بەهار حسەینی: خۆشەویستیی خەڵک بۆ ژیلا پەنایەک بووە بۆ هەستە بریندارەکانی من لە بێ ئەویدا

بەهار حسەینی: خۆشەویستیی خەڵک بۆ ژیلا پەنایەک بووە بۆ هەستە بریندارەکانی من لە بێ ئەویدا


بەهار حسەینی خانمە شاعیری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوارەمین کتێبی خۆی بە چاپ گەیاندووە، نوێترین بەرهەمی بەهار حسەینی کتێبەکە بە نێوەی "نەهەنگی ٥٢ هێرتز" و لە چاپخانەی "زانا" لە شاری سلێمانی چاپ کراوە، هەر وەک شاعیر باس دەکات بە هۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر نیە چاپ کراوە، هەنووکە شوێنێک بۆ فرۆشی کتێبەکە دیاری نەکراوە،خاتوو بەهار ساڵانێکە لە بواری ئەدەب و هونەردا چالاکە و لە ئێستا لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات.

بە بۆنەی چاپ بوونی نوێترین بەرهەمیانەوە ئەو شاعیرەمان بۆ چەند ساتێک دواند، خاتوو بەهار بەو پەڕی میهرەوە وتووێژەکەی قەبوڵ کردووە  و وڵامی داینەوە، ئەو لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوووە، هەر وەها لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی فارسی تەواو کردووە،تا ئێستا لە بواری شانۆنامە و وێنەگری و نیگارکێشی و وەرگێڕان و نووسین و شێعردا چالاکە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی وێنەگرییە لە سینەما لاوانی ئێران .


خاتوو بەهار بە هۆی چالاکیە هونەری و ئەدەبیەکانیەوە تا ئێستا چەندین خەڵات و رێزلێنانی وەرگرتووە، ئەو ئاماژە بە هەندێکیان دەکات و دەڵێت: لە فێستیڤاڵی دەقی شانۆی کوردی لە باکوور، بە شانۆنامەی "سەمای مێشک" بەشدار بووم و دەقەکەم خەڵاتی بردەوە.  شێعرەکانیشم لە فێستیڤاڵەکانی شێعردا بەشدار بوون و خەڵاتی یەکەمی فێستیواڵی "کەواڵ"م بۆ شێعری "لە خۆتم بکە"م بردەوە. بە چیرۆکی "ئەوی ئەم یان ئەمی ئەو" لە فێستیڤاڵی "چیرۆکانەی سپی" بەشداریم کرد و خەڵاتی دووهەمم بردەوە.

 

بەهار حسەینی باس لە ژیانی سیاسی و پەنابەری خۆی دەکات، ئەو ساڵی ۲۰۱۰ بە هۆکاری سیاسی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی جێهێشتووە ماوەی پێنج ساڵ لە باشووری کوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە. دیسان ساڵی ٢٠١٥ رێی هەندەرانی گرتووەتەبەر و بۆ جارێکی دی بووەتە پەنابەر لە شوێنێکی دیکەی ئەم گەردوونە.

 

 

خاتوو بەهار چوار کتێبی لە بواری شؤر و وەرگێراندا بە چاپ گەیاندووە، خۆی ئاوا باسیان لێوە دەکات و دەیانناسێنێت: لە هەولێر کۆمەڵە شێعرێکم بە ناوی "پشیلەیەک لە جانتادا" چاپ کرد. شێعرەکان لە دونیایەکی ژنانە و دڕدۆنگییەکانی خۆم وەک ژنێکی شاعێری تەنیا لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا و هزرە نەتەوایەتییەکانم دەدوان. دواتر و هەر لە باشووری کوردستان کتێبێکی دیکەم چاپ کرد بە ناوی "باشترین ساڵی ژیانتان"، کە وەڕگێڕانێک بوو لە فارسیەوە بۆ کوردی لە بواری دەروونناسی‌دا. پاشان ڕووم لە هەندەران کرد ،ساڵەکانی یەکەمی پەنابەری کتێبێکی دیکەم بە ناوی "چیرۆکی ناتەواو" چاپ کرد کە وەرگێڕانێک بوو لە فارسیەوە بۆ کوردی. ناهیدی پوورم ئەرکی پێداچوونەوەی لە ئەستۆ گرت. ئەم کتێبە سەربووردە و ژیانی کۆمەڵە مرۆڤێک لە دەیەی شەستی ئێران باس دەکات کە لەوپەڕی نادادپەروەریدا، لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێسەروشوێن کران، لە سێدارە دران و لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا دفن کران بەبێ ئەوەی بنەماڵەکانیان تەنانەت شوێنی دفن کردنیان بزانن. هەروەها لەگەڵ بنەماڵەی ئەو قوربانییانە کە بۆخۆییشیان قوربانیی هەمان سیستمن، وتووێژ کراوە و ڕەوتی دادخوازیی ئەو بنەماڵەگەلەی لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان تاوتوێ کردووە.


ئەم کتێبە نوێیەشم، چوارەمین کتێبی چاپ کراوی منە بە ناوی "نەهەنگی ٥٢ هێرتز". کۆمەڵە شێعرێکی کوردیە و پێکهاتووە لە ٤٤ شێعر کە لە قۆناغی بۆ دووهەم جار پەنابەر بوونم نووسراون و دەربڕی هەست و ڕوانینی منن سەبارەت بە ژینگەی نوێی من لە کۆمەڵگەی ئورووپا و "خۆم"ێک وەک تاکی کورد و کێشە پەیوەندیدارەکان بە بێ‌وڵاتی و خەمۆکییەکی سەرلێ‌شێواو و ترسێک کە وات لێدەکات بەردەوام لە دووی هیوا بگەڕی و پەل بۆ هەر ڕۆشناییەک بکوتی بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانت بوەستی. ئەم کتێبەم لەلایەن چاپخانەی "زانا" لە سلێمانی چاپ کراوە و هاوڕێی بەڕێزم کاک ئومید حسەینی ئەرکی پێداچوونەوەی لە ئەستۆی خۆی گرت و کەسایەتی و شاعێری ناسراوی ڕۆژهەڵات کاک حەمەساڵەی سووزەنی پێشەکی لەسەرنووسیوە، هەموو تێچووی چاپی کتێبەش لە لایەن ناهیدی پوورمەوە دابین کرا. لە شاری سلێمانییش، هاوڕێی بەڕێزم سیروان جەلال بە کاروباری تایبەت بە دیزاین و چاپخانەوە هاوکاریی کردم.



بەهار حسەینی لە وڵامی پرسیارێکە سەبارەت بە هەستەکانی خۆی بە نسبەت بەهاری شاعیر و بەهاری کچی ژیلای شاعیر، بەو جۆرە وڵام دەداتەوە: من وەک بەهار ئەزموونەکانی خۆم دەنووسمەوە و لە دونیای ئەدەبیاتدا وەک بەهار هەنگاوەکام هەڵدێنم. وەڵامی ئەم پرسیارە لام وایە لای من نیە .کچی ژیلا بوون هەستێکی تایبەتیی سەیرە، کە بۆ پێناسەکەی دەبێ یەکەمجار ژیلای دایک و ژیلای شاعێر لەودا لەیەک جیا بکرێتەوە .ژیلای دایک لە من دوور بوو و دواتر لە تەمەنی ١٢ ساڵانمدا بۆ هەمیشە لە دونیای من کۆچی کرد، و وەک کچی ژیلا هەمیشە هەستم بە نەبوونی کردووە، وەک تامێکی تاڵ لە زاری هەناسەکانمدا.بەڵام ژیلای شاعێر و نووسەر ئەو کەسەیە کە هەمیشە بە کچی ئەو بوون شانازیم کردووە و زۆرجار خۆشەویستیی خەڵک بۆ ژیلا پەنایەک بووە بۆ هەستە بریندارەکانی من لە بێ ئەویدا. کچی ژیلا بوون هاندەری من بووە بۆ ئەوەی هەست بە رپرسایەتی بکەم بەرانبەر دۆخەکانی ژن و کۆمەڵگە و زمانی دایکی. من زۆر شت لە ژیانی دایک، ژیلای ژن و ژیلای نووسەر فێر بووم و فێر دەبم.


 

لە کۆتا پرسیاردا لێمان پرسی کە وەکوو ئەزموونی ژیان لە تاراوگە، هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵات، چ کێشەیەک بۆ ژنانی شاعیر وەکوو هاوبەش دەبینن، یان ئایا کۆمەڵگە کاریگەرە لەسەر چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانی مرۆڤ بە تایبەت ژن، بەرێزیان بەم جۆرە وڵامیان دایەوە: لام وایە لە ئێستادا بە نیسبەت ١٠ ساڵ پێش کە من لە رۆژهەڵات بووم ، ژنانی ڕۆشنبیر و نووسەر زۆر لە بەربەستەکانیان تێکشکاندووە و بارودۆخ زۆر کراوەتر بووە بۆ دەربڕینی هزری خۆیان و بوێرانە هەنگاو هەڵدێننەوە. بەڵام بەگشتی ژنانی ئێمە بە بۆنەی بیری پیاوسالاری و ئایینی لە کۆمەڵگەدا و داب و نەریتەکان هێشتا هەزاران قفلی دیار و نادیار لە دەرگای ژیانیان دراوە. هەروەها سەڕەرای ئەمانە لە ڕۆژهەڵات سانسۆڕ و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین لە لایەن سیستم و دەسەڵاتیشەوە بەربەستێکی جیددیە و بە گشتی کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ئەدەبیات داناوە و هزری نووسەر تووشی گرفتی خودسانسۆڕی دەکات.. بە گشتی لە باشوور کەشێکی ئازادتر لە بواری داهێنان و نووسین بۆ تاکی خاوەن خامە ڕەخساوە و گەر تاک ورەی تێپەڕین لە ڕوانگەی پیاوسالاری هەبێت، دەتوانێت لە داهێنانیدا دەست ئاوەڵاتر بێت بەڵام لەوێش ژنان هەمان کێشەگەلی ئایینی و کۆمەڵایەتی بەربەستێکی جیددین لەسەر ڕێگەی قەڵەمەکانیان.. تاراوگە ئەزموونێکی جیاوازە،لێرە مرۆڤ رەهاترە و دەتوانێ ئازادانەتر وشەکانی بچنێت. بەڵام بەگشتی بە ڕای من نووسین و ئەرکی نووسین تێکشکاندنی زنجیرەکان و ڕووخاندنی ئەو زیندانانەیە کە ڕێ لە بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگرن. هەموو ئەو گرفتانەی باسم کرد حاشا هەڵنەگرن و دەتوانن هۆکارێک بن بۆ ئەوەی دەنگی ژنانی خاوەن بیری ئێمە، ئەو جۆرەی شایانی دەقەکانیانە بە گوێێ دونیا نەگات.بەڵام ناتوانن رێ لە نووسین و خوڵقاندن بگرن، هەر بۆیە ئێمەی ژن لە هەر جوگرافیایەک نیشتەجێین لەهەر بارودۆخێکداین گرینگ ئەوەیە بەرپرسایەتیی خۆمان وەک کەسێک کە قەڵەمی هەڵگرتووە بۆ دۆزینەوەی ڕەنگەکانی ژیان بە جێ بگەیەنین و بێ‌هیوا نەبین و دڵنیا بین وشەکان رێی خۆیان دەدۆزنەوە .