کتێبخانەیەک بە ناوی ژیلا حوسەینی لە شاری سەقز کرایەوە

کتێبخانەیەک بە ناوی ژیلا حوسەینی لە شاری سەقز کرایەوە

ژنان: ڕێکخراوی هیوای زانست لە شاری سەقز، کتێبخانەی "ژیلا حسەینی"ی لە گەڕەکی حەماڵاوای  ئەو شارە کردەوە.

 

بە پێی هەواڵی گەیشتوو، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۱۱ی بانەمەڕی ۱۳۹۸ی هەتاوی، ڕێکخراوی هیوای زانست، بە ئامادەبوونی هۆگرانی چاند و کەلەپووری کوردی، کتێبخانەی "ژیلا حسەینی"ی لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقزدا کردەوە.

 

لەو چالاکییەدا، خاتوو "موفیدە مەزهەر"، دوکتور "ئارمان حسەینی" و مامۆستا "زاهد ئارمی"، وتاریان پێشکەش کرد.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییەدا، چەند کەس لە ژنە شاعێرەکانی چالاک، چەند پارچە شیعریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

 

هەروەها، گرووپی سروودی قوتابییانی سەرەتایی قوتابخانەی ۷ی پووشپەڕ، بە وتنەوەی سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە. هەروەها، لە لایەن هەندێک لە میوانانەوە دەیان کتێب پێشکەشی کتێبخانەکە کرا.


ژیلا حوسەینی ژنە شاعیری نوێخوازی خەڵکی شاری سەقز بوو کە لە تەمەنی کەمدا شعر نووسینی دەست پێ دەکات و بەرهەمەکانی بریتین لە:

دیوانە شێعری «گەشەی ئەوین»، یەکەم بەرھەمی شاعیر. چاپی ساڵی ١٩٩٥

دیوانە شێعر و چەند چیرۆکێک بە ناوی «قەڵای ڕاز» ساڵی ١٩٩٩ پاش مەرگی چاپ کراوە و لە سێ بەش پێکھاتووە:

  1. 1.    پاشماوەی شێعرە کوردییەکانی
  2. 2.    ھەڵبژیردراوی کورتیلە چیرۆکە کوردیەکانی
  3. 3.    کۆمەڵە شێعرێک بە زمانی فارسی بە ناوی «باران»
  • •    وەرگێڕانی چیرۆکی «تەلەبی مەعریفەت» لە نووسینی سادقی ھیدایەت کە لە گۆڤاری رامان دا لە ھەولێر بڵاوبووەتەوە
  • •    وەرگێڕانی ڕۆمانی «دزیرە» لە فارسییەوە بۆ کوردی