ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان: هەڵبژرادن لە ئێران هیچکات لە خزمەت ژنان نەبووە

ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان: هەڵبژرادن لە ئێران هیچکات لە خزمەت ژنان نەبووە

لە پێوەند بە خولی یانزەهەمی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕژیمی ئاخوندی لە ڕێکەوتی ۲ی ڕەشەممەی ۱۳۹٨، و دەورونەخشی ئافرەتان لە شوێنەکانی بەڕێوەبەری و کاریگەریان لەسەر کەمکردنەوەی مافزەوت کردن و نەهامەتیەکانی ئافرەتان لەو وڵاتە دا و لەژێر بەڕێوەبەری ئاخوندان دا، ڕاو بۆچونی بەڕێز خاتوو ئەوین موستەفازادە، چالاکی بواری ئافرەتان و ... ، وەردەگرین؛

 

١_ ئافرەتان لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کەمتر لە ڕێژە و ژمارەی پیاوان بەشداری شانۆی هەڵبژاردن دەکەن، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

مافی دەنگی ژنان و خەبات بۆ بەدەست‌هێنانی ئەو مافە مێژوویییەکی گرنگ و سەرەکی لە پێکهێنانی رەوتی بزوتنەوەی مافی ژنان هەیە و بە سەرەتای بەشداری سیاسی ژن لە کۆمەڵگا دادەنرێت. خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافێک تاکوو ژنان لە شوێنە باڵا و شوێنەدانەرەکانی وڵات خۆیان ببیننەوە و لەوێوە بتوانن ئاڵوگۆڕ لەسەر باشترکردنی پرس و مەسەلەکانی دیکەی خۆیان پێک بێنن.

بەڵام ئەم بەشداریکردنە هەمیشە لە خزمەت ژنان دانەبووە، بەڵکوو لە هەندێ شوێن ئەو مافە بە مەبەستی بەکارهێنانی نیوەی کۆمەڵگا بۆ خزمەت بە ئیدیۆلۆژی و ئامانجێکی تایبەت بەکارهاتووە کە کۆماری ئیسلامی لە نموونەی هەر دیاری ئەو سیستمانەیە، بە تایبەتی ئەوەی کە خومەینی لە سەردەمی شا دژایەتی مافی دەنگی ژنانی کرد و بە دژە ئیسلام ناوی برد، بەڵام دوای شۆڕشی ساڵی 57 تەنیا ئەو مافەی بۆ ژنان هێشتەوەو و  پێداگربوو لەسەر بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکان و باسی لەوە کرد کە ئیسلام ئێوەی پاراستووە و و ئێوەش دەبێ ئیسلام بپارێزن.

هێزێک کە خومەینی درکی بە کاریگەری کردبوو، لە لایەک بۆ کەڵک لێ‌وەرگرتنیان وەک نیوەی کۆمەڵگا بۆ رەوایی بە نیزامەکەیان و لە لایەکی‌تریش بۆ راگرتن و پەروەردەکردنی ژنان بۆ سیستەم و لەناو سیستەمی خۆیاندا، بە تایبەتی ئەوەی کە کاریگەری سیاسی ژنان لە شۆرش دەرکەوتبوو.

کەڵک وەرگرتن لە ژنان وەک دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری خاتەمی بە تایبەتی و دەوری یەکەمی رووحانی زۆر دیار بوو و ژنان بە هیوای ئەوەی فەزای کار و بەشداری‌کردنیان لە زۆربەی بوارەکاندا بۆ دەکرێتەوە و دەتوانن بە دیاریکردنی نەفەراتی جناحێک  لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و وەک ژنیش بە بەشداری سیاسی راستەخۆ لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمان بگەن بە خواستەکانیان؛ لە چەند قۆناغدا رێفورمخوازەکانیان بە هێز کرد بە تایبەتیش ژنانی ناوەندی ئێران، بەڵام ئێستا دوای ٤١ ساڵ و چەندین ئەزمونی متمانەکردن؛ بە چاوخشاندنێک بە بارودۆخی ئێران بە گشتی و ژنان بە تایبەتی و داڕمانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی زۆربەی کۆمەڵگا بە تایبەتی ژنان تێگەیشتن کە دۆڕاوی سەرەکی ئەو رژیمەن و  لە چوارچێوەی ئەو رژیمە نە تەنیا کارێک ناکرێت، بەڵکوو لە خوولانەوەیەکی پوچ دا تەنیا تەمەنی رژیم زۆر بووە و وێرانی و بەدبەختی بۆ خەڵکیش زۆرتر.

 

بەڵام کەمی بەشداری ژنان بە شێوەیەکی گشتی بە بەراورد لەگەڵ پیاوان چەندین هۆکاری هەیە کە بەستێنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت وەکوو بەربژێر دەموچاوێکی پیاوانەی هەبووە؛ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆماری بە تەواوەتی و بۆ نوێنەرایەتی پارلەمانیش  وەک زۆرینە بۆ پیاوانە و ئەو رێژەیەش کە بۆ ژنان بووە زیاتر تایبەت بووە بە ژنانی ناوەند و ئەوانەی لە ناوەندی دەسەڵات نزیکن، کە ئەمەش ژنانی دەرەوەی ناوەند و بە تایبەتیش ناوچەی ئیتنیکییە جیاوازەکانی بە گشتی نەگرتۆتەوە.

 هەروەها هەڵبژاردن هەمیشە تایبەت بووە بە چین و توێژێکی باڵا و بە تایبەتی جێگەی پەسەندی کۆماری ئیسلامی و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا کە زۆرینەش پێکدەێنن هەڵبژاردن نە وەک گەیشتن بە پلەی سیاسی و نە وەک کاریگەری بۆ باشترکردنی ژیانیان هیچی بۆیان پێ نەبووە، بۆیە وەکوو مەسەلەی خۆیان چاویان لێنکردووە و بەسەردا گوزەریان کردووە. بۆ نموونە بۆ ژنێکی ماڵدار کە دەتوانین بڵێن رۆڵی لە یاسادا تەنیا بۆ ناو ماڵ پێناسە کراوە، بەرامبەر هەڵبژاردن بی هەڵوێستە و ئەگەر پیویستییەکی بچووکیش وای لە بنەماڵەکەی کردبێ کە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن زۆرتر پیاوان وەک سەرۆکی خێزان بەشداربوونە، هەروەها ژنان کەمترین بەشیان لە دام‌ودەزگای فەرمی وڵاتدا هەیە بۆ لە بەشداری نەکردنیش بە هەر هۆیەک ناترسن.

هەروەها ئەو ژنانەی کە بە هۆی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری  لە ٨ی مارس 1357 هەستیان بە دۆراوی سەرەکی ئەو شۆرشە کرد لەئێستادا لەوە دڵنیا بوونەوەتە، ئێستا گروپێکی زۆر گەورەی ژنان پیکدێنن و پیشووتر تەنانەت ئەگەر ژنێکی ماڵدار بەرامبەر هەڵبژاردن هیچ هەستێکی نەبووە، لە ئیستا بە دڵنیاییی زیاترەوە زۆر لە هۆکارەکانی ناڵەباری ژیانی لە بوونی ئەو رژیمە دەبینێت و پێوایە نابێت لەگەڵی بکەوێت.

ئەوەی لەناو ژنانی کورددا گرنگ بووە، بە تایبەت ژنانێک کە پرسی نەتەوەیی و ژنیان بۆ گرنگ بووە،  هەمیشە "نا"یان  بەو رژیمە ووتووە و بە تایبەتیش دوای هیرشەکەی خومینی بۆ سەر کوردستان کە ئەو رژیمە دژە کوردبوونی خۆی سەلماند و هەوڵی ناوبردنی کوردی دا.

 

 ۲- پێتان وایە بەشداری نەکردنی ئافرەتان لەشانۆی هەڵبژاردن، خودئاگایی ئافرەتان بەماف وئازادیەکانە، ئێوە چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

لە سیستەمە دیکتاتۆرکاندا کە دەنگی خەڵک بەهای نیە، بایکۆتی هەڵبژاردن گرنگترین کردەیەکی سیاسییە کە تاک دەتوانێت ئەنجامی بدات. ئەم کردەیەش بێگومان دەبێت ئاگایی لە پشتەوە بێت، ئاگاییەک کە دوای ئەزموونی ٤١ ساڵە ئێستا لە ئاستێکی باڵادایە و بۆ کەسێکی ئاسایش ٤١ ساڵ وێڕانی، سەرکوت، کوشتار، جنایەت، پێشلێل کردنی ماف و ئازداییەکان و داڕمانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئەوەندە زۆرەکە متمانەی بە رژیم نەمابێت.  

ئەو ئاگاییەش بە روونی لە خۆپێشاندنەکانی مانگی خەزەڵوەر و دوای کەواندنی فرۆکەی ئۆکراینییەکە بە تایبەتیش لە ناو توێژی خوێندکار دەبێندرا کە دروشمەکانیان زۆر رادیکاڵ و خواستێکی روونی لەناوچوونی ئەو رژیمەی لە پشتەوە بوو.

 ژنانی ئیران بەگشتی وەک نیوەی کۆمەڵگا لە رەوتی ٤١ ساڵەدا، بوونە خاوەن ئەزموون، هەموو قۆناغەکانیان بینی، سەرکوت کران، بەکارهێنران،  خواست و مافە بنەڕەتییەکان پێشێل کرا و لە بەرامبەردا هەندێک مافی بچووک و پلە چەندیان پێ فروشراییەوە و ئیستا زۆربەیان بە روونی لەوە تێگەیشتوون و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بە روونیش دەزانن چییان دەوێت.

ئاگاییەک کە زۆربەی ژنانی گەیاندۆتەوە ئەو خوێندنەوەی کە هەڵبژاردن تەنیا لە کۆمەڵگاییەکی ئازاد کاریگەر و مانادارە، ئەگینا جگە لە رەوایی دان بە دیکتاتۆر و سەرکوت هیچیتر نیە.

پێویستە بوترێ کە کۆمەلێک لە ژنان هیچکات باوەڕیان بە درۆی کۆماری ئیسلامی نەکردو بە حکوومەتێکی دژەژن ناویان برد کە دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر  ماف و ئازادییەکانی ژن و ئەمڕۆش ئەو راستیە سەلماوەو و  لەناو بازنەیەکی گەورەتر لە ژنان تەشەنەی سەندووە و ژنانی گەیاندۆتەوە ئەو قەناعەتەی کە نەتەنیا رژێمیان نەوێت، بەڵکوو بۆ لەناوبردنیشی خەبات بکەن.

دەتوانم بڵێم ژنانی کورد بە تایبەت ئەوانەی هەڵگر پرسی نەتەوەیی و ژنن تا ئیستا ئەو خواستەیان بە روونی بەرجەستە کردووە و خەباتیشان بۆ کردووە.

 

 ۳- بەباوەڕی ئافرەتانی هۆشیاری کوردستان، چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان، شەرعیەتدانە بە زوڵم و پێخوستی مافەکانیان، ئەی چۆنە تائێستاش بەشێکیان لەم شانۆیانەدا بەشداری دەکەن؟ پێتان وایە فەرهەنگ ونەریتی کۆمەڵگایە کە وا دەکات ئامادەبن دەنگ بە سیستمێک بدەن کە وەک مرۆڤ ناڕوانێتە ئافرەت، یان زۆری وچاوترسێن کردنی ئافرەتە؟

هەر سیستەمێک، تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش کۆمەلێک خەڵکیان بەدەورەوەیە؛ خەڵکانێک کە لەو کاتانەی کە رژیم پێویستی پێیانە دەبێت بێنە مەیدان و لە پشت رژیم دەربکەون کە دەکرێت هەندێکیان باوەڕیان بە رژیم هەبێت و هەندێکی دیکەش لەبەر بەرژەوندییەکانیان بچووک یان گەورە لەگەڵ رژیم بن  و هەندێکیشان لە ماوەی ئەو 41 ساڵە فریوی رژیمان خواردبێ بە هیوای باشتربوونی ژیانیان.  

بەڵام لە ئێستادا،  بەرهەمی نگریسی کۆماری ئیسلامی وایکردووە دژبەرانی رژیم زۆر زیاتر لەوانە بن کە لەگەڵ رژیمن؛ ئەم توورەیەیش بە روونی دوای سەرکوتی خوێناوی خەزەڵوەر و جنایەتی کەواندنی فرۆکەی ئوکراینی دەرکەوت.

لەراستیدا لە هەندێک قۆناغ بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکان بە تایبەت ژنانی ناوەند بە رێژەیەکی زۆر دڵخوازانە بووە، واتە هیوایان بە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لەسەر دەستی هەندێک کەس هەبووە، بەڵام ئەمە بە گشتی بۆ قۆناغی ئێستا راست نیە.

بەڵام بۆ ژنی کورد بە هۆی ئەوەی قوربانییەکی چه‌ندقاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییه‌؛ هەر لەسەرەتاوە بە هۆی گوتاری سیاسی تایبەت بە کوردستان لەژێر کاریگەری حیزبە کوردییەکان بە جۆرێک خۆیان بەرانبەر کۆماری ئیسلامی پێناسە کردووە نە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بەشداری نەکردنیشیان لە نمایشەکانی کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لەو ئەکتانە داناوە و هاوڕاییان لەگەڵ رژیم بە دزێو چاو لێ کردووە.  

 

٤- ئافرەتان دەتوانن چ ڕۆڵێک ببینن لە بایکۆت وتەحریمی شانۆی هەڵبژاردن؟

ژنان نیوەی کۆمەڵگان؛ نیوەیەک کە دەتوانن بۆ هەر پرسێک باشترین رۆڵ ببینن بە جۆرێک کە رەدکردنەوە یان پەسەندکردنی هەر مەسەلەیەک لە لایەن ئەو نیوەوە دەتوانی هەڵگری پەیامێکی بەهێز بێت، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردن و بابەتی رەوایی دان. واتە رەوایی نەدان بە حکوومەتێکی دژە ژن و دیکتاتۆر گرنگترین کردەیەکە کە ژنان وەک نیوە کۆمەڵگا دەتوانن ئەنجامی بدەن.

هەربۆیە دوای 41سال سەرکوت و رووداوە خوێناوییەکانی چەند مانگی رابردوو، بایکۆتی هەڵبژاردن تەنیا بەشداری نەکردنێکی ئاسایی نیە، بەڵکوو ئەرکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و هەروەهاش نارەزایەتییەکی ئاشکرایە بە رژیم کە هەم رەوایی پێ نەدات و  هەمیش خواستی نەمانی بەرز بکاتەوە، وەک خۆنیشاندانێکی زۆر ئاشکرا و دیار کە بە رژیم بڵێن لەگەڵت نین.

بۆیە ژنان دەبێت بە گرنگییەوە چاو لەو رۆڵەی خۆیان بکەن و بە بایکۆتی هەڵبژاردن رێگەی خۆیان بە تەواوەتی لە رژیم جیا بکەنەوە؛ چونکە ئیتر بەشداری‌کردن هیچ بیانوو و نەزانەمکارییەک هەڵناگرێت و  بە واتای بەشداری راستەخۆ لە جنایەت و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی دێت.

هەروەها بەشداری نەکردن کردەیەکی کاتی نیە کە بوترێ خۆ کاریگەری لەسەر داهاتووی کۆمەڵگا و ژنان نابێت و بارودۆخەکە لە کۆتاییدا هەر دەکەوێتەوە دەستی رژیم و ئەوانەیەش کە دەیانتوانی کارێک بکەن نامێنن؛ پیش هەر شتێک ژنانی ئێران و بە تایبەت کوردستان دەبێت دادخوازی ماف و ئازادی و  ویستە بنەڕەتییەکانیان بن لە هەر سیستەمێکدا نەک قەناعەت بە مافێکی بچووکی وەک رۆیشتن بۆ ئیستادیۆم و ئەویش لە کایەیەکی دیاریکراو و بۆ کۆمەلێک ژن لە گروپێکی دیاریکراو بکەن، هەروەها حکوومەتێک بە ئیدیۆلۆژی دژەژن، ناتوانێت ئازادی و یەکسانی بۆ ژن بەرهەم بێنێت و ئەگەر ویستبای لە ماوەی ئەو ٤١ ساڵەدا کارێکی دەکرد؛ هەربۆیە بارودۆخی نالەباری ژنان لە هەموو روویەکەوە لە ئیستادا دەرخەری ئەوەیە ژنان دەبێت بچنە ناو پرۆسەیەکی جدی و ریشەیی بۆ گوزەر بە سەر کۆماری ئیسلامی کە بایکۆتی هەڵبژاردن دەتوانێت حەرکەتێکی زۆر گەورە و جدی بێت لەو بوارەدا.

 

 ٥- ڕێکخراوەکان چۆن دەتوانن لە هۆشیار کردنەوەی ئافرەتان ڕۆڵی بەرچاوتر بگێڕن؟ ئێوە وەک یەکێتی ژنانی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران، چیتان کردووە تا ئافرەتان نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؟

با سەرەتا ئاماژە بە خاڵێک بکەم؛ رێگری و سەرکوتی رێکخراو وەک چالاکی سازماندراو بۆ  بزوتنەوەی ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆتەوە هۆی ئەوەی کە رێکخراوەکانی ژنان لە تاراوگە چالاکی بکەن. ئەمەش وای کردووە کارکردن بۆ پرسی ژن لە ئێراندا لە دوو شوێنی جیاوا بێت؛ بە شێوەیەکی رێکخراو لە تاراوگە و بە شێوەیەکی تاکی یان گروپی بچووکیش لە ناو ئیراندا.

دەتوانین بڵێن ئەم دووانەش بە جۆرێک لە گفتگۆیەکی جیهانی دابوونە لەگەڵ یەکتری، هەم بۆ باسکردن و بەرجستەکردنی خواستەکانی ژنان لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران و هەمیش بۆ دۆزینەوەی شێوازی کارکردن بۆ ئەم ویستانە.

سەبارەت بە رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان دەکرێ بڵێن بە هۆی ئەوەی هەمیشە خاوەن پێناسە و گوتاری خۆیان بوونە بەتایبەت لە چوارچێوەی گوتاری سیاسی هیزە سیاسییەکانی کوردستان و هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە هۆی ستەمی نەتەوەیی و ژنەبوونەوە دژی ئەو حکوومەتە وەستانەوە و ئەو راستییەی کە ئەوان لە سەرتاوە پێداگربوون لەسەری، لە ئیستادا زۆربەی خەڵک ئێران و ژنان پێگەیشتوون؛ بەردەوام بوونیش لەسەر دووپاتکردنەوەی ئەو گوتار و خواستە بنەڕەتییەی ژنی کورد لە هەموو قۆناغەکان و هەڵوێست نواندن لەبارەیەوە، پێناسەیەکی دروست کردووە کە لە کاتە پێویستەکاندا خۆی نیشان دەدات.  

لە ئێستاشدا راگەیاندن و دونیای ئینتێرنێت چەکێکی بەهێزە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ببینی راستییەکان و خوێندنەوە بۆ مەسلەکان و رێکخراوەکانی ژنانیان بەکەڵک وەرگرتن لەو پوتانسیۆلە بە خوێندنەوە و هەڵویستی تایبەتی خۆیان لە ژێر کاریگەری ئەو پێناسەیە توانیویانە ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانیان بووە بە جێ بگەێنن.

رێکخراوی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش، وەکوو یەکێک لەو رێکخراوە سەرەکییانە بە هۆی ئەوەی ئیمکانی هەڵویست نواندنی بە شێوەیەکی ئاشکرا هەیە، لە هەڵویست و راگەێندراوەکانی دا، لە بەرنامەی کاری خۆێدا، لەکۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارات دا، ئەم پێناسەیەی  کە لەسەرەوە باسکرا خاوەندرێتی دەکات و کاری بۆ دەکات؛ هەربۆیە  هیچکات نەکەوتۆتە ژیرکاریگەری بەڵینەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ژنان و هەمیشە ئەسلی ئەو نیزامەی وەک سیستەمێکی دژە‌ژن رەت کردۆتەوە. بەشداریکردن لە نمایشی هەڵبژاردنی ئەمجارەشی لە چوارچێوەی "ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات" بایکۆت کردووە و بە رۆشنگەری لەو بوارەوە هەوڵی داوە ئەرکی خۆی بە جێ بگەێنێت.

 

 ٦- وەک ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات دەتوانین چی بکەین تا ئافرەتان لەم شانۆیەدا کەمتر بەشدار بن؟

یەک دەنگی ژنی کورد بۆ ماف و ئازادییەکانی میکانیزمێکی بەهێزە، هەم بۆ کارکردنی خۆیان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، هەمیش بۆ ئەو کەس و لایەنانەی لە دەرەوە خوێندنەوە بۆ ژنی کورد و خواستەکانی دەکەن.

لەسەر ئەساسی ئەم گرنگییە، ٥ رێکخراوەی سەرەکی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات کە  خاوەن ناسنامەی مێژوویی و هەڵگری  بەرپرسایەتی پرسی ژن کورد لە چوارچێوەی حیزبە سیاسییەکان بوونە لە سەرەتای ساڵی 1394 (25/2/1394) بۆ کارکردن لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمە و  بەتایبەتی ئەوەی کە گوتاری ژنی کورد لە نێوانیاندا هاوبەشە هەم بۆ پرسی ژن و هەم پرسی نەتەوەی "ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات"یان دامەزراند.

بێگومان ئەو دەنگە یەکگرتوو و هاوبەشە لە ناوەندێکدا هەم جدیی‌بوون خواستی ژنی کورد دەردەخات و هەمیش کارکردن بۆ ئەو خواستە واردی قۆناغێکی بەهیزتردەکات کە لە کاتە گرنگەکان و لە ئاڵوگۆڕەکاندا دەتوانێت بە باشترین شێوەیە خۆی بنوێنێت و تەنانەت لە کاتی پێویست بە کردە و پراکتیک، زووتر و باشتر  کردەوە بنوێنێت و ئامانجەکانی بەرەو پیش ببات.

بایکۆتی هەڵبژاردنی رژێمیش وەکوو ناوەند کە گرنگترین و مێژوویترین رێکخراوەکانی ژنانی کوردستان لە خۆ دەگرێت دەتوانێت دەرخری جدی بوون ئەو بایکۆتە لە لایەن رێکخراوەکانی ژنان و ژنانی کورد وەکوو نیوەی کۆمەڵگای کوردستان بێت و ئەو ناوەندە بە تێپەربوونی کات و بە نیشاندنانی مانفیستی خۆی لەسەر پرسی ژنی کورد دەتوانێ شوێندانەری خۆی بە جێ بێڵێت و هەم لە لایەن ژنانی ناوخۆ و هەمیش دەرەوە چاوی لێ بکرێت ک بێگومان رۆشنگەری ناوەند لەسەر خواستە بنەڕتییەکانی ژنی کورد و ئەو ئامانجانەی کە دەبیت بەدەستی بێننێت و کاری بۆ بکات یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانیەتی.   

 

 ۷- چ پەیامێکتان هەیە بۆ ئافرەتان تا لە شانۆی هەڵبژاردن بەشداری نەکەن؟

لە کۆتایی دا دەمهەوێت بڵێم؛ بەشداریکردن لە نمایشی هەڵبژاردنی رژیم نەتەنیا بێریزی ژنانە بە خۆیان بە هۆی رەوایی‌دان بە سیستەمێک کە هەر لە سەرەتای هاتنی سەرکاری یەکەم گورز و گەورەترین گورزی بەر ژنان کەوت و ئیدیۆلۆژییەکی دژە ژنی هەیە، بەڵکوو بەشداریکردن، خیانەتە بە خوێن و هەموو ئەو بەهایەی کە گیانبەختکردووان و ئازادیخوازان لە پێناو ئازدای داویانە و هەروەها خیانەتیشە بە نەوەکانی داهاتووە بە هۆی ئەوەی کە رەوایی‌دان بە دیکتاتۆر لە ئێستادا دەتوانێت ژیانی داهاتووی ئەوانیش بخاتە مەترسییەوە.

هەربۆیە گەورەترین ئەرک لە ئیستادا لەسەر شانی هەر تاکێک و بە تایبەت ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگا ئەوەیە کە دەبێت رێگەی خۆیان لە هی رژیم جیابکەنەوە و بە هیچ‌شیوەیەک و لە هیچ حەرکەتێک دا نەکەونە پاڵ رژیم،  کە بەشداری لە هەڵبژاردن یەکێک لەوان.  

ژنان دەبێ ئەوە بزانن کە یەکسانی مافی ژن و پیاو بنەمای دێموکراسییە و خەبات بۆ ئەو مەبەست و دژی هەڵاواردن و ئاپارتایدی رەگەزەی دەبێت شوێنی تایبەتی خۆی لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژنان هەبێت و ئەو گرنگییەش لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی هەرگیز بەدی نایەت.

ئەم وتووێژە لەگەڵ بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران ئەنجام دراوە