لە ڕۆژی زمانی دایکی و دۆخی زمانی کوردی

لە ڕۆژی زمانی دایکی و دۆخی زمانی کوردی

 

 

 

نووسین: کاروان مێراوی

 

سەرەتای ئەگەر بمانهەوێت پێناسەیەکی سادە و کورت لە زمان بکەین، دەڵێین زمان لە ڕووی جەستەییەوە لەتە گۆشتێکە لەنێو زاری زۆربەی گیاندارەکان و هەموو مرۆڤەکان دەتوانن بە زمان مەبەستەکانی خۆیان دەرببڕن و بە لایەنی بەرانبەری خۆیان بگەیەنن، لە ڕووی واتاییشەوە (مفهومی) زمان بە پردی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان ئەژمار دەکرێت.

 

هەموو زمانزان و زمانناسەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە زمان شاڕەگ و شادەماری نەتەوەیە و بۆ ئەوە بسەلمێندرێت کە نەتەوەیەک بوونی هەیە و زیندووە، بەپێی مێژووی زمانەکەی، مێرفۆلۆژی زمانەکەی، بارودۆخ و ئاخێوەرانی زمانەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و ئەو نەتەوەیەش بەپێی زیندووبوون و دەوڵەمەندی زمانەکەی زیندووبوون و مانەوەی خۆی دەسەلمێنێت.

 

نەتەوەی کوردی وێڕای ئەوەی کە زیاتر لە یەک قڕنە (سەد ساڵ) بە فەرمی لە دوو قوناغی جیاوازدا بە سەر دوو ئیمپراتۆریەت و چوار دەوڵەتی جیاواز و پاشکەوتووی هەموو سەردەمەکاندا دابەش کراوە و بە هەموو شێوەیەک ئەو داگیرکەرانە هەوڵی تواندنەوە و لەنێوبردنی نەتەوەی کورد دەدەن، بەڵام هۆکاری سەرەکیی مانەوەی نەتەوەی کورد بە هەموو کەموکۆڕییەکان و ناتەبایی و نایەکگرتوویی و خیانەت و خۆخۆرییەکانییەوە کە تاکوو ئێستا ماوەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشەی بیرۆکەیی نەتەوەیی و کوردبوون پەرەی پێ دەدرێت و لەسەر کوردبوونی خۆمان سوورترین، مانەوەی زمانی نەتەوەکەمانە.

 

حاشا لەوە ناکرێت کە زمانی کوردی وەکوو هەموو ڕەهەندەکانی تری نەتەوەی کورد، نایەکگرتوویی و سەرلێشێواوی پێوە دیارە و لە ئاستی پێویستدا کار لەسەر زمانی نەتەوەییی خۆمان نەکراوە کە هەشتا لەسەدی ئەم گلەیی و گازەندە و ڕەخنەیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ــ باشوور دەگرێتەوە کە سەرەڕای نزیک بە سی ساڵ دەسەڵاتداری و نیمچە حکوومەتی کوردی، هێشتا نەک تەنیا لە ئاستی پێویستدا کار بۆ زمانەکەمان نەکراوە بەڵکوو هیچ هەنگاوێکی سەرەتاییشیان بۆ بەرەوپێشچوونی زمانی نەتەوەکەمان هەڵنگەرتووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت نەک تەنیا تابلۆی سەر دووکان و بازاڕەکان، بەڵکوو تابلۆی سەر دەرکی زانکۆ و قوتابخانە و خوێندگاکان و تەنانەت وەزارەتی پەروەردەی هەرێمیش (باشوور) سەیر بکەین دەبینین پڕیە لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمانی.

 

لە لایەکی ترەوە وێڕای هەوڵدانی چالاکانی فەرهەنگی و زمانەوانیی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جێگای دڵخۆشییە کە دۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەش کە لەژێر چەپۆکی دڕندەترین داگیرکەر و دەسەڵاتی جیهاندایە، لە بووژانەوەدایە و دۆخی زمانەکەمان چەند بەرانبەری پارچەکانی تر بەتایبەت باشوور و ڕۆژاوا کە ئێستا تا ڕادەیەک دەسەڵاتێکی کوردییان هەیە، باشترە و ڕوو لە گەشەکردنە.

 

بەڵام نابێت ئەوەش پشگۆی بخەین کە هەبوونی دوو ڕێنووسی زمانی کوردی لەلایەکەوە لەوانەیە دەوڵەمەندی ئەو زمانە نیشان بدات و لەلایەکیشەوە بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەشە نەکردنی ڕێنووس و ڕێزمان و نایەکگرتوویی زمانەکەمان و ڕەنگە پێشی بە کۆبوونەوە و هاوڕابوونی زەمانەوانان و زمانناسان و پسپۆڕانی زمانی کوردیی گرتبێت، بۆیە تاکوو ئێستاش ئمێەی نەتەوەی کورد زمانێکی ستانداردی یەکگرتوومان نییە بەتایبەتی لە بواری نووسینەوە، لە ڕووی نووسینەوە هەر ناوچەیەک بەپێی بێژە و دەربڕینی ناوچەی خۆی دەنووسن کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی زمانەکەمانە، هەبوونی فرە شێوەزار و لکەزار و بنزار و بێژەی ناوچەیی نەک تەنیا کێشە نییە، بگرە دەوڵەمەندبوونی زمانەکەشمانە بەڵام دەمانتوانی ڕێنووسێکی یەکگرتووی ستانداردمان بۆ نووسینی هەموو ئەندامانی نەتەوەی کورد هەبێت و هەر تاکێک بەپێی بێژەی ناوچەیی خۆی نەنووسێت، ئەگەر سەیری زمانی عەرەبی بکەین وێڕای فرە شێواز و لکەزار و بنزاری ئەو زمانە و شێوەی ئاخاوتنی ئاخێوەرانی ئەو زمانە، هەموویان بە یەک ڕێنووس دەنووسن و ئەگەر عەرەبێکی میسری و عەرەبێکی عێراقی یان توونسی بە ئاخاوتن لە یەکتر جیا بن و شێوەی قسەکردنیان جیا بێت لە قسەی یەکتر تێنەگەن، شێوەی نووسینیان یەکێکە و لە نووسینی یەکتر بەباشی تێدەگەن و دەتوانن نووسینی یەکتر بخوێننەوە.

 

 

بۆیە پێم وایە لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا تەنیا نووسینی پیرۆزباییەک و پێداهەڵوتنێک بە زمانی کوردیدا شاکار نییە و بگرە لەخۆباییبوونیشە، ڕەنگە پرسیار بێت بۆچی؟

 

وڵامەکەی زۆر سانایە، چۆنکە ئەگەر چاو لێ بکەین وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کراوە، بەداخەوە باشووری کوردستان وێڕای ئەزموونی نزیک بە سی ساڵ دەسەڵاتداریەتی، هێشتا دانیشتووانی ئەو پارچەیەی کوردستان نە دەتوانن بە کوردییەکی پاڕاو و دوور لە تێکەڵکردن وشەی بیانی وەکوو ئینگلیسی و بەتایبەتی عەرەبی، پێ بەئاخون و نە دەشتوانن بێ ئەوەی ڕێنووس و ڕێزمانی کورد تێک بدەن و عەرەبیی تێکەڵ بکەن بە زمانی خۆمان بنووسنە ڕۆژهەڵاتیش سەرەڕای ئەوەی کە کەسانی زمانزان و بووژێنەری وەکوو مامۆستا هەژار موکریانیی تێدا هەڵکەوتووە و پارێزەری ڕاستەقینەی زمانەکەمان بووە کە تاکوو ئێستا نەفەوتێت و ئێمەش بتوانن ئێستا بێژین زمانی خۆمان هەیە، بەڵام بەداخەوە بە هۆکاری بارودۆخی سیاسی و سەپاندنی هێژموونی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و ڕێپێنەدراوی و ڕێگرتن بە چالاکیی زمانەوانان و فێرکاریی منداڵانمان لەلایەن شارەزایان و کردنەوەی فێرگەی زمانی نەتەوەکەمان تاکوو ئەم ساڵانەی دوایی، دۆخی زمانەکەمان لەو پارچەیەش ڕەنگە تا ڕادەیەک لە پارچەکانی تر لە پێش بێت، بەڵام هێشتا بەس نییە، باش نییە و دەبێت هەوڵی زۆرتری بۆ بدەین.

 

لە باکووری کوردستانیش بە هۆی ئەوەی کە کوردەکان وەکوو تورکی یاخی و شاخی دەناسێندران و ڕێگەی چالاکیی زمانەوان و خوێندن و نووسین و تەنانەت قسەکردن بە زمانەکەمان نەدەدرا، دۆخی زمانی نەتەوەکەمان لەو پارچەیەی کوردستان لە هەموو پارچەکانی تر خراپتر و نالەبارترە.

 

لە ڕۆژاوای کوردستانیش لە ساڵانی ڕابردوودا زمانی کوردی بڤە بوو، بەڵام وێڕای ئەوەی کە چەند ساڵێکە نیمچە دەسەلاتێکی کوردیی تێیدا هەیە، لێ هەردەم شەڕ و کاولکاریی و هێرش و خوێنڕێژیی لەوێ هەبووە و نە تەنیا هیچ ئاوڕێکی لێ نەدراوەتەوە، بەڵکوو سەیری زمانی کوردیش نەکراوە.

 

فێربوون و هەوڵ دان بۆ فێربوونی زمانی دایکی و نەتەوەییی هەر نەتەوەیەک ئەرکی سەرەکی و بنچینەیی هەموو ئەندامانی ئەو نەتەوەیەیە، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی کە دابەش کراون و لەژێر چەپۆکی داگیرکەردان وەکوو نەتەوەی کورد، هەوڵ دان بۆ فێربوونی زمانی نەتەوەی خۆمان، جیا لەوەی کە زیندووبوونی خۆمان و نەتەوەکەمان ڕادەگرین، بەڵکوو بە دژی داگیرکەر وستانەیە و بە خەباتێکی نەتەوەییی بەهێز لە بەرانبەر داگیرکەردا بە ئەژمار دێت و دەبینە سەلێمنەری ئەو ڕاستییەش کە ئێمە نەتەوەیەکی جیاوازین و بەشێک لە نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان نین و قەد ناتوینە و زیاتریش دەڕوینەوە.

 

لە کۆتاییدا، داوا لە سەرجەم دایکان و باوکانی هێژا و نیشتمانپەروەری کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵات دەکەم کە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بە زمانی شیرینی کوردی قسە بکەن، قسەکردن بە زمانی بێگانە و داگیرکەر نەک تەنیا کلاس (موسەقەفبوون) نییە، بەڵکوو شەرمەزاییە و قسەکردن بە زمانی شیرینی کوردیش لەگەڵ منداڵەکانتان دەبێتە هۆی خولیابوونی ئەو منداڵە بۆ حەزکردن لە قسەکردن و کونجاوی فێربوونی زمانی دایکی و نەتەوەییی خۆی دەبێت و بە زمانی دایکییەوە بێمچم دەگرێت.