ژنی کورد لە کۆمەڵگای رۆژئاوادا

ژنی کورد لە کۆمەڵگای رۆژئاوادا

کۆچکردنی خێزانە کوردەکان لە چەند دەیەی رابردوودا لە ئاستێکی بەرزدابووە، هۆکاری کۆچکردنەکان هۆکارگەلی جیاوازن بەڵام ئەو خێزانانە لێرە لە ماوەی ژیاندا، بە پێی ئاست و چۆنیەتی جێکەوتووییان دەتوانین جیایان بکەینەوە. 


ئەو هۆکارە نەریتییانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە سەرەتاوە کە کچان و ژنانی کوردی پێ پەروەردەکراوە، دەتوانین بڵێین کە هەندێک لەو خێزانانە لێرەش لە پاش چەندین ساڵ ژیان لە کۆمەڵگەی رۆژئاوادا، هێشتا گرفتاری ئەو نەریتانەن، کە زۆریان بۆیان ئاسایی بووەتەوە و وەک فەرهەنگێکی جێ کەوتووە بۆ ئەو خێزانانە، بەڵام کاتێک کچێکی ئەو بنەماڵەیە لە تەمەنیێکی کەمەوە لێرە گەورە دەبێت و لەگەڵ کۆمەڵگای رۆژئاوای رۆژانە  کاروباری بەڕێ دەکا و دەژی، چیدی فەرهەنگی سەپاوی نەریتی لای ئەم  توێژە پێگەیشتوووە لە رۆژئاوا جێکەوتوو نییە، و لێرەوە ئەم کچ و ژنانە هەوڵ بۆ دروسکردنی ژیانیکی باش بۆ خۆیان دەدەن کە تیێدا چەوساوەنەبن. ئاساییە ژنان لێرە چیدی ئەو کۆیلەیی و بەندییەکە لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا هەیە لێرە مل کەچ نەبن بۆی و خۆیان داکۆک بن لە بەدەستهێنانی ژیانێکی یەکسان و پەروەردەکردنی بنەماڵەیەکی تەندروست. بێ گوومان بۆ ئەم کارەش دەبێ مایەیەکی قورس دابنرێ و لە زۆر شت دەبێ ببوورێن.


ئەو گرفتانەی ژنان لە کۆمەڵگەی رۆژئاوادا رووبەرووی دەبن، هیچیان چەشنی ئەو گرفتە سیاسیی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانە نین کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی لە کۆمەڵگای کوردییدا هەن.


ژنان لە رۆژئاوادا سەربەخۆیی ئابوورییان هەیە کە ئەمەش بۆیان پاڵپشتێکی گرنگە کە هەوڵبدەن بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسیی و بوارەکانی دیکەی ژیانیشیان. لە خێزانێكدا ژن و پیاوێک مەرج نییە هەڵگری یەک بیروباوەری سیاسیی بن دەتوانن هەڵگری دوو باوەری زۆر لە یەک جوداش بن، ئەمەش رێک بە پێچەوانەی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئازادی بیروباوەر لێرەدا بۆ هەر تاکێک مافێکی بێ ئەملاوئەولای خۆیەتی و کەس بۆ کەسی دیکە دیاریکەری رێباز و بیرێکی سیاسیی نییە. لە پاڵ ئەمەدا کە ئەسلەن گرفت نییە، هەردوولا پاڵپشتی یەکدین و هاندەری یەکیشن بۆ سەرکەوتنیان لەو بووارەدا کە هەوڵی بۆ ئەدەن.


رێژەی ژنانی پەنابەر لە رۆژئاوادا لە ناوەندەکانی باڵای دەسەڵاتدا بەرز نییە، بۆ نموونە لە پەرلەمان، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پارتەکاندا، رێژەی ژنان تا رادەیەکی باش بەرچاوە و جێی خۆیان لەو چوارچیێوە دەسەڵاتییەدا کردووەتەوە، کە دەکرێ بۆ  داهاتوو هەلی بەشداربوونییان لە پەرلەمانی و دەزگا حکومییەکانی دیکەدا باشتر برەخسێنێ بە تایبەتی بە پشتیوانی ئەو پارتەی تێیدا ئەندامن و چالاکیین. 


ژنانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکەدا باشتر لەم دەرفەتانە کەڵکیان گرتووە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کە چ وەک تاک و چ وەک بنەماڵە پێیدا تێپەربوون.  دیارە ئەمەش هەموو خێزانەکان ناگرێتەوە هەر وەک ئاماژەم پێ کرد لە سەرەتادا، ئەمانە لە بنەماڵەیەکەوە بۆ بنەماڵەیەکی تر جیاوازە و پێوەندی بە فەرهەنگی پەروەردەی بنەماڵەوە هەیە.


ژنان لە رۆژئاوادا وەک ژنێك لە ماڵ و بەخێوکەری منداڵ و جێ‌بەجێ کەری کاری ماڵ، پیاو و منداڵ تەماشاناکرێ. بۆ هەر لایەنێک و ئەرکێکی خێزانی، ژن و پیاو هێندەی یەک بەرپرسیارن لە ڕاپەراندنی ئەرکە خێزانییەکان. بە واتایەک ژن موڵکی خۆیەتی و موڵکی ئەرک و کەسێک نییە کە ببێتە بنەما بۆ ئەوەی لە پەراوێزی کۆمەڵگادابێ و لە سوچی ماڵ بمێێتەوە بۆ رازیکردنی پیاوەکەی. بواری ژیانیش وا دەخوازێ ژن و پیاو شان بەشانی یەکدی تێبکۆشن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام، تەندروست و سەرکەوتوو. کاتێک لە وەها کۆمەڵگایەکدا ژنان هەست بە دلنیایی بەکەن، بێ گوومان ئەرکیشییان بۆ تێکۆشان لە رێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان و ژناندا، لە چوارچێوەیەکی دیکەدا خۆی دەگرێتەوە و بوێرانەتر لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆیدا هەنگاوی پتەوتر هەڵدەگرێ.


لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و ژیانێکی کامەران بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵ، گرنگە هەموو ژنان تواناکانی خۆیان یەکبخەن و یەکگرتووانە بە پشتیوانی پیاوان، خەبات بکرێ و هیچ هەنگاوێكی ئەرێنێ لەو پێناوەدا بە کەم نەبیندرێ، و هەنگاو بە دوای هەنگاو بەوە دەگەین کە بە پێی پێویست کار کراوە و ئاکامی باش بەدیدەکرێ.