پەیامی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ۲ی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی

پەیامی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ۲ی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی

 

ساڵی ١٩٩٩ رێکخراوی جیهانی یونیسکۆ ڕۆژی ۲ی ڕەشەمەی (٢١فێورییەی) بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناودێر کرد.
 

ئامانج لەم ڕۆژە پاراستن و زیندووڕاگرتنی زمانی ئەو نەتەوانەیە کە هەڕەشەی لە نێوچوونیان لەسەرە.

 

زمان ناسنامە و کۆڵەکەی ژیان و هەرمانی نەتەوەیە، هەر نەتەوەیەک زمانەکەی لێ بسەندرێتەوە خۆشی لەنێوو دەچێت و دەفەوتێ.

یاسا نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، ئەو مافەیان بە هەر نەتەوەیەک داوە کە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و بنووسن، لەو پەیوەندیەشدا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە هەموو ڕەشنووسە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە زمانی دایکی واژوو کردووە، لەو پەیوەندییەدا هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێ کردنیان هەڵنەگرتووە.  تەنانەت لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هەبوونی چەندین نەتەوەو زمانی جیاواز، تەنیا زمانی فارسی وەکوو تاکە زمانی فەرمی وڵات ناسێندراوە و لە هەموو دامو دەزگاکاندا، بە سەپێندراوی کاری پێدەکرێت.

 

پرسی زمانی دایکی لە ئێراندا، نەک هەر وەکوو مافێکی سەرەتایی ئەژمار ناکرێ، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەک دەبینرێ بۆ پارچە پارچە کردنی وڵات، تەنانەت ناوەندەکانی کولتووری و زمانەوانی و تەنانەت مامۆستایانی بواری زمان لە لایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژێم  دەست بەسەرو ڕاپێچی گرتووخانەکان دەکرێن؛ نوێترین نموونەش دەستبەسەرکردنی مامۆستای زمانی کوردی "زارا محەممەدی" لە شاری مەریوان بووە.

 

زمانی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە کە هەر لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی پەهلەوی و پاشان دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی رووبەڕووی سڕینەوە بۆتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆش چالاکانی بواری فەرهەنگی و زمانەوانی سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارەکان، بەرەوڕووی ئەو پیلانە دژەگەلییانە ڕاوەستاون و لە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی درێغیان نەکردووە.

 

زمانی دایکی، پێناس و شۆناسی هەر نەتەوەیەکە؛ بۆیە زور گرنگە دایکان و باوکان هەر لە سەرەتاوە گرنگی بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بدەن و منداڵەکانیان فێری نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی بکەن.

 

" ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات" وێڕای بەرزنرخاندنی زمانی دایکی لەو ڕۆژەدا، ڕێز لە خەبات و ماندووبوونی چالاکانی فەرهەنگی، سیاسی، مامۆستایان و دایک و باوکان بۆ پاراستنی زمانی دایکی دەگرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنیا بە هەوڵی هەمەلایەنە دەتوانرێت ئەو شۆناسە نەتەوەییە لە پیلان و هەڕەشەی داگیرکەر بپارێزرێ و لە ئەنجامدا لە دونیایەکی سەردەمییانە وەک زمانی نەتەوەی کورد بە ڕەسمی بناسێندرێت.

 

ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات

۱ی رەشەممەی ۱۳۹٨ هەتاوی

۲۰ی فێورییەی ۲۰٢٠ی زایینی

 

"ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات" لە لایەن پێنج رێکخراوی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات پێک هاتووە کە بریتین لە:

رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات

یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان

رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران