ژنان و چەکی کۆکوژ

ژنان و چەکی کۆکوژ

نوسین: خەزان

گەشەسەندن و بەکار هێنانی چەکی کۆکوژ و میکرۆبی دۆخێکی چەقبەستوو و کۆنکرێتی بە سەر ڕەوتە فمینیستی و بزاوە ژنانەکاندا هێناوە.


چوار شەپۆلی فمینیستی لە جیهاندا لە سەدەی ڕابردودا گۆڕانکارییەکی بەربڵاویان لە سەر دۆخی ژناندا بە شێوەی ئەرێنی پێکهێنا بەڵام چەکە ئوتومییەکان پیاوسالارییەکی شاراوە و تۆقێنەریان لە ئاستێکی جیهانیدا درووست کردوە کە مافی ژنانیان لە بەستێنێکی دیاریکراودا بەرتەسک کردۆتەوە.چەکی کۆکوژ بۆ شەڕ و چاوترساندن دەبێ.زاتی ژنانیش بە پێچەوانە دژی شەڕ و خوێن ڕشتنە.


هەتا چەکی کۆکوژ لە ئارادا بێ مەترسی شەڕ و هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزی هەیە، شەڕ دیاردەیەکی پیاو ڕەهەندانەیە و هەر لە سەرەتای ژیانی بە کۆمەڵی مرۆڤەکانەوە دیاردەگەلی وەک ڕاو کردن، چەک وچۆڵ درووست کردن، شەڕە خێڵەکیەکان و شەڕە گەورەکانی ئەدیان و ،،، هەر هەمووی لە دایک بووی هزری پیاوانەیە و ژنان کەمترین ڕۆڵیان لە درووستکردنی ئامرازی شەڕ و هەڵگیرسانی شەڕدا هەبووە. داوێنی ژنان مەکۆی زاوزێ،پەروەردەکردن،ئاشتی و ژیانە. هەر وڵاتێک خاوەن چەکی کۆکوژ بێ لە ڕاستیدا هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەوەدا کێشەی سیاسی هەیە. شەڕ هێمنایەتی ژنان دەخاتە مەترسییەوە و دەسکەوتەکانیشی لێ ئەستێنێتەوە.


ئەوەی لەم چاخەدا گرنگە هەڵوێستی ژینگەخوازانە و یەکدەستی جیهانیە لە دژی دروستکردنی ئەو چەکە وێرانگەرە. ئیکۆفمینیزم وەک ڕەوتێکی زانستی بە شێوەی ڕێژەیی خوێندنەوەی لە سەر ئەو بابەتە کردوە بەڵام لەو سەردەمەدا کە هەموو جیهان لە دژی دروستکردنی چەکی کۆکوژ لە دژی کۆماری ئیسلامی وەدەنگ هاتوون ئەرکی هەموو ڕەوتە فمینیستییەکانە لە دژی کۆماری ناتەندروستی ئیسلامی هەڵوێست بگرن و وەکو ژنانی مافخواز و ئاشیخواز ئەرکی ژنانە و ئیخلاقی خۆیان بە جێ بهێنن هەتا مێژوو و نەوەی داهاتوو بە نابەرپرس ناویان نەبەن. ژنان دەبێ بە هۆی هندێک مافی  سەرەتاییەوە نەبنە چەکدار و سەربازی لەشکری نەحسی پیاوسالاری.


ورووژاندنی ئەو بابەتە(دژایەتی چەکە کۆکوژەکان ) ئەرکی هەموو ڕێخراوە فمینیستییەکانە کە سنوورەکان ببەزێنن و بە یەک دەنگی نییەتە ناپاکەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئایدۆلۆژیاکەی بە ئەندازەی چەکە کۆکوژەکان بۆ مرۆڤایەی خەسارمەندە، لە قاو بدەن.