تەوارێکی ڕیگای خۆر (شەهید چنوور)

تەوارێکی ڕیگای خۆر (شەهید چنوور)

 

نووسین: کاروان مێراوی

 

نەتەوەی کورد یەکێک لە نەتەوە مافخوراوە گەورەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و بەتایبەت ئەو بەشەی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چوارچێوەی وڵاتی ئێران و کە لە ژێردەستی کۆنەپەرستانی ڕێژیمی ئاخوندیدان زۆرتر دەچەوسێنێدرێتەوە و تەنانەت سەرتاییترین مافەەکانیان لێ زەت کراوە و مافی بنەرەتی و یاسایی خوێندن بە زمانی نەتەوەیی خۆیان کە لە یاسا شانۆییە بنەڕەتتەکانی ئەو ڕێژیمەشدا وەکوو (خویندن بە زمانی نەتەوەکانی چوارچێوەی وڵاتی ئیران) بە فەرمی ئاماژەی پێ کراوە، بەڵام ئەو مافە یاساییە نێنەتەوەییەشی  پێ ڕەوا نابینن.
 

بۆیە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد بە هەموو شیوەیەکی ڕەوا و تەریب لەگەڵ پرنسیپ و یاسا نێونەتەوەییەکاندا لە پێناو پارستنی کەرامەتی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان خەبات و تێکۆشان دەکەن، لەم پەیوەندییەشدا نەتەوەی کورد بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەوری سەرەکی دەگێڕێت و ڕۆڵێکی کارای هەیە، کە ژنانی کۆمەڵگای کوردستانیش وەکوو نیوەی ئەو کۆمەڵگایە هەر لە سەرەتای شۆڕشی نەتەوەکەمان و لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، واتە لە پاش سەرهەڵدانی کۆمەڵەی ژ ــ کاف و لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە بەشدارییەکی چالاکانە و کاریگەریان هەبووە.
 

زۆرن ئەو کچ و ژنە پێشمەگانەی کە ژیانی خۆشگوزەرانی و لاویەتی خۆیان وەلا دەنێنن و ڕوو دەکەنە سەنگەر و چیاکانی کوردستان و چەکی بەگری دەست دەدەن، کە تەنانەت سینگیشیان دەکە قەڵغان و چاونەترسانە لە بەرانبەری داگیرکەرانی خاکەکەیاندا شەڕ دەکەن و قارەمانەتی دەنوێنن، مێژووش شایەتی ئەوەمان بۆ دەدات، کە ئەرکی ئاوڕدانەوە لە بەسەرهاتی ژیان و قارەمانەتییان دەکەوێتە ئەستۆی یەکیەتیی ژنان، بەڵام لەم وتارەدا تیشک دەخرێتە سەر ژیاننامەی تەوارێکی ڕێگای خۆر بە نێوی شەهید "چنوور مێراوی" کە گیان و ژیانی کردە قەڵغان لە پێناو نەتەوە و نیشتمانەکەیدا و ئێستاش دێڕەکانی مێژوو چیرۆکی حەماسە و ئازایەتییەکانی بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەڵێتەوە.
 

شەهید چنوور، یەکێک لەو ژنە نیشتمانپەروەرانە بوو و لە تەمەنێکدا چەکی شۆڕشی کردە شان، کە لە سەرەتای لاویەتی و هەرزەکاەیەتیدا بوو و کچە هاوتەمەنەکانی ئەو لە نەتەوە سەربەخۆ و سەربەسستەکا جیهانندا خەریکی خۆشگوزەرانی و دڵداری و هەرزەکاریەتی بوون، بەڵام شەهید چنوور وەکوو زۆربەی کچانی دیکەی ڕیزەکانی شۆڕشی کوردستان، نیشتمانەکەی کردە دڵداری خۆی و لە پێناویشیدا گیانی شیرینی سەبەرزانە بەخت کرد.
 

تەورێز ڕە‌حمانی، ناسراو بە "چنوور مێراوی"، لە ساڵی ٢٦٧١ی کوردی بەرانبەر بە ١٣٦٥ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی هەژار و نیشتمانپەروەر، لە ئاوایی مێراو، سەربە ناوچەی "ژاوەرۆ"ـی سنە، لەدایک بووە.

 

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران وبە تاڵانبردنی ئەو شۆڕشە لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندیی مەلاکانی تارانەوە و دامەزراندنی ڕێژیمێکی تێئوکراتیک و ئیسلامی وهێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و نیستمانی کوردەکان بە هۆکاری ناڕەزایەتی و ڕەوایینەدانی نەتەوەی کورد بە حکوومەتە دیکتاتۆرییەتە، "چنوور" وەکوو کچێکی دڵسۆز هەستی بە مەینەتی وبەشخۆراوی گەلەکەی دەکات، بۆیە لەو دۆخەشدا وەکوو تاکێکی کورد هەست بە بەرپرسیارەتی و شوێندانەری خۆی دەکات و لە پاییزی ساڵی ٢٩٨٦ی کوردی بەرانبەر١٣٦٥ی هەتاوی، لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە چیاکانی کوردستاندا چەکی بەرگریی دەکاتە شانی وتا کاتی شەهیدبوونی لە پێناو پاراستنی نەتەوەکەی خەبات دەکات.
 

شەهید چنوور، لە دەورەی پێشمەرگایەتیدا کەسێکی خۆشڕوو و وفادار بە ڕێباز و گەلەکەی بووە، هاوسەنگەرەکانی دەیگێڕنەوە کە لە دەورانی پێشمەرگایەتیدا زۆر حەزی لە فێربوونی هەموو بوارەکاندا هەبوو وهەردەم هەوڵی خۆپەروەردە کردن و خۆپێگەیاندن داوە، هەر بوێە لە ڕیزی هەموو هاوسەنگەرەکانیدا کچێکی خۆشەویست بووە.
 

لە ساڵی ٢٦٨٨ی کوردی بەرانبەر بە ١٣٦٧ی هەتاوی، لەگەڵ پێشمەرگەیەکی تری حیزبی دێموکراتدا  بە نێوی"ڕەحمەت" کە خەڵکی ناوچەی سەقزبووە، ژیانی هاوبەش پێک دەهێنن، کە بەداخەوە ئەو ژیان پڕبەرامەیان ماوەیەکی زۆری نەخایاند و هاوکات پێکەوە لە یەک پێسپێردراوی حیزبیدا تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوون.
 

شەهید چنوور، لە ساڵی ٢٦٨٩ی کوردی بەرانبەر بە ١٣٦٨ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ شەهید "ڕەحمەتـ"ـی  هاوژینی و تیمێکی پێشمەرگە، بۆ ئەرکێکی پێسپێردراوی حێزبی (مەئموریەت) دەنێردرێتەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە  لە ڕێکەوتی١٠ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا، لە چیاکانی کاکەیان و کەمەرە سیاوی سەقز لەگەڵ هێزە تیرۆریستییەکانی ڕێژیم بە چاوساغی بە کرێگیراوە خۆفرۆشە کوردەکان، دەکەونە شەڕ و پاش شەڕێکی قارەمانانە کە دەیان جاش وپاسداری تیرۆریستیان ڕەوابەی دۆزەخ کرد و ١٢ تیرۆریستی تریان بە دیل گرت، بەپێی وتەی هاوسەنگەرانی، شەهید چنوور  لەو شەڕەدا رۆڵێکی کارا و بەرچاوی هەبووە، کە بەداخەوە بەدەستی کوردە خۆفرۆشەکان شەهید کرا و گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی گەل و نەتەوەکەی کرد و بە خۆێنی گەشی ڕەنگی سووری بەخشییە گۆلالە سوورەکانی سەر چیاکانی وڵاتی سوورتر کرد، پەیکەری شەهید چنوور لە باخێکی گوندی "خۆردەلوکـ"ـی ناوچەی سەقز بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردراوە.

 

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید چنوور وهەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی کوردستان و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕێباز و ئامانجە پیرۆزەکانیان ​دادەنۆێنین و لەگەڵ ڕێبازی پیرۆزیان پەیمانی وەفاداری نۆێ دەکەینەوە کە درێژە دەری ڕێگا و وەدیهاتنی ئامانجەکانیان بین.