی ئەو ڕاستییە  کە کێشە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەمانە، لەجێی خۆی بچەسپێ نەک خاڵی کۆتایی و دوا وێستگەی ژیان. ڕوو بە ڕوو بوونەوە لەگەڵ گرێ هەم وادەکات بەها بۆ زەمەنی دوای کردنەوەکە دابنێین هەم ئاستی توانایی خۆمان هەڵدەسەنگێنین وبڕوامان بەخۆمان وتواناییمان زیاد دەبێ.


 

تاک زۆرجار بەپێویستی دەزانێ کەس یا هێزێک پاڵنەری بێت بۆ ئەوەی ئەژنۆی شل نەبێ، ئەو هێزەش شتێ نییە جگە لە باوەڕی دەروونی خۆمان.
 

یەک لەو قازانجانەی تکنۆلۆژی پێی بەخشیوین، ئامێری دەسڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و سوود لە بەرهەم وماندوو بوونی دەیان و سەدان ساڵەی ڕەنج وهیلاکی ئەو کەسە پسپۆر و شارەزایانەیە کە دەتوانێ یارمەتی دەر بێت بۆ ئەوەی ڕێگەمان لێ ون نەبێ هەر لەماڵ وجێگای  خۆمانەوە لەهەر شوێنێکی جیهان یارمەتیمان دەدات بۆکردنەوەی دەلاقەیەک، کەهەر هیچ نەبێ بیر لەو شتەی پێمان سەر ئێشەیە نەکەینەوە چ بگات بە کۆتایی هێنان بە ژیان لەپێناویدا.
 

کارنو دەڵێ:

ڕەنج بەو ڕاددەیەی وێران دەکات، بە ئاگاشت دەهێنێتەوە،

ئەمە بەو مانایەیە کە باشتر وایە وەک ئەزموونێک بۆ فێر بوون بڕوانینە شکستەکانمان.
 

بە پێی ئاماری ئەم دواییانەی وەزارەتی تەندروستی ئێران: زیاتر لە  30% خەڵکی ئێران تووشی نەخۆشی دەروونی هاتوون ولەهەر  8  کەس چواریان خەمۆکن .کە بەسەرنجدان بە ناڕاستگۆیی سەرچاوەکانی ئاماری ئێران دەتوانێ ڕێژەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
 

گەر ژیرانە تێفکرێین دەبینین، زانستی قووڵی ناوێ قبووڵکردنی ئەوڕاستییەی کە ئایا ڕۆژانە کێشەکانمان ئەوەندە گەورەن کە ژیان خەینە بەرپێی؟ یا جیهانی بیرکردنەوەمان ئەوەندە چکۆلەیە هەڵبەز ودابەزی چێژی ژیان بەتاریکە ڕێیەکی بێ ڕۆشنایی تاناکۆتامان ببات(خۆکوژی)
 

ئۆشۆ دەڵێ:

بیرت نەچێ ژیان چۆنیەتی هەڵکشان و داکشانە لەنێوان شەو و ڕۆژ، هاوین و زستان، ئەم هەڵچوونە هەتا هەتایی نییە ، هیچکات ولە هیچ شوێنێکا مەوەستن، هەتا ئەم هەڵچوونە گەورەتر بێ، ئەزموونەکانت قووڵتر دەبن.