ژن لە پێگەی كۆمەڵایەتی، شوناس و پێناسێكی نوێ‌‎دا

ژن لە پێگەی كۆمەڵایەتی، شوناس و پێناسێكی نوێ‌‎دا

ناهید حسێنی

پێگە ئەو دۆخە ناسراوەیە كە تاك تێیدا جێگر بووە و پێگە كۆمەڵایەتیەكان لەمرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە بەپێی جیاوازی تایبەتمەندییەكانیان جیاوازن و شوناسی كۆمەڵایەتی مرۆڤەكان دیاری دەكەن و كاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر ژیانیان.

گەلێ‌ جار رەگەز وەك پێگەیەكی سەرەكی دەبێتە پێناس بۆ توانایی مرۆڤ و رەگەزی مێ‌ لەكۆمەڵگە دواكەوتوەكاندا پێناسەكەی دەكەوێتە ژێر كارتێكەری پێگەكەیەوە بەبێ‌ ئەوەی رەچاوی رادەی تواناییەكانی بكرێت و لەلایەن كۆمەڵگەی پیاوسالارەوە هەوڵ دەدرێ‌ بۆ دوورخستنەوەی زیاتری رەگەزی مێ‌ لەئاستی تواناییەكانی و لەئەنجامدا پاسیڤ بوون و ناهۆشیاری و  بێئاگایی لەتواناییەكانی خود و ملكەچی و كۆیلایەتی بەرامبەر بەرەگەزی نێری لێ‌ بەرهەم دێت و  هەروەها قبوڵ كردنی روانینی لەسەرەوە بۆ خوارەوە و  بینینی ژن وەك رەگەزی دووهەمێك كە زۆر دواكەوتووترە لەرەگەزی یەكەم واتە پیاو. دیارە لێرەدا مەبەستم پێگەی سەرەكییە، ئەگەرنا، هەر مرۆڤێك دەتوانێت خاوەنی چەندین پێگە بێت، بەڵام بەهۆی سەرەكیترین پێگەیەوە پێناسی بۆ دەكرێت و دەبێتە پێگەی كۆمەڵایەتی ئەو مرۆڤە.

زۆر جار چەند پێگەیی لەخۆیاندا پارادۆكسێك لەكەسایەتی دەرەوەی تاكدا دروست دەكەن، مرۆڤ دەتوانێت پێگەیەكی باڵای كۆمەڵایەتی هەبێت، بەڵام لەناو جەماوەردا ئەو پێگەیەی نەبێت. بۆ نموونە دەسەڵاتدارێكی باڵا لەوڵاتێكدا دەكرێ‌ پێگەیەكی جەماوەریی ئەوتۆی نەبێت و ...هتد.

بەم روانینەوە بۆ پێگەیەكی سەرەكی بۆ مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی لەكۆمەڵگەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامە كە مێژوویەكی دوور و درێژ، دەسەڵات و  دابەشكردنی دەسەڵات، میرات و مڵكداریەتی و خواستی پاوانكردنیان و هەروەها گەلێ‌ دیاردەی دیكە وەك ئایین و بیری ئایینی وەك فاكتەرێكی كۆنتڕۆڵ كردن و دەسەڵاتداریی بەسەر كۆمەڵ و بنەماڵەدا، هاوكات لەگەڵ زۆر فاكتەری دیكەدا، بوونەتە هۆی پارادۆكس لەتوانایی و دەرفەتدا و پەرێشانیی دەروونی و دابەزاندنی ئاستی پێگەی سەرەكی كۆمەڵایەتی ژنان و رەگەزی مێ‌ بەگشتی و بینینیان وەكوو رەگەزی دووهەم و بەگشتی پاسیڤ كردنیانی لێكەوتۆتەوە. سەدەی بیست و یەك شاهێدی یەكێك لەگەورەترین و كاریگەرترین بزووتنەوەكانە لەبواری خواستی گۆڕان بەمەبەستی یەكسانی ژن و  پیاو.

دەسكەوتی یەكسان لەبەرامبەر كاری یەكساندا و هەروەها رەخساندنی دۆخی كاریی بۆ ژنان بەمەبەستی سەربەخۆیی ئابووری و دەربازبوون لەكۆیلایەتی، دابەشكردنی دەسەڵات، یەكسانی لەبەرامبەر یاساداو....هتد، لەو خواستانەن كە دروشمەكانی ئەو بزووتنەوە پێكدێنن. رەوڕەوەی ئەم بزووتنەوە بەرفراوانە لایەنگرانێكی زۆری لەهەردوو رەگەزەكە هەیە و كەم نین ئەو پیاوانەی باوەڕیان هێناوە كە پێشكەوتنی كۆمەڵگە بەستراوەتەوە بەپێشكەوتنی هەردوو رەگەزی پێكهێنەری كۆمەڵی مرۆڤایەتی. ئەركی سەرشانی ژنانی ئەم سەدەش ئەوەیە كە چیدی قەناعەت نەكەن بەو بەشەی لەلایەن پیاوانەوە پێیان دەدرێ‌ و هەوڵ بدەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێگەیاندنی هاوڕەگەزەكانیان و دەرفەتی هۆشیارییان بۆ بڕەخسێنن و لەرێگەی دەستەبەر كردنی پێگەی كۆمەڵایەتییەوە، شوناس و پێناسێكی نوێ‌ لەخۆیان ئاراستە بكەن.