بانگهێشتنامەی یەکیەتیی ژنان لەسەر زمان و پاراستنی زمانی دایکی

بانگهێشتنامەی یەکیەتیی ژنان لەسەر زمان و پاراستنی زمانی دایکی

زمان لە هەر وڵات و لە نێو هەر نەتەوەیەکدا،  وەکوو یەکێک لە توخمەکانی پاراستنی نەتەوە و پێکهاتەی شوناس هەژمار دەکرێت.مرۆڤەکان بە زمانی دایکی خۆیان بیر دەکەنەوە و توانا و پەیوەندیە سەرەتاییەکانیان لە ڕێگەی زمانی دایکیەوە نیشان دەدەن. منداڵان وەکوو هەستیارترین چینی کۆمەڵگا و لە پەیوەندی لەگەڵ زمانی دایکی و فێر کردن بە زمانی دایکی یەکەم قوربانیەکانی دەستی رژیمی توتالیتێری ئیرانن، هەر لەو پەیوەندیەدا، ئەندامانی کۆمەڵگا بە تایبەت باوک و دایک گرینگترین بەرپرسیارەتیان بەرانبەر بە داهاتووی منداڵان لە ئەستۆیە.


هەروا کە ئاگادارن، رژیمی ئێران دەیهەوێت هاوکات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی جەستەیی و ئامادەیی منداڵان پێش لە چوون بۆ قوتابخانە، بەرنامەیەک بە ناوی(تست بسندگی زبان فارسی) لەسەر منداڵان بەرێوە بەڕێت.ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە ڕاستای پلانە فاشیستی و دژە مرۆییەکانی ئەو رژیمەیە و لە درێژەی پاکتاوی نەتەوەکانی دیکەی ئیران و پێشێل کردنی ئاشکرای مافە ڕەواکانیانە.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەساسی مافی ئینسانی تاکەکان و بە پشت بەستن بە جارنامەی مافی مرۆڤ لەو بڕوایەدا کە جێبەجی کردنی ئەم بەرنامەیە دەچێتە خانەی سەرکوتی زیاتری ئەندامانی کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو زەرەرمەندی سەرەکی ئەم پلانەیە.هەر بۆیە داوا لە ئەندامانی کۆمەڵگا دەکات لە هەر ڕێگایەکەوە دەتوان دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەم بڕیارە دەرببرن و بەرپرسیارەتی خۆیان بە نسبەت داهاتووی کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو بەجێ بگەیێنن.

 

هەر بەم بۆنەوە، ئێمە وەکوو یەکیەتی ژنان بە دامەزراندنی کەمپینێک و بڵاو کردنەوەی هەشتەگیداوا لە ئەندامانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگمان لەسەر ئەم پرسە بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە ناردنی ویدیۆی منداڵان هاوکاریمان بکەن.