ژنان لە کۆمەڵگا ئێراندا​​

ژنان لە کۆمەڵگا ئێراندا​​

 

نوسین: ڕۆزانا بەهار

 

کۆمەڵگای ئێران لەو کاتەی کە خۆی ناسیوەتەوە تاکوو ئێستا بەردەوام لە ژێر گوشاری سەرەڕۆی، هەڕەشە، سەرکوت، گرتن، لێدان و کوشتن و سێدارەدایە و بە درێژایی میژوو تا هەنووکەش لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی و مەترسیدار ڕووبەڕوو بووەتەوە کە ژنان لە وەها کۆمەڵگەکدا بە دڵنیاسییەوە سەرەکیترین قوربانین.
 

سەرەڕۆی و پاوانخوازیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە تەنیا بایەخ بە پەرەپێدان و سەپاندنی دەسەڵاتە شەڕخوازانەکەی خۆیان دەدەن، نەک هیچ ئاوڕ لە سەرجەم کێشە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە نادەنەوە، بەڵکوو ئەو ڕێژیمە بووەتە گەورەترین لەمپەر لەبەرەدم گەشەکرن و پەرەستاندنی کۆمەڵگای ئێران و دەیان و سەدان بیرۆکە و فکرییەتی دواکەوتووانە و کۆنەپەرەستانەی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا زاڵ کردووە کە لە وەها کۆمەڵگەیەکیشدا ژنان قوربانی یەکەمن و گوشارێکی لەڕدابەدەریان لەسەر دەبێت و زۆرجار دەگاتە ئەوە ئاستەی کە تەنانەت کەسایەتی ژنان زۆرتر خەوشەدار دەکرێت و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە کۆمەڵگای ئێراندا ببێتە دیاردەیەکی جێکەوتوو، وێڕای ئەوەی کە زۆرجار ڕێژیم بەنێوی ئایینەوە لەو هەڵاواردنە ڕەگەزییە ناشیرینترین کەڵکاژۆ وەردەگرێت و بەپەڕی بێڕێزییەوە ژن وەکوو گیانلەبەرێکی ناتەواو دەشۆبهێنێت کە تەنانەت ئەو ژنانەی کە باوەڕیان بەو ڕێژیمە هەیە باوەڕیشیان بەو دیاردە ناشێرینە جێکەوتووانەش هەیە و تەنانەت هەوڵ بۆ پەرەپێدانیشی دەدەن.,
 

هەرچەندە ئەو بیرۆکە دواکەتووانەی ڕێژیم لە ئێستای کۆمەڵگای ئێراندا بەرەو لەنێوچوون و نەمان دەچێت و کۆمەڵگاش بەیتایبەتی ژنانی ئەو کۆمەڵگایە بەرەو وشیاری و وریابوونەوە دەچن و ئەوەی کە ئاماژەی پێ کرا زۆرتری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی سەرەتای بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمی مەلاکانی جەماران و جێگربوونی ئەو ڕێژیمە، بەڵام لەو کات و سەردەمانەدا کە ژنان هەستیان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوسانەوەی بەرچاو و زیاتر لە چینەکانی تری کۆمەڵگایان کردووە، شۆڕشێکی چەند ڕەهەندییان دەست پێکردووە کە هەم بۆ یەکەجار لە کوردستان و ژنانی کورد هەستیان بەو هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوسانەوەیە کرد و هەمیش شۆڕشی ژنان بە دژی ئەو هەڵاواردن و ستەمانە لە کوردستان دەستی پیکردووە، کە واتە هەم ژنانی کورد پێشەنگی خەبات و بزووتنەوی ژنانی سەرانسەریی ئێران بوونە و هەمیش سەنگەری بەرگرییەکی ڕەوا لە خۆیان بوون کە دواتر لەم سەنگەر و بزووتنەوانەدا داواکاریی مافەکانی خۆیان ڕووبە کۆمەلگا ئێران، دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش ڕوون کردەوە.

 

ئەگەر چاوێک مێژوو بکەین دەبینین کە ژنان لە سەرجەم جووڵانەوە و شۆڕش دێموکراتیکەکاندا ڕۆڵێکی کارا و شوێندانەریان هەبووە و زۆر جاریش ژنان دەسپێشخەر و ڕێکخەری بزووتنەوەگەلێک بوونە کە پاش ماوەیەکی بونەتە شۆڕشێکی گشتگیر و سەرانسەری لە وەڵاتەکاندا، بزووتنەوەی ژنان لە هەر کۆمەڵگایەکدا بە یەکێک لە ڕەواترین و هاوکات بە مەترسیداەرترین بزووتنەوەکان ڕووبە دەسەڵاتی حکوومەتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان ئەژمار دەکرێت، کۆمەڵگای ئێران کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و کەمینەیە و جیا لەوەی کە هیج مافێکی نەتەوە و کەمینەکان ڕەچاو ناکرێت و بەردەوام بە شەڕ و ئاگر وڵامی داوا ڕەواکانیان دەدەرێتەوە، لەو کۆمەڵگایەشدا ژنان زۆرتیر دەبنە قوربانی کە یەکەم بە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەکی جیاوازن لە نەتەوەی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتی ڕێژیمیان قبووڵ و لەسەر داوای مافە نەتەوەییەکانیان خەبات دەکەن و دوووهەمیش بە هۆکاری ژنبووبیانەوە کە لە کۆمەڵگای ئێراندا هیچ پێگەیەکیان نییە، بەردەوام دەچەوسێنەوە.

 

واتە خەباتی ژنانی کۆمەڵگای ئێران چە لە چوارچێوەی شۆڕشە نەتەوەییەکاندا و چە لە چوارچێوەی خەباتی بزووتنەوەی ژنان لەسەر ماف و داوا سێنفییەکانی خۆیاندا ڕەوایەتی زۆرتری، بۆیە ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران لەو جووڵانەوە و بزووتنانەی کە ژنان تێدا بەشدارن و ڕۆژانە لە شەقامی شارەکان و لە شاخ و گشت سەنگەرەکانی تریش بە دژی یاسا دژەمرۆڤانەکانی ئەو ڕێژیمە دەخرۆشن، ترسی زیاتری هەیە و ئەم ڕەوتەش لە کوردستان زیاتر لە هەرێمەکانی تری وڵاتی ئێران بەردەوامتر و بەهێزترە.

 

ڕێژمی ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی دەسەڵات و حکوومەتێکی تێئۆکراتیک و دیکتاتور و لە سەرەتا و دەستپێکی بنا‌غەی ئەو ڕێژیمە بە ژندژایی (زن ستیزی) دامەزراند و یاساکانی سەرپۆشی زۆرەملێ، ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی یاسای پاڵپشتیکردن لە ژنان و بنەماڵە، مارەکردنی کچانی تەمەن نۆ (٩) ساڵ بەپێی یاسای ئایینی ئیسلام و دەیان یاسای تر بە دژی ژنان  لەلایەن ناوەندی یاسادانانی ڕێژیمەوە پەسەند کران و بە فەرمی لە یاسای بنەڕەتی ئەو ڕێژمەدا گونجان کە دژاورترین و سەرەڕۆیترین خاڵیان بە زۆریملێکردنی سەرپۆش و دەستێوەردان و دیاریکردنی شێوەی جلوبەرگی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا بوو کە هەر لە سەرەتاوە ژنانی ئێران بەتایبەتی لە کوردستاندا بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و دواتر بووبە بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی ژنان لە ئێراندا و لە کوردستانیش ئەو بزووتنەوەیە تێکەڵ بە بزووتنەوەی نەوەتەوەیی دێموکراتیکی گەلی کورد بوو کە تاکوو ئێستاش نەتەنیا بەردەوامە، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر و زیاتر پەرە دەستێنێت.

 

لە کۆمەڵگای وڵاتی ئێراندا کە لە ئێستادا یاسایەکی دژەژن سالارە و هەر لە بناغەوە لەسەر ژندژایی دامەزراوە و ئەو یاسایانە بوونەتە بەشێک لە کولتووری نوێی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە و بەتایبەتی شوێنکەتووانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، جیا لەوەی کە بووەتە هۆی سەرهەڵدان دەیان و سەدان دیاردەی قیزەونی کۆمەڵایەتی، ئەو یاسا دواکەوتووانە بوونەتە گەورەترین لەمپەر لە بەردەم سەرکەوتنی ژنانی وڵاتی ئێران هەم لە ئاستی نێوخۆیی و هەمیش لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، ئەم هۆکارانەش وای کردووە کە ژنان لە وڵاتی ئێراندا باوەڕبەخۆبوونیان و پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست بدەن و یان ڕوولە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بکەن یان بە ناچاری ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن، بەتایبەتی ژنانی خوێندەوار کە زۆرتر لە هەموو چێن و توێژێکی کۆمەڵگا مەترسیان بۆ سەر دەسەڵاتی ڕێژیم هەیە.

 

لە کۆتاییشدا پێویستە ئەوە بوترێت کە هەر بزووتنەوەیەک ژنان تێدا بەشدار نەبن بە ئاکام ناگات و هەر کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکیش مافی ڕەوای ژنانی تێدا ڕەچاو نەکرێت، ئاسایش و ئارامی تێدا جێگر نابێت و سەقامگیری بە خۆیەوە نابیبێت.