ژنی کورد لە نێو دۆزەخی پیاوسالاریدا

ژنی کورد لە نێو دۆزەخی پیاوسالاریدا

ن: سوێسنە ئیسماعیل نژاد

 

سەرەتا: ئەوەی دەمهەوێت لێرەدا باسی بکەم باسکردنە لەو دۆخەی کە ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگای کوردستان بوونی هەیە و بە داخەوە بەردەوام لە پەرەسەندندایە. ئەویش کوشتنی ژنانە بە بیانووی شەرەف و نامووس یان هەرشتێکیتر لە لایەن پیاوانی خێڵ و بنەماڵەوە.

 

دیاردەی کوشتنی ژنان
 

دیاردەی کوشتنی ژنان لەکۆمەڵگاکاندا دیاردەیەکی تازە نییە و تەنانەت دەشتوانین بڵێین تایبەت نییە بە کۆمەڵگای کوردی. لە هەر کوێ دیدی پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاومەزنی بوونی ببێت ئەم دیاردەیە کەم تا زۆر بوونی هەیە. لە کۆمەڵگای کوردستانیش ئەم دیاردەیە تازە نییە.

بەداخەوەزۆر جاران دەبیستین و دەخوێنینەوە کە ژنان دەبن بە قوربانی ئەم تێڕوانینە کۆن و دواکەوتوانەیە. تێڕوانینێک کە ژن وەک بوونەوەرێکی بێ ئێختیار لە ناو چوارچێوەی کۆمەڵگا و بنەماڵە و خێڵدا دەبینێت و ئەو ئیزنە بە پیاو ئەدات کە بە مەبەستی پاراستنی یاساکانی خێڵ، کۆمەڵگا، بنەماڵە و .. بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە ئەو شتەی ناوی دەنێت شەرەف، نامووس یان هەر

شتێکیتری لەم چەشنە بە هەر شێوەیەک کە بیهەوێت رەفتار و هەڵسووکەوت بکات لەگەڵ ژندا.
 

لەم ڕوانگەوە ژن بەشێکە لە موڵکی خێڵ و بنەماڵە و عەشیرە و پارێزگاری کردن لێی ئەرکی پیاوانە. ئەم دیدی پیاومەزنییە لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان لە ئێستادا زیاتر لە زۆربەی کۆمەڵگاکان درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و خەرێکی نوێ کردنەوەی خۆیەتی. کەلتوور، داب و نەریت و ئایین وەک سێ کوچکەی پشتیوانی و پشتگیری کردن لە ئایدۆلۆژیای پیاومەزنی چاویان

لێ دەکرێت و هەرسێکیان بەردەوام لە جێگۆڕگە و دان و ستاندان بۆ پتەوتر کردنەوەی بنەماكانی پیاوسالاری و پیاومەزنی لە کۆمەڵگا. 

سیستەمی پیاوسالاری ژن وەک موڵک دەبینێت و پیاو ئامادەی پارێزگاری کردنە لەو موڵکەی کە بووە بە خاوەنی.

لەم ئایدیایەدا جەستە و رۆح و کەسایەتی ژن شتێک نییە خۆی خاوەنداری بێت، بەڵکوو پیاوان خاوەنی جەستە و رۆح و کەسایەتی و تەنانەت هەستەکانی ژنن. لەم ئایدایەدا وەک وتمان ژن بوونەوەرێکی تەواو ئۆبژەیە و خاوەن ئیختیار نییە. یەکێک لە هۆکارەکانی توندووتیژی نواندنی پیاوان بەرامبەر بە ژنان لەو دیدەوە سەرچاوەدەگرێت کە پیاو خۆی بە شایستەی ئەوە دەزانێت ئەو توندووتیژییە بنوێنێت. توندووتیژی نواندنوەک ئیمتیازێکی تایبەت بەخشراوە بە ئەو وەک پیاو هیزی ئەوەی هەیە کە ئەم توندووتیژییەبنوێنێت.
 

کەلتوور و داب و نەریت و ئایین ئەو ئیزنە بە پیاو ئەدەن کە بە توندترین شێوە توندووتیژی بنوێنێت بەرامبەر بە ژنان و تەنانەت تا ئاستی کوشتنیش. ئەوەی کە پیاوێک دەستی ئەچێتە خوێنی هاوسەر، خوشک یان کچ یان دایکی، دەرئەنجامی ئەو ئیزن پێدانەیە. ئەو پیاوە خۆی بە شایستە و ئیزن پێدراو دەزانێت بەوەی کە هەرجۆرە کە بیهەوێت توندوتیژی بنوێنیت و زۆر جارانیش لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاسا ئیزن پێدەرە بەشێکە لەو سەرچاوەیەی پیاو مەزنی.


ئەم گومانی خاوەن ئیمتیازی تایبەتە یان سەرتر بوونە کە بۆی هەیە وەها رەفتارێک بکات، لەو هۆکارانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەرەپێدەر و بونیادنەری بیرکردنەوەو ئایدۆلۆژیای پیاومەزنین. ئەو پیاوەی ئەو ئیزنە بە خۆی ئەدات دەستی بچێتە خوێنی ژنێک لە بنەماڵەکەی ، بێگومان لە لایەن هێزێکەوە ئەو ئیزنەی پێدراوە، ئەویش ئەو هێزەیە کە پەرەپێدەری کۆمەڵگا و ئایدیای پیاوسالارییە. لێرەدایە جگە لە خۆ بە شایستە زانین بۆ توندووتیژی نواندن، دەبێت باس لە هۆکارێکیتر بکەین کە ئەویش هۆکاری ئیزن پێدانە. هۆكارە ئاڵۆزەكانی كۆمەڵایەتی و دەروونناسی توندووتیژی پیاوان هەر چییەك بێت، ئەو دیاردەیە بێ ئیزن وەرگرتنی ئاشكراو و یان شاراوەی لە داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، بەندە یاساییەكان، هەندێ لە ئامۆژە ئاینییەكان، ناتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات. لە بەشێكی زۆر لە وڵاتان، یاسای دژ بە ئازاردانی هاوسەر یان ئەوەیە بوونیان نییە یان ئەوەیە زۆر لاوازن، لە ژمارەیەكیتر لە وڵاتان زۆر كەم بەڕێوە دەچن، لە بەشێكیتر لە وڵاتان هەر گاڵتەجاڕن، وەك ئەو وڵاتانەی تاوانی توندووتیژی تەنها كاتێك لە لایەن دادگاوە لێپێچینەوەی لە سەر دەكرێ كە ژمارەیەك پیاو شاهیدی بدەن لە سەر ئەو توندوتیژییە، هەر وەها لەو وڵاتانەی كە شایەتی دانی ژنان بە هەند وەرناگیردرێ .

 

ئێمە زۆر جاران ئەوە دەبینین لە دەورووبەری خۆمان بەوە کە ژنێک لە لایەن مێردەکەیەوە لێی دەدرێت، یان بە توندترین شێوە توندووتیژی بەرامبەر دەکرێت، بەڵام بێدەنگەی لێدەکەین و پۆلیس و ناوەندە بەرپرسەکان لەم باباتە ئاگادار ناکەینەوە. لە بەر ئەوەی ئەو بە پرسێکی تایبەت ناو دەبەین و بە گشتی )توندووتیژی خێزانی( وەك پرسێكی )تایبەتی( ناوی لێدەبرێت. ئاخۆ دەتوانیت كەسێك بێننەوە بەرچاوی خۆتان كە دەبینێت دزی لە دووكانێك دەكات بەڵام لە بەر ئەوەی بە بابەتێكی تایبەتی نێوان دز و خاوەن دووكانەكەی دەزانێت تەلەفۆن نەكات بۆ پۆلیس؟"
 

ئەو پیاوەی ئیزن دەدات لە پارک، لە شوێنێکی گشتی بە بلۆک و چەقۆ هێرش بکاتە سەر ژنەکەی خۆی و بیکوژیت هەم ئەوەیە خۆی بە شایستە ئەزانیت و لە هەمانکاتدا رێگە پێدراوە بەوەی ئەم کارە بکات. یان ئەو باوكەی ئیزن بە خۆی ئەدات کچە ١٦ ساڵەکەی خۆی بکوژێت لەبەر ئەوەی کوڕێکی خۆش ویستووە، لەبەر ئەوەیە ئیزن پێدان هەیە لە لایەن کەلتوور و داب و نەریت و یاسا و ئایینەوە. ناکرێت هیچکام لەم لەم هۆکارانە بە کەم بزانین و لە بەرچاوی نەگرین لە پەیوەند بە کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکاندا.
 

رەنگدانەوەی ئەو بونیادە بنەڕەتییانەی کۆمەڵگای پیاوسالاری لە سیستەمی پەروەردە، سیستەمی یاساداناندا و هەروەها پڕووپاگەندە و بڵاوکردنەوەیان لە ڕێگای کتێبەکانەوەو میدیاکانەوە دەرئەنجام ئەو پیاوەی لێدەکەوێتەوە کە ئەو ئیزنە بە خۆی دەدات کە دەستی بچێتە خوێنی هاوسەر ،کچ ، خوشک و خۆشەویستی خۆی. سێ جمکی گەورەی کۆمەڵگا هەیە کە زۆر کاریگەریان هەیە لەسەر پەرەپێدانی ئەم ئایدیایە کە ئەویش وەک وترا، سیستەمی پەروەردە، سیستەمی یاسادانان و میدیاگشتییەکانە.

لە کۆمەلگایەکی وەک کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم سێ بوارە هەر سێکیان رێگە خۆشکەرن بۆ پەرە پێدانی ئایدیای پیاومەزنی و ئیزن بە پیاوان دەدەن بەوەی توندووتیژی بنوێنیت بەرامبەر بە ژنان تا ئاستی کوشتن.
 

یاسا وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕێکخەری کۆمەڵگا چاوی لێدەکرێت. یاسا ئەتوانێت وەک مێکانیزمێک چاوی لێ بکرێت کە بتوانێت بەر بە کەمبوونەوەو نەهێشتنی توندووتیژی بە هەموو فۆڕمەکانییەوە بگرێت دژی ژنان یان ئەوەی پەرەپێدەری بێت.

لێرەدایە یاسا دەوری شمشێرێکی دوولا دەگێڕێت. ئەتوانێت بەر بە توندووتیژی بگرێت یان پەرەی پێ بدات. یاسا لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و لە کۆمەڵگای ئێراندا ئیزن بەوە دەدات کە پیاوان توندووتیژی بنوێنن بەرامبەر بە ژنان ، تەنانەت ئەگەر ئەو توندووتیژییەش بگاتە ئاستی کوشتن.

تا ئێستاش ژمارەیەک لەو کەسانەی کە هەر لەم ماوەیەدا کچ، ژن یان خوشکی خۆیان کوشتووە ئازادانە لە کۆمەڵگا دەسووڕێنەوە.

"هۆزان خواهشی" کچێکی ١٦ ساڵی دیواندەرەیی کە باوکیەتی ئێستاش ئازادانە لە ناو شاری دیواندەرە دەگەڕێت و خەریکی کار و کاسبی خۆیەتی. هۆزان رۆژی ١٢ ی رێبەندانی ١٣٩٧ دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی ئەوەی کە باوکی لێیدابوو گیانی لە دەستدا.

لیدا ئەحمەدزادە، تەمەن ١٨ ساڵی مەهابادی، رۆژی ٢٨ ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ لە لایەن باوکییەوە بە تاوانی ئەوەی کوڕێکی خوش ویستبوو کوژرا. زۆر نموونەیتری هاوشێوەش هەن کە دەرخەری ئەوەن یاسا لە ئێران ئیزن پێدەری توندووتیژییە بە هەموو فۆڕمەکانییەوە دژی ژنان.
 

یەکێک لەو شتانە کە لە یاسای ئێراندا جەختی لەسەر دەکەنەوە دەبێت "سکاڵاکەر"ێک ببێت لەسەر دۆسییەکە بۆ ئەوەی کەسی بکوژ یان ئەو کەسەی توندووتیژی دەنوێنێت بدرێتە دادگا. لەئەگەری نەبوونی سکاڵاکەر دۆسییەکە دەخەوێت و بێدەنگەی لێ دەکرێت. خودی ئەم بەندە یان ئەم فەرمانە یاساییە کێشەی لەسەرەو پەرە پێدەری توندووتیژییە. بەزۆری ئەو ژنانەی دەبن بە قوربانی توندووتیژی ، لە لایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە، پیاوانەی بنەماڵەوە توندووتیژی بەرامبەریان دەکرێت. 

مەسڵەحەتی بنەماڵە وا دەکات سکاڵاکەرێک بوونی نەبێت. لە کەلتووری پیاوسالاریدا ، پیاو بە کۆڵەکەی بنەماڵە دەژمێردرێت، هەر لەبەر ئەوەی کۆڵەکەی بنەماڵە نەڕووخێت!! بێدەنگە دەکرێت لە لایەن کەسانی نزیکی کوژراوەکەوەو بکوژ بە بێ هیچ سکاڵایەک کورد گوتەنی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت و شانازیش بەخۆیەوە دەکات کە نامووسی خۆی سەندۆتەوە!!!

 

دەرئەنجام

بۆ بەرگرتن بە تەشەنە سەندن و بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە، پێویستمان بە هەنگاوی هەنووکەییو گرینگ هەیە.پێویستمان بەوە هەیە رەوشنگەری بکرێت لە ناو بنەماڵەکاندا. 

بنەماڵەکان لەوە ئاگادار بکرێنەوە کە پەرەسەندنی توندووتیژی لەم ئاستەدا تێکدەری ئەساس و بنەمای کۆمەڵگایە.

نەک خزمەت بە کۆمەلگا ناکات، بەڵکوو بە هەموو مانایەک تێکدەری کۆمەلگایە. لەگەڵ ئەوەش پێویستە لە باری زانستییەوە لێکۆڵینەوەی ورد لە سەر ئەم بابەتە بکرێت.

هاندەرەکان، هۆکارەکان و زەمینەکان بە باشی بناسرێن. کاریان بۆ بکرێت و هەوڵ بدرێن بۆ نەهێشتنیان