پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بۆ ئیدانەکردنی چارەنووسی نادیاری زارا موحەمەدی

پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بۆ ئیدانەکردنی چارەنووسی نادیاری زارا موحەمەدی

هاوونیشتمانیانی تێکۆشەر...

دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مروڤ...

هەروەک ئاگادارن ماوەی چەندین ڕۆژە زارا موحەممەدی چالاکی مەدەنی ڕاپێچی گرتووخانەیەکی نادیاری ڕژیمی ئێران کراوەو بی دادپرسییەکی دادپەروەرانە لە بارودۆخێکی نارووندا دەستبەسەرە، هەرچەندە ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات دەستەبەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە بە نایاسایی و دژی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت.

تاوانی زارا موحەممەدی وتنەوەی وانەی کوردی و فێرکردنی زمانی دایکییە. ڕاپێچی ئەم مرۆڤە نیشتمان‌پەروەرە بۆ گرتووخانە و چارەنووسی نادیاری ناوبراو لەکاتێکدایە کە زمانی دایکی و فێربوونەکەی لەچوارچێوەی یاسایی نێونەتەوەیدا ئاماژەی پێکراوە و لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا ئەم مافە بۆ هەموو کەس پارێزرا و چەسپێندراوە. بەڵام ڕژیمی ئێران بە بێ ڕەچاو کردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا وڕێسا نێونەتەوەییەکان، ئەم مافەی لە نەتەوە بن‌دەستەکانی ئیران زەوت کردووە و رێگرە لە بەردەم هەرجۆرە مومارسەێیکی خوێندن ونووسین بێجگە لە زمانی فارسی. تاوانبارکردنی زارا و هاوەڵەکانی بە وتنەوەی وانەی کوردی، ئەم ڕاستیە زیاتر دەردەخات کە بنەما و سیستمی دەسەڵات لەئێران، لەسەر ئیدئۆلۆژێێکی تایبەت دامەزراوە و تەنیا ئاخوندەکان دەزانن و دەتوانن ئەم پێناسەیە ڕوون بکەنەوە، چونکە لەهیچ ئایدیا و باوەڕێکدا نەهاتووە کە نەتەوە بن‌دەست و جیاوازەکان ناتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن وبنووسن.
دەسەڵاتی ئێران بە فشار و زەبروزەنگ سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و پاکتاوکردنی ئیتنیکی بەسەر نەتەوە جیاوازەکان سەپاندووە وبە تاوانبار کردنی ناوەندە مەدەنی و سنفیەکان و هەڵبەستنی تۆمەت، گەرەکی بووە هیچ دەورێک بۆ ئازادی زمان و شۆناسە نەتەوەییەکان نەکاتەوە و بە بیانووی لەمەترسی کەوتنی ئەمنی قەومی و هێرشی ڕۆژئاوا، بەئامانجی پەرەدان بە جیاکاری تا ئێستا بەردەوامە لە بەربەست دروسکردن. هەروەک چۆن لە چەندساڵی رابردوودا بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان بە باشترین شێوە لە کوردستان رۆڵیان بینیوە، بە هەمان رادەش سەرکوت و گوشار بۆسەر چالاکانی مەدەنی بە بیانووی "ئەمنیەتی" بە توندترین شێوە لە لایەن رژیمەوە وەڵام دراوەتەوە.

هەروەها سیاسەتی پاکتاویی نەتەوەیی لە بواری ئابوریی و کۆمەڵایەتیشەوە کوردستانی رۆژهەڵاتی رووبەرووی دۆخێکی ناڵەبار کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرەسەندنی دەیان دیاردە نالەبار و داڕمانی کۆمەڵایەتی کە لە هەموو ئەو بارودۆخانەش ژنان واتە نیوە‌ بێبەش و لاوازکراوەکەی کۆمەڵگا زیاترین قوربانی دەدات. چونکە رژیمی ئێران هەر‌ لە سەرەتای هاتنە سەرکاری بە کۆنتڕۆڵی کردنی نیوەی کۆمەڵگا لە هەوڵێ کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوی کۆمەڵگا دابووە و بە دارشتنی یاساکانی لەسەر بنەمایەکی دژەژن و هەڵاواردنی رەگەزی لە لایەک و بێبەشکردن و پەراویزخستنی ژنان لە سیستەمەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە لایەکی ترەوە، لەمپەری لەبەردەم هەموو رێگاکانی پێشکەوتنی ژنان داناوە و بگرە تاکەکانی کۆمەڵگا و ژنانی بە هۆی دەیان پێوەری بەدبەختی کۆمەڵگایەک گیرۆدە و زەبون کردووە ؛ هەروەک چۆن لەبەردەم دیاردەیەکی وەکوو کوشتن و خوکوژی ژنان دەنگی لێوە نایەت، بەڵام بە هۆی چالاکی مەدەنی چالاکەوانێک تەواوی ناوەندە ئەمنیەتی و هیزەکانی دەکەونە کار و هەست بە مەترسی دەکەن. لێرەدا سیاسەتی دژەژنی ئەو رژیمە زیاتر دەردەکەوێ کە بە پێ باگراوەندە فکری و یاساییەکەی، سیستەمی دەسەڵات هۆکاری سەرەکی پەرەگرتنی دیاردەی ژن کوژی و خۆکوژی ژنانە. تاوانبارانی ژن‌کوژ لە نەبوونی یاسایەکی ئینسانی ئازادانە لە کۆمەڵگا دەسوڕێنەوە، ئەو شتەی کە دەسەڵاتی دژە ژنی ئێران دەیهەوێت.

کاری ئەو ڕژیمە دەمبەستی ژنان و لە قەفەس خستنیانە و لەنوێترین تاوان و هەنگاوی دەمبەست کردنی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی هەموو ڕەنگەکان لە چوارچێوەی ڕەنگێکی ڕەشدا، زارا لە بەند دەکا بۆ چاوترسێن کردنی باقی چالاکانی مدنی. هێشتنەوەی زارا لەگرتووخانە و دیارنەبوونی چارەنووسی دوای دەیان رۆژ دەریدەخات کە رژیم بۆ سەرکوتی بزوتنەوە مەدەنیەکان لە هەموو زەبروزەنگێک کەڵک وەردەگرێ، بۆیە ئەرکی هەموو ڕێکخراوە بەشەردۆست و دامەزراوە سینفی ومەدەنیەکانە کە نارەزایەتی دەرببڕن و دەنگی زارا و دیان چالاکی مەدەنی دیکە بن.

ئێمە وەک ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات داوا لە هەموو لایەک دەکەین ببنە دەنگی زارا و بە وەڕێخستنی کەمپەین وهەرجۆرە جووڵەێکی ناڕەزایەتی، پشتیوانی لە ئازاد بوونی بکەن و نەهێڵن زارا وەک سەدان کەسی بێ تاوانی دیکە تووشی دەیان گرێ وگۆڵی دەروونی بکەنەوە ولەزینداندا بەبێ چارەنووس بهێڵرێتەوە.
هەروەها داوا دەکەین لەبەردەم پرسی ژن لە کوردستانی رۆژهەڵات بێدەنگ نەبن، چونکە ئەو پرسییە کە رژیمی ئێران دەیان ساڵە کۆمەڵگای ئێرانی پێ کۆنتڕۆڵ دەکات و بێگومان نیوەی کۆمەڵگا دەتوانێ باشترین کاریگەری لەسەر بزوتنەوەکان بێت.

ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات
٦/٦/۲۰۱۹ ی زایینی
۱٦/۱۳۸۹/۳ ی هەتاوی

ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات لە لایەن پێنج رێکخراوی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات پێک هاتووە کە بریتین لە:
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران