باوەڕمان بە زامی ژن هەیە؟

باوەڕمان بە زامی ژن هەیە؟



نووسین: ڕۆمینا مورادی

 

توند و تیژی هەمبەر بە ژن، دیاردەیێکی جیهانی کۆمەڵایەتییە و پێش بە ژن دەگرێ  بۆ وەرگرتنی مافی ژیان، سەربەستی، سلامەتی و ئازادی. ئەگەرچی یەک لە سێی ژنان لە دونیایەدا توند و تیژی فیزیکی و سێکسیان دە گەل دەکرێت و نیزیک بە ٤٠ لە ١٠٠ی کوشتن و قەتڵی ئافرەتان بەدەست پیاوە هاوژینەکەیان ڕویدەدات بەڵام حیمایەت لە ژنان و بەرگری لە توند و تیژی بەرامبەر ژنان دە ئاستێکی زۆر لاواز دایە. هەنگاوەکان بۆ بەرگری لە کوشتن و بە کۆیلە زانینی ژن پێویستی بە ئاراستە‌کردنی و ئیجراکردنی یاسایە.

 

تۆند و تیژی بەرامبەر بە ژن مەترسی گیانی لەسەرە و بەرخۆدەری ژنانە  بە گشتی دە کاتی شەڕ و هەڵات هەڵاتی کاتی شەڕ و ژنانی بێ ماڵ و حاڵ و بە تایبەت بەرخۆدەری ئەو ژنانەیە کە دە ماڵەکانی خۆیاندا لە ڕاستیدا وەک کۆیلە مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت. پێویست نییە بۆ دیتنی ژنی کۆیلە سەفەر بکەیە ئەفریقا یان یەمەن، ڕەنگە ماڵی خۆتان یەکی لێبێ، ماڵی ئێمە یەک و ماڵی جیرانەکەمان یەکی‌تر. بەداخەوە ئامارم لە سەر ئێران نییە کە نیشان بدات چەند ژن و بە هۆی چى بوونەتە قوربانی تۆند و تیژی، بەڵام دەزانم ئەگەر ڕۆژێک لە سایەی دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردی ئامارێک وەدەرکەوی، دەبىتە هۆی حەپەسانی گشت لایێکمان. تەنیا دەزانم ئەو کوشتن و بڕین و سووتاندنە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت ناوی قەتڵ بە دەستی_هاوژینە.  نازانم چەند لە سەتی قەتڵەکان بەڵام دەزانم کە ڕاگرتنی تۆند و تیژی کۆتایی بەو قەتڵ و ئازارە قێزەونە دێنێ.

 

توند و تیژی لە بۆشاییدا ڕوونادات بەڵکۆ لە کۆڵمەلگا و بنەماڵەدا ڕوودەدات، بەدەست نیزیكترین كەسانی ژن كە دەتوانێت پیاو بن یا ژن. هەڵنەگرتنی هەنگاو بۆ بەرگری جیدی بۆتە هۆی ئەوەیکە هێندێک پیاو ئازار و ژێردەستکردنی ژن بە مافی خۆیان دەزانن. ئایا تەنیا هۆکاری ئەو شێوازە هەڵس‌و کەوت کردنە لە گەڵ ژن نەبوونی دەوڵەتی کورده کە بەرگری و پشتیوانی لە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بکات؟ جوابەکەم نەرێنە، تا بنەماڵە گۆڕانکاری ئەساسی تێدا نەکرێت، هەرگیز کۆمەڵگا ناگۆڕێت. هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری بانگەوازی من بۆ هەوڵدان بۆ پێداچوونەوە بەسەر نرخ و بایەخەکانی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای کوردیدا.

 

بۆ نموونە هەر ئەوڕۆکە لە کۆمەڵگای کوردیدا لە سووک کردن و بێ نرخکردنی ژن وەک وێسیلەیێک بۆ شەڕ و هەڵا کەڵک وەردەگیرێت. نموونەکەی شەڕە جنێوی پیاوانە کە کاتێک دەگاتە ئاستی زۆر هەستیار، جنێوی دایک و خوشک تێکەڵاوی دەبێت. ناوی جنێوی نامووسیە! نەحەسێتەوە ئەوەی کوردی فێری وشەی نامووس کرد، دوژمنی کورد عەجەب ئەژدیهایێک بووە کە زانیویە لە کوێڕا شکستی بە کوردی بێنێت. باشە ئەدەی دڵسۆز و خەمخۆری کورد لە کوێیە؟ دەبوو کورد خەمخۆرێکی بووایە تا وشەکانی بۆ ڕاست بکاتەوە. کەسێک کە تەرکی نامووس بە کوردی بکات و کوردی فێری پاراستنی کەرامەتی ئینسانی بکات.

 

پاراستنی کەرامەتی ئینسانی یانی هەڵگرتنی  تەواوی ئەو هەنگاوانەی کە من و تۆ وەک مرۆف و وەک تاکی کورد پێی بەهێز دەبین. یانی گشتی کۆمەڵگا بەیەکەوە بەختەوەر، پاکە، جوانە، ساغ و سەلیمە و سەرکەوتوویە. یانی من باشم و تۆش باشی، من دڵخۆشم و تۆش دڵخۆشی. من ئازادم و تۆش ئازادی. من ڕێزم هەیە وەک تاک و تۆش ڕێزت هەیە.

 

چەند ڕۆژ ماوە بۆ ڕۆژی جیهانی ژن، بەو بۆنەوە داوا لە تاکە گرینگەکانی کۆمەڵگا، لە پیاوان، دەکەم کە ئێوە یەکەم هەنگاوی جیدی هەڵگرن بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵگای کورد. وەک هاوڕەیێکی زۆر خۆشەویستم دەیگوت: «پیاوی کوردی شیاوی و چالاکیان دە ژنی خەڵکیدا پێ جوانە»، تۆ یەکەم هەنگاو هەڵگرە و پشتگر و هاندەری ژنی خۆت بە بۆ سەرکەوتن، تا جوانی و تین و تاقەتی ئەرێن لە مالی خۆتدا بێت و لە ماڵە خەڵکیشدا بێت.

 

چاوی منت پێ جوان نەبێت و چاوجوانەکەی خۆت لە مۆر و پنج بنێی، با چاوجوانەکەی تۆش بێتە بەر چرایە، قەی چ دەکە با  کۆمەڵگا ڕازاوە بێت.

 

بە چاو و دڵی پاک و خاوێن لە ژن و مندالی خەڵکی بروانە، پاراستنی کەرامەتی کوردی بە ئەندازەی پاراستنی کوردستان گرینگە. بزانە قازانجی کاتی تۆ چ ئاکامێکی بۆ ئافرەتی کورد هەیە؟ ڕەنگە ئەو ئافرەتە لە قۆناخێکی ناخۆش دایە یا ماوێکە تەنیایە یا زانستی لە سەر پاراستنی خۆیکەمە.  ئایا کەس هەیە قسەی باش بۆ ژنێکی کورد بکات کە بۆتە ئامانجی چاوحیزی و دامەن‌پیسی تۆ؟ ژنە هەرە خۆپێ‌عاقڵەکانی کورد کە لە  ژێر زەختی پۆپۆلیسمدا پەروەردە بوونە بە ژنێک کە بۆتە قوربانی ساویلکە‌بوون و نەئاگاهی خۆی دەڵێن:«تۆ دەبوو عاقڵ بی!»  نە برای خۆشەویست، ئەوەی دەبێ عاقڵ بێ تۆی! تۆ بە هێزی و تۆ دەستەلاتت هەیە لە کۆمەڵگای کورددا، تۆ لەو کاتەڕا پارێزەری کەرامەتی خۆت و پارێزەری کەرامەتی کورد بە. با هیچی تر باسی نامووس نەکەین ئەڵبەتە بە هیمەت و بە یارمەتی تۆ، پیاوی بەهێزی کورد.